١٢ی خاكه‌لێوه‌ ساڵرۆژی ریفراندۆمی "كۆماری ئیسلامی ئا یان نا؟"
١٢ی خاكه‌لیوه‌ی ١٣٥٨ ئه‌و رۆژه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌لاتدارانی رژیمی ئاخوندی وه‌ك رۆژێك بۆ مه‌شروعیه‌تدان به‌ ده‌سه‌لاتی ئاخوندی یادی لێوه‌ ده‌كه‌ن و شانازی به‌و ریفراندمه‌ پڕ له‌چه‌واشه‌ و فریوكارییه‌ ده‌كه‌ن. رژیمی تازه‌ به‌ده‌سه‌لات گه‌یشتوو له‌ دوای سه‌ركه‌وتنی راپه‌رینی گه‌لانی ئێران و خۆشكردنی به‌ستێنه‌كانی











 هاتنه‌ سه‌رحوكمی ده‌سه‌لاتێكی دینی به‌ كردنه‌ ئامرازی دین و كه‌ڵكی نابه‌جێ وه‌رگرتن له‌ هه‌ستی ئایینی خه‌ڵك له‌ ١٢ی خاكه‌لێوه‌ی ١٣٥٨ ده‌سه‌لاته‌ ناخه‌ڵكیه‌كه‌یان به‌ راپرسێه‌كی چه‌واشه‌كارانه له‌ ژێر ناوی كۆماری ئیسلامی به‌ڵی یا نا؟ یان خسته‌ به‌ر ده‌نگی خه‌ڵكی تینووی ئازادی و دیموكراسی.  له‌گه‌رمه‌ی نوقم بوون له‌ خۆشی و شادی زاڵ بوون به‌سه‌ر نیزامی دیكتاتۆری شاهه‌نشاهی زۆربه‌ی خه‌ڵك ده‌رویێك بۆ بیركردنه‌وه‌ له‌ ناوه‌رۆك و چۆنیه‌تی و ئاكامه‌كانی راپرسی ١٢ی خاكه‌لێوه‌یان نه‌بوو و به‌م شێوه‌ییه‌ ئاخوندانی فریوكار توانیان جه‌ماوه‌ر به‌ لارێدا ببه‌ن و مه‌شروعیه‌تێكی هاكه‌زایی و له‌راستی دا گاڵته‌جارانه‌ بۆ خۆیان و نیزامه‌كه‌یان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن. 











رژیمی ئاخوندی كه‌ ئه‌و رووداوه‌ به‌ مه‌شروعیه‌تی ٩٠ له‌سه‌دی خه‌ڵك بۆ سیسته‌می پیشنیاری خۆی ناو ده‌با، هه‌رگیز جارێكی دیكه‌ خۆی نه‌خسته‌ به‌ر محه‌كێكی هاوشێوه‌ و وه‌ك هه‌ر نیزامێكی دیموكراتیك و پێبه‌ند به‌ ده‌نگی خه‌ڵك راپرسیه‌كی له‌چه‌شنی راپرسی ١٢ی خاكەلێوەی رێكنه‌خسته‌وه‌ و له‌وپه‌ری بێشه‌رمی دا ساڵانێكی دوورودرێژه‌ ئه‌و به‌ناو سه‌ركه‌وتن و مه‌شروعیه‌ته‌ وه‌بیر خه‌ڵك دێنێته‌وه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك جاریش بیر له‌دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ بكاته‌وه‌. 











له‌ماوه‌ی 38 ساڵی ده‌سه‌لاتی ئاخوندان سه‌رجه‌م دروشم و به‌ڵێنه‌كانی به‌رپرسانی رژیم و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ خومه‌ینی بۆ هه‌موو جیهانیان ده‌ركه‌وت كه‌ درۆیێك بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌لات زیاتر نه‌بوو و ئه‌مرۆ خه‌ڵك به‌ راده‌یێك  گیرۆده‌ی كێشه‌ كۆمه‌لایه‌تی و ئابووری و سیاسیه‌كان بوونه‌ كه‌ ئاوات ده‌خوازن بۆ رژیمی رابردوو. 











جێگه‌ی شانازییه‌ بۆ گه‌لی كورد له‌ كوردستانی ئێران ئه‌و به‌ناو رێفراندۆمه‌ كه‌ ته‌نیا له‌ پرسیارێكی ناكارناسی و بێ واتا كورت كرابوویه‌وه‌ی بایكۆت كرد و به‌شداری تێدا نه‌كرد.











ئه‌مرۆ ئه‌گه‌ر ئه‌زموونی راپرسی ١٢ی خاكه‌لێوه‌ی ١٣٥٨ هه‌ر به‌و ناوه‌رۆكه‌ دووباره‌ بێته‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێ بارگه‌ و بنه‌ی ده‌سه‌لاتدارییه‌ نامه‌شروعه‌كه‌ی كه‌ ته‌نیا به‌ زه‌بری سه‌ركوت و كوشتن و برین راگرتووه‌، وه‌پێچێ و پێچێته‌ زبڵدانی مێژووه‌وه‌.












 

 
ڕێکه‌و 2017-04-01 15:40:31
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی