دۆخی گوزەرانی کرێکاران له ئێران و کوردستان

وریا خورشیدی

لە كەس شاراوە نیە كە رژێمی دیكتاتۆر و دواكەوتووی ئاخوندی، مافەكانی خەڵكی ئێران و كوردستانی بە تەواوی پێ خوست كردووە، جوێ لە مافی نەتەوەیی و ئازادیەكان، بەفیرۆدانی سەروەت و سامانی گشتی و پشتیوانی هێزە تیرۆریستیەكان و دەستێوەردان لە وەلاتانی ناوچەكە و جیهان، هەروەها بە تەرخان كردنی سەرمایە و داهاتی خەڵك بۆ خۆ تەیار كردن بە جۆرەها چەك و چۆڵ و دزی و گەندەڵی لە رادەبەدەر لە نێو پێكهاتەی ئەو نیزامەدا رەوشێكی قورس و نالەباری بۆ جەماوەر بە تێكرای چین و توێژەكان بەتایبەت چینی كرێكار خولقاندووەو روژ نیه گوێمان له ژێر پێ نانی حه قی کرێکاران و بڕینی قوتی ئەم چینه چەوساوه نەبێ.


كاریگەری نەدانی حەقدەستی كرێكاران و دەركران لە سەر كار و بێكاری و هەژاری ئەم چینە دیاردەی جۆراوجۆری كۆمەلایەتی وەك هەڵوەشانی خانەوادە و پەرەسەندنی تەڵاقی لێ دەكەوێتەوە. بێگوومان وەك توێژینەوەی توێژەران نیشانی دەدەن لە ئێراندا بە هۆی كەمتەرخەمیەكانی دەسەڵاتداران و بە هاناوە نەچوون و بێ بەرنامەیی لە راستای بەدواداچوون بۆ داوا و ویستەكانی كرێكاران، ئەو چینە گرینگ و كاریگەرەی كۆمەڵگەی تووشی گۆشەگیری، پەنادنەبەر خۆكوژی و مەوادی هۆشبەر و چەندین دیاردەی دیكەی باو لە كۆمەڵگەدا.


لە راستیدا لە پێوەند بەم بابەتە و دۆخی كرێكاران لە روژهەڵاتی کوردستان پێویستە زیاتر راوەستین و لێی ورد بینەوە چوونكە دەردی جەماوەری كوردستان و بەتایبەت كرێكاران بە هۆی سیاسەتی هەڵاواردنی و جیاكاری و پشتگوێ خستنی كوردستان بە پلان و بەرنامەی تایبەت لەلایەن دەسەڵاتی دواكەوتوو و فاشیزمی مەزهەبی و نگریسی ئاخوندان که لە حاست نەتەوەی كوردی پەیرەو دەكات زۆر قورس و حەستەمە. یەك لەو بەرنامانە بابەتی ئەمنیەتی و ئاسایشیە كە هەر لە كۆنەوە رژێم وەك میكانیزمێك و بیانوویەك كەڵكی لێوەر گرتووە بۆ ئاوڕ نەداوە لە ژێرخانی ئابووری و رێگەنەدان بە وەگەرخستنی سەرمایەی سەرمایەدارانی ناوخۆ و دەرەوە لەو ناوچە پر پیت و بەرەكە، كە ئەمە كاریگەری زۆری هەبووە لەوەی رێژەی بێكاری و هەژاری لە كوردستان لە چاو ناوچەكانی دیكەی ئێران زۆر بەرچاوتر و زیاتر بێ. رژێم ئەگەر لێرەو لەوێ هەنگاو گەلێكی ناوێ دەبینین بەرێژەیەكی كەم كەڵكی لە هێزی كاری ناوچە خۆجێییەكان وەرگرتووە كە ئەو كرێكارانەش بەشێكی هەرە زۆریان حەقدەستەكانیان نەدراوەو لەلایەن بەرێوەبەرانی پرۆژەكانەوە خوراوە. بۆ راستی ئەو قسە نمونە زۆرە كە دەكرێ ئیشارە بە پروژەی سەد (بەنداوی)ی گاوشان لە  25 کیلومتری شاری کامیارن که هەموو کادر و هێزی کاری له شاری هەمەدان و شارەکانی دەرەوەی كوردستانەوە هێنراوە، كە ئەوە كار دەكاتە سەر ئەوەی كرێكارە كوردەكان بێبەش بن لەو پرۆژانەشی لە كوردستاندا وەگەر دەخرێن و ناچار بۆ بژیوی ژیان روو لە شار و ناوچەكانی دیكەی ئێران بكەن، بێ شك لەوێش بەرەورووی زۆر كۆسپ و تەگەرەو كێشەی وەك نەبوونی بیمەو نەدانی حەقدەستەكانیان دەبنەوە.


ئەوەی لە هەمووی هەژێنەر و بە ئازارترە ئەوەیە لە دوای ئەو هەموو زوڵم و پێشێلكاریانەی بەرامبەر كرێكاران دەكرێ، بەڵام ئەو چینە زەحمەتكێش و رەنج دیتووە هیچ ناوەند و ئورگان و دەزگایەك شك نابەن كە پەنای بۆ بەرن و بە پشتیوان و داشداری خۆیانی بزانن.


بەهۆی ئەوەی چوار پارێزگاكەی كوردستانی خۆرهەڵات لەگەڵ  هەرێمی كوردستان و عێراق هاوسنوورن، ئاڵووگۆری شتومەك لە مێژە بۆتە سەرچاوەی داهاتی بەشێكی زۆر لە خەڵكی هەژاری كوردستان، بەلام هێزە داگیركەر و سەركوتگەرەكانی رژێم لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا بەشێوەی زۆر درندانە كرێكاران و كۆڵبەرانی سەرسنوور و ئەسب و وڵاخەكانیان دەكەنە ئامانج و بە بیانووی قاچاخی كەل و پەل دەستڕێژیان لێ دەكرێ و رۆژانە شاهیدی كوژراو و بریندار بوونی كۆڵبەرانی زەحمەتكێش و كرێكارانی سەر سنوورین.


لەلایەكی دیكەوە هەروەك دامودەزگاكانی رژێم ساڵانە هێڵی هەژاری و رێژەی هەژارانی وەلات دیاری دەكەن و رادەگەێەنن، دەبینین كرێكارانی ئێران و كوردستان بەو پێیەی ناوەندەكانی رژێم بۆ ئەو ساڵ هێڵی هەژاریان مانگێ 900 هەزار دیاری كردووە، زۆربەی هەرە زۆری كرێكارانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاردا دەژین و كێشەی گەورەیان هەیە بۆ دابیم كردنی بژیوی ماڵ و منداڵیان.


 


لە كۆتایی دا بەو ئاكامە دەگەین، رژێمی ئاخوندی بەهۆی گرینگی دان بە پشتیوانی لە تاقم و گروپە تیرۆریستیەكان، دەستێوەردان لە كار و باری وەلاتان، پەرەپێدانی بەرنامەی پر خەرجی ناوكەیی و مووشەكی، گەندەڵی سیستەماتیك لە نیزام و بەفیرۆدانی سەرمایەی خەڵك و بوونی ئابڵوقەی كەمەر شكێن لەسەری، خەڵكی ئێران و بەتایبەت كرێكاران دۆخی ژیانیان خراپەو رۆژ لە دوای رۆژ حەستەمتر و خراپتر دەبێ و هەتا دێ دیاردە كۆمەڵایەتیەكان زیاتر داوێنیان دەگرێ، هەر بۆیە رژێمی ئاژاوەگێڕی ئاخوندی هەتا لە دەسەڵاتدا بێ قوربانی سەرەكی كرێكارانی رەنج دیتوو هەژاری ئێران و كوردستان دەبن. تەنیا رێگەی چارەسەر و كۆتایی ئەم هەموو دەرد و مەینەتیەی كرێكاران، روخان و لەناوچوونی ئەو رژیمە دواكەوتوو و گەندەڵ و ترۆریستەیە.
ڕێکه‌و 2017-06-06 11:01:18
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )







سیاسی