نا بۆ شانۆی هەڵبژاردن، بەڵێ بۆ تەحریم!

رێبوار حسینی



کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە رەوتی هەڵدان و پێگەیشتن و پێشکەوتنی خۆیدا زۆر قۆناغ و هەوراز و نشێوی بڕیوە تا بگاتە ئەو ئاستەی کە مرۆڤەکان بە هەموو دەنگ و رەنگ و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانەوە ژیانێکی  بە متمانە و ئاسوودە لە کەش و هەوایێکی مرۆڤانەدا بەسەر بەرن و رێز لە بەها و ماف و ئازادیەکانی یەکتر بگرن. مرۆڤ کە بوونەوەرێکی خاوەن هەست و سۆز و توانای هزری بەهێزە و بەردەوام لە ئاڵوگۆڕی ژێنگەی خۆیدا داهێنان دەکا و لە گەڵ رەوتی رووداو و پێشهاتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و بابەتە زانستیەکان دا دەڕوا و تیکنیک و داهێنانی گەیاندۆتە خێرایی تیشک و توانیویەتی تیشکیش رام و دەستەمۆی هێز و وزەی بێ سنووری خۆی بکات.  لە باری میهرەبانی و خۆشەویستی و رێزەوە هەر بە خودی خۆی کە مرۆڤە نەوەستاوەتەوە و یاسای چاودێری و پاراستنی ژینگە و ئاژەڵیشی کردۆتە بنەما و ژێرخانی بەردەوامی ژیان و پاراستنی ژینگەی گشتی  مرۆڤایەتی  و تێکڕای بوونەوەر و روەک و ئاو و هەوا و سەرچاوە سروشتیەکانی سەر زەوی و ژێر زەوی. بۆ راگرتن و بەرەوپێش چوونی ئەو شتانە لە سەر بست و تەوەرێکی گونجا و شیاوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، بەرنامە و یاسا و رێسا و دەسەڵاتی بەڕێوەبەری و دادوەری و پاریزگاری  گەرەکە و ئەم یاسا و رێسایانەش دەبێ بە جۆرێک رێک بخرێن کە هەموو چین و توێژەکانی مرۆڤایەتی ماف و ئازادیەکانی خۆیانی تێدا ببینن و لە سۆنگەی ئەو دەسەڵات و یاسایانەوە بتوانن ژیانێکی شایانی مرۆڤایەتی سەردەم و پیشکەوتوویان هەبێ و دەستیان بە هەموو پێداویستیەکانی ژیان و بڕیاردان لەسەر بەڕێوەبەری  وڵات و دەسەڵات و تێکڕای زانیاریەکان رابگا. دەسەڵات و بەریوەبەرانی وڵات و کۆمەڵگا دەبێ لەلایەن چین و توێژەکانی کۆمەڵگاوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی نهێنی و لە کەش و هەوایێکی تەواو ئازاد و دیموکرات دا لە ژێر چاودێری ئۆرگان و ناوەندی بێ لایەن و دیاریکراو بۆ ئەو  مەبەستە بە بەرچاوی راگەێنە گشتیەکانەوە بەڕێوە بچێ و چین و توێژە جۆراو جۆرەکان بە بێ ترس و دڵەراوکێ نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن و پاڵاێوراوانیش کەسانی سەردەرچوو و جێگای متمانەی خەڵک و دڵسۆز و خەمخۆری نەتەوە و نیشتمان و دوور لە هەستی پاوانخوازی و مەسڵەحەت پەرەستی  بن . خۆ بە ئەمانەتداری دەنگدەرانیان بزانن و ویست و داخوازیەکانیان بهێننە جێ و لە بەرانبەر هەر جۆرە نا عەداڵەتی و کەمتەرخەمیەێکی دەسەڵات دا بێ دەنگ نەبن و نەهێڵن ماف و ئازادیەکانی جەماوەر و تێکرای دانیشتوانی نیشتمانیان، خاوەنی هەر بیر و باوەڕ و ئایین و زمان و فەرهەنگ و نەتەوەیێک بن، پیشێل بکرێن و تاقمێک بەسەر تاقمێکی تر دا مەزنایەتی هەبێ و ناوچەیێک لە ناوچەێکی تر ئاوەدانتر و خاوەن پێداویستی پتر بێ، تا بەم شێوە عەداڵەتی کۆمەلایەتی و فەرهەنگی و ئابووری و ...هتد وەک پێویست بەڕێوەبچێ و ئازادی و بەرابەری ماف و دڵنیایی و ئاسوودەیی باڵ بەسەر کۆمەڵگادا بکێشی و مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵگا بەرەو رووخی پێشکەوتن و پێگەیشتن و داهێنان و ئاوەدانی ،سەوڵی پاپۆڕی بەختەوەری لێدەن. ئەگەر بمانەوێت بە وردی و  تێر و تەسەلی لەم بارەوە هەموو رەهەندەکان پێوسەر بگرین و بچینە وردیاتی ئەو باس و بابەتانەوە، دەبێ چەندین کۆڕ و سیمینار پێک بهێندرین و کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و بە ئەزموون بۆ ئەم کارانە راسپێردرێن  تا وەک پێویست و بە شێوەی زانستیانە ئەو بابەتانە شیکاری بکرێن  و  باشترین سوودیان لێوەرگیرێ و تاکەکانی کۆمەڵگا لەو بارانەوە تێبگەێندرێن و رێنوێنی بکرێن. ئەوەی کە من لەم بابەتەدا مەبەستمە باسی بکەم و لەسەری بدوێم  بابەتی هەڵبژاردن و خۆ بەربژێر کردنە لە نیزام و دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیە دا. ئەو نیزام و دەسەڵاتەی کە بناغە و بناوانەكەی لە سەر دژایەتی ئازادی و ئاشتی و مافی مرۆڤ  بە گشتی و چین و توێژە ماف پێشێلکراوەکانی  بن دەستی دەسەڵاتی نارەوا و دیکتاتۆری ئاخوندی  لە ئێراندا دامەزراوە و لە بیر و هزری دواکەوتوانە و چەقبەستوی خورافاتی ئاخوندەکانی خاوەن دەسەڵات لە ئێران دا سەرچاوەی گرتوە. رەنگە زۆربەی زۆرمان لە بیرمان بێ کە ئەم نیزام و دەسەڵاتە هەر لەسەرتای هاتنە سەرکاریەوە بە کۆڵێک وادە و شیعاری بە زاهیر جوان و دڵخۆشکەر و لە ناوەرۆک دا بۆ مەبەستی پاوانخوازی و زاڵ بوون بە سەر چارەنووسی گەلانی وڵات و برەو دان بە دواکەوتوویی و دژایەتی لە گەڵ زانست و زانین و ئاودانی و پێشکەوتن و پێگەیشتنی خەڵک و ئاوەدانی وڵات دا خۆیان نیشان دا. رژیمی ئاخوندی و نیزامی ویلایەتی فەقیە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی شوومی ئاخوندەکان و برەودان بە خەتی خورافی و دوور لە مەنتیق  و دژایەتی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، ئەو مافە بە خۆی دەدا كە بەرژەوەندی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەستنیشان بکا و دەسڵات بە گشتی و رێبەری نیزام بە تایبەتی، نوێنەری خودا و داڕێژەری یاسا و رێساکانی وڵاتن و بێجگە لەوان کەس ناتوانێ و بۆی نیە لەسەر چارەنووسی خۆی و نیشتمان و پێوەندی مرۆڤەکان بە دنیای ناوەوە و دەرەوە بڕیار بدا . یاسای بەڕێوەبەری و بەڕێوەبەرانی ئەو یاسایە، هەر لە سەرۆک کۆمارەوە بگرە تا  ئەنجومەنی بەڕێوەبەری وڵات و شورای شار و گوندەکان  دەبێ لە لایەن وەلی ئەمری وڵات و شورای بەرژەوەندی نیزامەوە  پەسند و دەستنیشان بکرێن. ئەگەرچی لە هەموو دەروەکاندا شانۆی بەناو هەڵبژاردن و  خۆپالاوتن بۆ پۆست و ناوەندەکانی بەڕێوەبەری وڵات بەڕێوە دەچی، بەڵام ئەوانەی کە دەبێ نوێنەری راستەوخۆی چین و توێژەکانی  جەماوەر بن ، سەرەرای ئەوەی کە لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و خەلک متمانەیان پێدەدا و بە نوێنەری خۆیانی دەزانن تا بتوانن لە بەڕیوەبەری وڵات و بۆ داکۆکی سەر دابین کردنی ماف و ئازادیەکانیاندا دەور ودەنگیان هەبێ، مادام لەلایەن شورای نیگەهبان و ئۆرگانە باوەڕ پێکراوەکانی نیزامەوە جێگای باوەر نەبن سەر بەدام و دەزگا داپڵوسێنەر و خوێنڕێژەکانی دەسەلات و یاری وەفاداری ئیمامی ئومەت نەبن، رەددی سەڵاحییەت دەکرێن . ئەم ڕەوت و رەوییە هەر لە سەرتای هاتنە سەر كاری رژیمی ئاخوندیەوە برەوی هەبوە و هەیە. لەسەر ئەو تێڕوانینانە لەمەڕ دەسەڵاتی ئاخوندی لە ئێراندا ، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ، وەک لایەنێکی دژبەری سەرەکی  نیزامی ویلایەتی فەقیە لە هەموو دەورانەکانی شانۆی هەڵبژاردنەکانی دا هەڵبژاردنەکانی تەحریم کردوون و داوای لە کۆمەڵانی خەڵک بە گشتی و ئەندام و لایەنگرانی خۆی لە ناوەو دەرەوەی وڵات کردوە کە بەشداری نەکەن و نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە تەجروبە بۆی دەرکەوتوە کە دەنگدان بەم نیزام و دەسەڵاتە و بەدەمەوە چوونی داوخوازیەکانی رژیم،  برەو دان بە دەسڵاتی رژیمە لە پێناو هەرچی زیاتر ماڵوێرانی و کوشت و بڕ و دواکەوتوویی و خوێن رشتن.  بەشداریکردن و دەنگدان لەو شانۆگەریانە دا قایمکردنی داری سێدارە و هەڵاوەسینی پەتی خنکاندنی زیاترە . چونە سەر سندوقی دەنگدان  وەزەدانە بە جەللادەکانی  رژیم لە شکنجەگاکانی   زیندانەکانی  رژیم کە لەواندا باشترین رۆڵەکانی گەلانی ئێران شکنجە و هەتکی حورمەت دەکرێن. دەنگدان بە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی دەسلاتی ئاخوندی دەنگدانە بە کویلەیی و ژێر دەستی و ماف پێشێلکراوی. دەنگدانە شەڕ و شۆر ، بە ماڵوێرانی، بە هەژاری و بێ دەرەتانی. دەنگدانە برەودان بە مادە هۆشبەرەکان، بە بێکاری، بە دژایەتی ئازادی و مافی بەرابەری تاکەکانی کۆمەڵ. دەنگدانە بە دژایەتی  زانست و زانیاری، پێوەندی پێشکەوتنی گەڵان، دەنگدانە بە دوورکەوتنەوە لە کاروانی بەرەو پێشچوونی مرۆڤایەتی و دیموکراسی و بەرابەری. دەنگدانە بە بێ رێزی بە پەیڕەوانی بیرو باوەڕ جیاوازەکان و ئایینە جواراوجۆرەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. دەنگدان بە ویست و خواستەکانی رژیم دەنگدانە بە هەڵایساندنی ئاگری دژمنایەتی و دووبەرەکی  لە نێوان گەلانی  جیهان بە گشتی و گەلانی ناوچە کە بەتایبەتی. دەنگدان و بەشداری کردن و چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، دەنگدانە بە مانەوەی دەسەڵاتی رەش و خوێن رێژی ویلایەتی فەقیە. دەنگدانە بە دژایەتی لە گەل ژینگە و جوانیەکانی سروشت . رژیمی ئاخوندی لە ئیستادا لە هەموو کات زیاتر تڕۆ و بێ مایەو و لاوازە و دەیهەوێت بەو شانۆگەریانە  وانیشان بدا کە دەسڵات و بەڕێوەبەرانی وڵات و دەسەڵات، جێگای متمانە و خۆشەویستی کۆمەڵانی وڵاتن و ئەم متمانەو خۆشەویستیەش  ئاکام و بەرهەمی  سیاسەت و یاساکانی نیزامە. با بە نەچوون بۆسەر سندوقەکانی دەنگ دا و تەحریم کردنی هەڵبژاردنەکان، رێ لە مانەوەی ئەم نیزام و دەسەڵاتە شوومەی مایەی نەنگی مرۆڤایەتیە بێنین و بەدەستی خۆمان پەت و سێدارەکانی دەستی رژیم بەرینتر و قایم تر  نەکەین تا لە سۆنگەیانەوە رژیم، داهاتووی وڵات سەرمایەی نەتەوەییمان  کە مرۆڤە خاوەن هەڵوێست و بە بڕیار و رووناکبیرەکانمانن بخنکێنێ و لەوە زیاتر جەرگ سووتا و پشت شکا و  هەناسە ساردمان بکات.

مرۆڤ زۆر لەوە بەرزتر و مەزنترە کە بۆ ماددیات و پلەو مقام و ژیانێکی بە زیللەت  و لە ترسان بەدەم بانگەوازی  زوڵم و بێ عەداڵەتی و دواکەوتووی و رەزالەتەوە بچێ
ڕێکه‌و 2017-05-07 14:16:54
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی