راگەێندراوی سازمانی خەبات ی كوردستان بە بۆنەی 1ی مانگی مەی رۆژی نێونەتەوەیی كرێكاران
كرێكاران و زەحمەتكێشانی ئێران و كوردستان!



یەكی مانگی مەی  هەموو سالێك  دەبێتە دەرفەت و هۆ و رۆژێك بۆ  بیرهێنانەوەو زیاتر خستنە بەرچاوی پرس و كێشە و ویست و داواكانی چینی كرێكار لە سەرانسەری جیهان تا لەو رۆژەدا رێز لە زەحمەت و رەنج و ماندووبوون و گوێ‌ لە داوا  و ویستە رەواكانیان بگیرێ‌ .



لە یەكی مەی  خەباتێكی مەزنی چینایەتی هاتەئاراوە، بەڵێ‌ ئەو  رۆژە  لەپاش خوێن و قوربانی كرێكارانی دانیشووی وەلاتی ئەمریكا لە یەكی مانگی مەی ساڵی 1886 وە خوڵقا كە تێیدا كرێكارانی شاری شیكاگۆ داوای كەم كردنەوەی سەعاتی كاریان دەكرد و كۆبوونەوەی بەربڵاوی نارەزایەتیان بەرێوەبرد و چەندین كریكار لە جەریانی نارەزایەتیەكان كوژران. لەدوای ئەو رووداوە و بەردوامی تێكۆشانی ئەو چینە زەحمەتكێشە  یەكی مانگی مای هەموو سالێك كرا بە رۆژی نێونەتەوەیی كرێكاران و لەو رۆژەدا زیاتر لە رۆژانی تر پرس و بابەتەكانی پێوەندیدار بە كرێكاران دەخرێتە بەر باس و گرینگی پێدان. 



بەداخەوە چینی كرێكاران لە هەرە چینە ستەملێكراوەكانی جیهانن و وێرای هەموو ماندووبوون و رەنجەكانیان ئەو جۆرەی كە شایان و پێویستە رێز لە ماف و ویستەكانیان ناگیردرێ‌ و ئەگەر ئەو پرسە لە زۆرێك لە وەڵاتانی دیموكراتیك یەكلایی بۆتەوە یان خود پرسی ستەمی سەر كرێكار كەمرەنگ بۆتەوە ئەوە لە هێندێك لە وەلاتانی رۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەتی وەلاتی ئێران ژیانی كرێكاران لەو پەری خەراپی و ناهەمورای دایە و كرێكار لەو نیزامە دا خاوەنی كەمترین مافەكانی تەنانەت بە مەوداێكی زۆر لە ئیستانداردە جیهانیەكان نییە. 



رژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی لە ماوەی تەمەنی دەسەڵاتداریەتیەكەی خەڵكی ئێران بە گشتی و بە تایبەتی چینی كرێكاری لەگەڵ دژوارترین هەل و مەرج و دۆخی ژیان رووبەروو كردۆتەوە. لە ئاكامی سیاسەتە شووم و نەزانانەی ئاخوندان  بارودۆخێك بەسەر ئێراندا زاڵە كە تەنانەت خاوەنی باشترین كارەكانیش لە دۆخێكی دانەمەزراوی ئابووری دا بەسەر دەبەن و بە ناچار هاوكات تاو دەدەنە دوو كار و چەندین كار بۆ هەڵسووراندنی چەرخی ژیانیان كە بە هۆی دەسەڵاتدارانی دز و جەردەی ئاخوندی لەگەڵ كەندوكۆسپی یەكجار زۆر بەرەورووبووە. 



قەیرانی ئابووری لەسەرانسەری ئێران شەپۆل دەدات و لەناویشاندا ناوچەكانی وەك كوردستان و شارەكوردنشینەكان بەهۆی سیاسەتی جیاوازایی دانەرانەی دەسەڵات لەو پەری دژواری و نالەباری دایە. ئەمرۆ كێشەی ئابووری كە بۆتە مۆتەكەی گیانی گەلانی ئێران زیاتر لە هەركاتێكی تر سەری هەڵداوەو تەنانەت رێبەری رژیم بۆ داپۆشینی سیاسەتی دوژمنكارانەی خۆی و دەست و پێوەندەكانی دەوروبەری و تاوانبار كردنی بەرپرسانی حكومەتی لە وەزعی خراپی ئابووریی، بۆچەندین ساڵی یەك لەدوای یەك ناوی ساڵەكان بە ناوی ئابووریەوە دەكرێ‌ و تێیدا لە فێل و چەواشەكارییەكی رووهەڵماڵراوانە دا داوا  لە خەڵك دەكرێ‌ جیهادی ئابووری بكەن و لەبەرانبەر قەیرانە ئابوورییەكان خۆراگر بن. 



تەحریمە نێونەتەوەییەكان، هەلاوسان، نەخدینەگی ، داكشانی ئابووری، هاوردەكردنی لەرادەبەردەری كەل و پەل و داخستن و خەوتنی ناوەندە بەرهەمهێنەرەكانی ناوخۆ، بێكاری ، گرانی ، نەبوونی بەرێوەبەریی و شارەزایی ئابووری، بەتالان بردن و بە فیرۆدانی سامانی گشتی و دانی بە ترۆریستەكانی ناوچەكە و خەرج كردن لە ئاژاوەگیریی و هێشتنەوەی دیكتاتۆرەكان لەسەر تەختی دەسەلات و بەفیرۆدانی لە بەرهەمهێنانی چەكی ناوكەیی و دەیان و سەدان كێشەی تری ئابووری ژیانی لە سەرجەم خەڵكی ئێران و بە تایبەتی چینی  كرێكار قورس و تاقەت پرۆكێن كردووە. 



لەو هەلومەرجەدا سروشتیە كە رەوشی كرێكاران لەوپەری خەراپی دابێ و هیچ ئاسویێكیش بۆ چارەسەر كردنی ئابووری نەبێ و رۆژ لەدوای رۆژیش بارودۆخیان خەراپتر بێ. لەوەش ناخۆشتر نەبوونی هیچ دەرووییەكی نارەزایەتی دەربڕین و چالاكیەكی كرێكاری لە ناوخۆی ئێران لە لایەن چالاكانی كرێكارییە و بە بچووكترین جوڵەیێك چالاكانی ئەو بوارە راپێچی گرتوخانە و لەگەڵ سەركەوت و شكەنجە رووبەروو دەبنەوە و لە مافی هەر جۆرە چالاكی و بوونی سەندیكا و رێكخستنێكی پیشەیی و مەدەنی بێ بەشن. 



 حاشا هەڵنەگرە كە رەوشی كرێكاران و چینی زەحمەتكێش لە كوردستان لە نیهایەتیدایە و ئەگەر لە هێندێك شوێن خاوەنی هێندێك هێما  بۆ بوونی یاسای كار و بیمە و … هەتا دوایین، لەكوردستان بچووكترین هێمای لەمجۆرە بوونی نییە و ئەسڵەن ناوەندێكی بەرهەمهێنان و كارگایێكی بەرچاو و ئەوتوی شایانی باس بۆ خستنە سەركاری ژمارەیێكی بەرچاو لە خەڵكی كوردستان بۆكار ، بوونی نییە و خەڵك یان روودەكەنە شارەكانی تری ئێران یا دەبێ لەسەر سنوورەكان بكەونە كۆڵبەری و هەموو مەترسی و دەرد و رەنجێك  ئەو كارە تەنیا بۆ پەیدا كردنی نانی شەویان قبووڵ بكەن. 



لە بارودۆخێكی لەمجۆرە تەنیا رێگەیێك كە بۆ سەرجەم چین و توێژە ستەملێكراوەكانی وەلاتی ئێران و كوردستان بوونی دەمێنی یەكگرتن و تێكۆشان لە پێناو رووخانی ئەو سیستەم و دەسەڵاتە سەدە نێوەراستیەی ئاخوندانە و دامەزراندنی دەسەڵاتێكی دیموكراتیك و پارلەمانیە كە هەموو تاكێكی كۆمەڵگا خۆی تێدا ببینیتەوە. 



سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران رۆژی یەكی مەی بەرز دەنرخێنێ‌ و هەر بەو بۆنەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم كرێكارانی ئێران و بە تایبەتی كوردستان دەكات و ئومید دەكەین بە خەباتی یەكانگیرانەی سەرانسەری كۆشكی ستەمی ئاخوندان برمێنین و بە سەرجەم مافە رەواكانمان شاد بین. 



 سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران



كومیتەی ناوەندی 



11ی بانەمەڕی 1396
ڕێکه‌و 2017-04-30 23:34:08
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی