رژیمی ئێران پەلەقاژەیەتی بۆ مانەوەی لەناوچەكە

كامیل نوورانی فەرد

رۆژی چوارشەممە 17 جۆزەردان، بینای مەجلیس و گۆری خومەینی و یەك دوو شوێن لە لایەن كۆمەڵێك چەكداری نەناسراو هێرشیان كرایە سەر و لە ئەنجام دا كۆمەڵێك كەس بریندار و كوژران و دەوترێ‌ ژمارەیێك لە و هێرشبەرانەش دەستبەسەر كراون. هێشتا كۆتایی بە هێرشەكە نەهاتبوو كە داعش بە رەسمی بەرپرسیارەتی ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ و وێنەكانی ئەو هێرشەشی لە تەلەویزیۆنەكەی گۆاستەوە. 

رۆاڵەتی رووداوەكە قوربانی بوونی دسەلاتی ئاخوندیمان پێشان دەدا و ئاسایی بوونی ئەو هێرشەی داعشیش وەك زۆربەی وەڵاتانێك كە هێرشی كردوونەتە سەر لەو ماوەیە دا دەردەخات و دەكرێ‌ بوترێ‌ بەڵێ‌ هەروەك پێشتریش لە گرتەیێكی ویدیویی داعش هەرەشەی لەئێران كرد و وەك زنجیرە هێرشەكانی داعش لە وەلاتانی جیهان نۆرەی رژیمی ئێرانیش گەیشت و دواجار رژیمی ئێران راگەێنێ‌ كە وەڵاتێكی قوربانی تیرۆرە و ئامانجە درێژماوەكانی لە ناوچەكە بباتە پێشەوە. 

بەڵام لایەنی حەقیقەت و شاراوەی رووداوەكە شتی ترمان بۆ دەردەخات و پێمان دەڵێ كە ئەو رووداوانە سیناریۆێكن كە لە لایەن خودی دەسەڵاتەوە بە رێكەوتن لەگەڵ داعش رێكی خستوون. 

پێش هەموو شتێك داعش هیچ هاندەرێكی نییە و ناشتوانێ‌ لە هەڵومەرجێك دا كە ئاوابوونی خۆری دەسەلاتەكانی چاوەروان دەكرێ‌ بێت هێرش بكاتە سەر رژیمی ئێران.   هێرشێكی لەم چەشنە لە هەڵوێستی بەهێزیەوە دەكرێ‌ نەك ئەوەی لە كاتی لەناوچوون و ئاوا بوونی تەمەنی حكوومەتەكەی. هەل و مەرجی داعش بە جۆرێكە كە ئێستا پێویستی بە هاوكاریی و پشتیوانی وەڵاتێكە بۆ ئەوەی سەركردەكانی وەك ئەبووبەكر بەغدادی بۆ دالدە بدات یان لە رێگەی چەك و تەقەمەنی پشتیوانیان بێ. رژیمی ئێران بە درێّژایی مێژوو دەستی بالای هەبووە لە داڵدەدانی سەركردەكان تالیبان و ئەلقاعیدە و ئیخوان ولموسلمین، بۆیە دەكرێ‌ یەكێك لە مەرجەكانی ئەو سات و سەودایەی ئێران و داعش هاوكاری رژیم لەوچوارچێوەیە دا بێ. 

ئێران بە چەندین هۆ پێویستی بە هێرش و ئاڵوزییەكی ئەمنیەتی و ترۆریستی لەمجۆرە هەبوو كە لە پەیامەكانی هەم روو لەناوخو و هەم روو لە دەرەوە كەڵك وەربگرێ‌. 

یەكێك لە ئامانجەكانی روو لەناوخویە و لەرێگەی ئەو ئاڵوزییە هەم كۆتایی بە شەری پەرەگرتووی نێوان بالاكانی رژیم لەدوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەكان دێنێ‌ و هەروەها بە توندكردنی رەوشی ئەمنی و سەپاندنی كەشێكی ئەمنی پولیسی دەست دەكات بە كپ كردنی دەنگە نارازییەكان  كە لەكاتی هەڵبژاردنەكان یەكجار بەرزتر و شیواتر دەبیستران. 

لەلایێكی دیكەوە رژیم شەری مانەوەی لە ناوچەكە دا دەكات و هەروەك دەبیندرێ‌ رۆژئاوا و ئەمریكا بە تایبەتی بە نیسبەت بوونی شەرئەنگێزانەی رژیم لە ئاستی ناوچەكە و بە تایبەتی لە وەلاتی سوریا یەكجار نیگەرانن و هەولێكی جیددی هەیە بۆ بڕینەوەی دەستی رژیمی ئێران لەناوچەكە و لەئێستاشدا هاوپەیمانەتیەكی عەرەبی جیهانی لە دژی بوونی رژیمی ئێران لەناوچەكە وەك ئەكتەرێكی شەرخواز و پشتیوانی ترۆریزم و بشێویی دروستكەر لە ئارادایە. 

رژیمی ئێران لە رێگەی ئەو هیرشەدا دەیهەوێ‌ بڵێ كە بوونی ئەو لە گەمە سیاسیەكانی ناوچەكە زەرورییە و خوشی وەڵاتێكی قوربانی ترۆریزمە و پێویستە بۆ پاراستنی خۆی لە شەری ترۆر لەناوچەكەدا بوونی هەبێ و هاوكاتیش ئەو چربوونەوەیەی فشارەكان لە لایەن دەوڵەتی ترامپ  بۆ سەر خۆی بە چەشنێك كەم بكاتەوە و بیرورای گشتی بەدروست كردنی سیمایێكی قوربانی بە لارێدا ببات. 

ئەوەی كە رژیمی ئێران چەندە دەتوانێ‌ لەرێگەی ئەو سیناریۆیە پێگەی خۆی لەناوچەكە قایم بكات و بەردەوام بێ لەسەر سیاسیەتە ترۆریست پەروەرییەكانی پێویستە چاوەروانی دژكردەوەكان لە لایەنی بەرانبەر بین و بزانین كە فشارەكان لەسەر دەسەڵات كەم دەبنەوە یان بە قووەتی خویان دەمێننەوە.
ڕێکه‌و 2017-06-07 15:55:18
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی