بنەماكانی هەڵبژاردن و چاوخشانێك بەسەر هەڵبژاردنەكانی رژێمی ئێراندا!

ئازاد حوسێنزاده


ڕەنگە جوانترین رستە لە سەر هەڵبژاردن کە ویستبێتی بە ڕوونی لایەنەکانی ئەو پرۆسەیە روون کاتەوە و هەلیسەنگێنێ هی ئەفلاتوون فیلسوفی یونانی بەر لە زایین بێ. ئەو لەو بڕوایە دابوو کە:


" دانی مافی دەنگدان بە خەڵک وەک سپاردنی سوکانی کەشتیە بە موسافیرەکان،ئەوەش زۆر جیاوازە لە بەرپرسیارەتی دان بە خەڵکێک کە دەزانن چ دەکەن". 


ئەوە رەنگە گونجاوترین رستەیەک بێ کە بتوانێ ناواخن و کاکڵی هەڵبژاردنەکان لە رژێمی ئێراندا نیشان دا. ئاوڕ دانەوەیەکی خێرا بە سەر هەڵبژادنەکان لە کۆماری ئیسلامی ئەو ڕاستیمان بۆ دەردەخا کە هەڵبژاردن نەک تا ئێستا نەبۆتە هۆی گۆرین یان دەستاودەست پێ کردنی دەسەڵات، بەڵکوو بە تەواوی بۆلایەنی شاراوەی هەڵبژاردن هەوڵی داوە و کاری کردوە ئەویش ڕەوایەتی دانە بە دەسەڵات و مەشروعیەت وەرگرتنە لە خەڵک بۆ دەسەڵاتێک کە بنەمای حوکمرانیەکیە دژوازە لە گەڵ هەڵبژاردن و هەڵبژیران لە لایان خەڵکەوە. لەم بابەتە دا تێدەکۆشین گەر بە کورتیش بێ  هەڵسەنگاندنێک بکەین لە نێوان هەڵبژاردن وەک چەمکێکی حقوقی لە گەڵ هەڵبژاردنە ڕواڵەتیەکان لە رژیمی ئێران دا . 


پێش هەموو شتێک هەڵبژاردن ئەوەمان بیر دێنێتەوە کە بەرێوەبەرانی کۆمەڵگا یان وڵات دەبێ لە لایان خەڵک هەڵبژێردرێن تا بۆ ماوەیەکی دیاری کراو بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵگا لە ئەستۆ بگرن. ئەوەی کە دەبێتە واتا بۆ هەڵبژاردن ئەوەیە :


بەربژارەکان و هەڵبژێردراوەکان ڕەوایەتیان لە خەڵک وەردەگرن . ئەوە جیایە لە شێواز یان سیستمێک کە پێی وایە ڕەوایەتی لە لایان خوا یان نوێنەری خوا لە سەر زەوی وەردەگرن بۆ حوکمرانی. وەک دەزانرێ  لە رژیمی ئێران دا دەبێ بەر بژارەکان لە فیلتێری ولایەتی فەقیه تێپەر بن . یانی ئەوانەی (بەقەولی وان) سێبەری خوا لە سەر زەوی ڕێگەیان پێ دەدا دەتوانن خۆیان بۆ بەربژاربوون دەستنیشان بکەن. ئەمە  لە هەڵبژاردنی شۆراکانیش بە هەمانشێوە هەڵسوکەوتی لە گەڵ دەکرێ، مەرجەکان ئەوندە لە بازنەیەکی تەنگ دایە تەنانەت نێو خۆی سیستێم  دەگرێتەوەو ئەوانەشی کە هەڵسوراوی ڕێژیمن بەڵام بۆچۆنێکی جیاوازی ئایینیان هەیە ناگرتێە خۆی.


چەمکی هەڵبژاردن وەک زۆربەی چەمکەکانی تر لە یونانی کۆن وەرگیراوە. بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی تریش پێکەوەژیان  ئەوەی سەپاندوە کە کەسانێک دیاری بکرێن بۆ بە بەرێوەبردنی کۆمەڵگا تا ڕاستەوخۆ لە گەڵ ئەو ئەرکە دا خەریک بن و زۆرینەش لە ڕێگای هەڵبژاردنی کەسانی شیاو، ناڕاستەوخۆ بەشداریان هەبێ لە بەرێوەبەری دا. هەڵبژاردن لە خۆیدا گوزارشت کردنە لە ویستی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. تا هەموویان دەنگیان هەبێ ، مافیان پێشێل نەکرێ و بەشدار بن لە بەڕێوەبردنی وڵات دا. ئەوی ڕوونە لە هەڵبژاردنەکانی  رژیمی ئێران دا بە دەیان کۆسپ و لەمپەر هەیە و بە دەیان بازنە بە دەوری بازنەی تەنگی  وڵایەتی فەقیهـ دا کێشراوە و هەرچی زیاتر لە پۆستە سەرکیەکانی وڵات بڕوانین کوسپ و لەمپەرەکان زیاتر دەبن و تا ئەو جێگایە لە مەرجەکانی بەربژار بوون بۆ سەرۆک کۆمار دا  بە ئاشکرا ئەوانە دەبینرێن. 


هەڵبژاردن بەشداری  خەڵکە لە بەرێوە بردنی وڵات دا . وا دەکات خەڵک هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن بەرانبەر بە کۆمەڵگاو خۆیان لە ڕێگای بەربژارەکانیەوە لە بەرێوەبەری وڵات دا بەشدار ببینن. هەموو هەڵبژاردنێک دەبێ چەند مەرجێکی سەرەکی هەبێ کە شیاوی ئاماژە پێدانن . 


هەر کەسێکی بەشدار دەتوانێ دەنگێکی هەبێ.


هەموو کەس دەتوانێ جارێک لە هەڵبژاردن دا بەشداری بکا . 


هەموو دەنگەکان دەبێ وەک یەک حیساب بکرێن.


دەبێ ئەو متمانەیە بدرێ بە دەنگدەران کە دەنگەکەیان شاراوە دەمێنێتەوە . 


نابێ دەنگەکان بگۆردرێن، لە ناویان ببەن و نابێ دوای تەواو بوونی هەڵبژاردن دەنگێکی تری پێوە زیاد بکرێ.


خەڵکی بەشدار لە هەڵبژاردن مافی ئەوەیان هەیە بۆ دڵنیا بوون لە پێکهاتنی خاڵەکانی سەرەوە هەر کاتێک بیانهەوێ وردبینی بکەن  تا بتوانن متمانە بە هەڵبژاردن بکەن.


لایەنی دەسەڵاتدار لە ڕێگەی  هەندێ کردەی تێکدەرانە زۆر جار تێدەکۆشن ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندی خۆیان بگۆرن . ئەو بابەتانە کە دەبنە هۆکاری ئەوەی کە هەڵبژادن نایەکسان بێت بۆ لایەنەکان بەربژار لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەت ئێران زۆر بەرچاون . نەبوونی زەمینەی لەبار بۆ گوتووێژی سیاسی کراوە هەروەها نەبوونی ئازادی لە راگەیاندنەکان دا و ئازادی ڕادەربڕین، دانان یان هەبوونی یاسای نابەرابەر بۆ هەڵبژاردن ، گرتن و تۆقاندی یان تیرۆری خەڵک و بەربژارە ناکۆکەکان لە سیستێمی حاکم، دەسکاری کردن و ئاراستە پێدانی کێبەرکێ کانی هەڵبژاردن و ... هتد بابەتگەلێكن کە ڕەوایی و عادڵانە بوونی هەڵبژاردنەکان دەخەنە ژێر پرسیار. 


 (گەرچی تا ئێستا لە هەڵبژاردنەکانی رژیمی ئێراندا کێبەرکێ نەبوە و هەمیشە لایەنێک بەشداری کردوە و سەرکەوتوو بوە لە هەڵبژاردن دا و تەنیا ئەو لایەنەش بۆی هەبوە بانگەشە بۆ خۆی بکات و لە دەزگاکانی راگەیاندن وڵات کەڵک وەرگرێ).


هەڵسەنگاندنی ئەو خاڵەنە بە گشتی بۆ خوێنەری ئەو بابەتە دێڵینەوە . بەڵان دەتوانین چەند پرسیاری سەرەکی ڕووبەڕووی هەڵبژاردنەکان لە رژیمی ئێران دا بکەینەوە:


رەوایەتی وەرگرتن لە یاسایەکی ئاسمانی لە خۆی دا بە واتای بێ بروایی و رەد کردنەوەی تەواوی بنەماکانی هەڵبژاردن نیە؟


لە کاتێک دا لە ئێراندا بە تەنیا یەک نەتەوە بە بۆچوونێکی سیاسی تایبەت ناژی و ئەو ووڵاتە فرە چەشن و فرە نەتەوەیە ، سەپاندنی بۆچونێکی تایبەت و گوشار و قەدەخە خستنە سەر ئەوانی تر زەمیەیەکی عادڵانەیە بۆ بەشداری هەموو لایەنەکان ؟


لە ئەگەری بڵاو کردنەوە و پەرە پێدانی هەژاری و فەساد لە کۆمەڵگا دا بۆ زووتر دەرکەوتنی ئیمامی زەمان و تێوەگلانی خەڵک لە نەهامەتیەکان و رێگەنەدان بە خەڵك بۆ ئەوەی پێناسەی ئەرك و مافەكانی خۆی بكات و جێبەجێ یان بكات، زەوت كردنی ئازادیەكان، ئاخۆ خەڵکی بەشدار لە هەڵبژاردن دا وەک موسافیرەکانی گەمیەکەی ئەفلاتوون نین؟


 
ڕێکه‌و 2017-05-04 09:57:12
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی