روحی رێكەوتنامەی ناوكەیی، كێشەی نوێی رژێمی ئێران

كامیل نورانی فەرد

پێوەندیی نێوان ئەمریكا و ئێران بەدرێژایی مێژوو ، رەوتێكی پر لە هەوراز و نشێوی بڕیوە و لە لوتكەی گەرمیەوە هاتۆتە نزمترین ئاستی خوی و لەدوای هاتنە سەركاری ئاخوندانیش كە پێوەندییەكان چوونەتە ناوبازنەی دژمنایەتیەكی قوڵەوە. بە شێوەیێك كە پێناسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گۆڕا بە شەیتانی گەورە و بە مەزەندە نزیك بە تەواوی كێشە و قەیرانەكانی ئێران لە لایەن دەسەڵاتەوە بە پیلانەكانی ئەمریكا و سەهیونیزم گرێدراوە. هەر چەند لەراستیدا ئەو جۆرە ئاخاوتن و لێداوانانە بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی ئاخوندان تەنیا گەمەی سیاسی و بە ئامانجی سیاسی بەكارهێندراون و كراوەتە بیانووێك بۆ  شاردنەوەی قەیرانە یەك لەدوای یەكەكانی دەسەڵات و هەروەها هەوڵە شەرئەنگێز و زیدەخوازییەكانی ئاخوندان لە ئاستی ناوچە و جیهان ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو رەوتە كاریگەری نەرێنی تا ئاستی لەدەستدانی هەموو متمانەیێك بەو دەسەڵات و سیستەمەی لێكەوتۆتەوە. 

ئامانجە مەترسیدارە شەرئەنگێزەكانی ئاخوندانی ئێران لە چوارچێوەی بردنە پێشەوەی بەرنامەی هەناردە كردنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و لەو پێوەندییدا قەلەو كردنی گرووپە ترۆریستیەكانی ناوچەكە و داڵدە دانیان و بردنە سەرەوەی ئاستی دیفاع و بواری سەربازیی تا رادەی هەوڵدان بۆ چەكی ناوكەیی و ئاژاوە نانەوە لە چەندها وەڵاتی ناوچە و جیهان، ئەو وەلاتەی دەمیك ساڵە خستۆتە ناو وەڵاتانی تەوەری شەرئەنگێزی و بە جۆرێك لە جۆرەكان وەستاندنی ئەو زێدەویستیانە بوو بە یەكێك لە بەرنامەكانی رۆژئاوا و بەتایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.  

 بەرنامەی شاراوەی ناوكەیی و ئاشكراكردنی ئەو بەرنامەیە لە لایەن شۆرای میللی موقاومەتی ئێران سەرەتای قۆناغێكی نوێ لە رەوتی پێكدادانی نێوان ئەو وەڵاتانە بوو. پاش زیاتر لە 10 ساڵ هەوڵی بێ ئاكامی دانووستان و بەكارهێنانی دەیان بەرنامەی بێ سوود وەك بەئاكامی: گەیشتنێكی رۆاڵەتی لە مانگی پووشپەری 1394 رێكەوتنامەی بەرجام لە نێوان رژێمی ئێران و وەلاتانی 1+5 ئیمزا كرا.  

بە پێچەوانەی ئەو گریمانەیەی كە ئیتر كرانەوەیێكی گشتی روو بە وەڵاتی ئیران و ئاخوندان لە لایەن رۆژئاوا  روو دەدا ، رۆژ لەدوای رۆژ كێشەكانی ئێران و ئەمریكا جیددی تر دەبێت و بە هاتنی ترامپ كێشە و ناكۆكیەكان قوڵتر بوونەتەوە و هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنامەی بەرجام  باسی لێوە دەكرێ‌. 

دەوڵەتی پێشووی ئەمریكا هەمو هێزی خۆی بۆ وەدەست هێنانی رێكەوتنێك لەسەر بەرنامەی ناوكەیی بەكارهێنا و سیاسەتی  گەیشتن بە ریكەوتن بە هەموو نرخێكی گرتە پێش و دواجار بەرجام لەدایك بوو. بەڵام لەحەقیقەت دا كێشەی دەستراگەیشتن بە چەكی ناوكەیی تەنیا لەتێك لەو پازلەیە كە بە ناوی كێشەی رژیمی تاران دەناسرێ‌. ترامپ هەر لەسەرەتای خۆكاندید كردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری بەشێك لە پروپاگەندەی تەبلیغاتی بە هێرش كردنە سەر ئێران و رێكەوتنامە ناوكەییەكە تەرخان كرد و لە پاش بردنەوەی لە هەڵبژاردنەكانیش لەسەر قسەكانی خۆی سوور مایەوە. 

دەوڵەتی ئەمریكا دەزانێ‌ بەشێك لە كێشەكانی ئێستای ناوچەكە و ترۆریسمی نێودەوڵەتی سەرچاوەكەی رژیمی ئاخوندییە و ناتوانێ‌ تەنیا بە بوونی كاغەزێك بە ناوی بەرجام قەناعەت بێنێ‌ و بۆیە پێویستە هاوتەریب لەگەڵ رێكەوتنامەی بەرجام فشاری تریش بۆ بڕینەوەی دەستی درێژكارانەی  دەسەڵاتدارانی ئێران بگرنە پێش. 

ئەو راستیە دەسەڵاتی ئێرانیش هەستی پێدەكات و هەر بۆیەشە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بەرجام دەكات تا بەند و خاڵەكانی پێشێل نەكرێ‌ .  لەهەل و مەرجێكی وا دەستەواژەیێكی تر دێتە ئارا بە ناوی ( روحی رێكەوتنامەی ناوكەیی) و لەرێگەی ئەو دەستەواژەیە فشارەكان بۆسەر رژیمی ئاخوندی درێژەی دەبێ و لە ئێستادا ئێَران لەگەڵ كێشەیێكی جیددی بەناوی پێشێل كردنی روحی رێكەوتننامەی ناوكەیی رووبەروویە.

روحی ریكەوتنامەی ناوكەیی لەحەقیقەت دا بە واتای چی دێ‌؟ روحی رێكەوتنامە زیاتر ئەو ویست و چاوەروانیانەیە كە لە دەقی رێكەوتنامەكە دا نەهاتووە بەڵام بەڵگە و هۆكارن بۆ پێ بەند بوون بە رێكەوتنامە و لایەنی متمانە بەهێز یان لاواز دەكات.  وەك نمونەی دیاری كراو كە ئەو دەستەواژەیە بە كار هێندرا كاتی تاقی كردنەوەی موشەكی لە لایەن رژیمی ئاخوندییەوە بوو كە لەسەر موشەكەكان دروشمی لەناوبردنی ئیسرائیل نووسرابوو. یان خود هەموو ئەو دەستێوەردان و ئاژاوەگیریی و ناردنی ترۆریسم و پشتیوانی لە ترۆریسم لە ئاستی ناوچەكە و بەردەوام بوونی رژیمی ئاخوندی بێگومان لایەنی رۆژئاوا نیگەران دەكات و ئەگەرچی وەك خاڵی رێكەوتننامە نەهاتووە بەڵام وەك روحی رێكەوتننامە ئاماژەی پێدەكرێ‌ و چاوەروانی بۆ پێشێل نەكردنی لەئارا دایە. 

عەلی خامنەیی وەلی فەقیهی رژیمی ئاخوندی زۆر بە باشی باسی خواست و ویستەكانی رۆژئاوا لە دانووستانەكانی دەكرد و دەیزانی كە رۆژئاوا تەنیا بە كۆتایی هاتن یان راگرتنی چەكی ناوكەیی كۆتایی بە هەوڵەكانیان نادەن بەڵكو كەیس و بابەتی تریش دێنەئارا و هەوڵ بۆ برینەوەی دەستی ئاخوندان لە ناوچەكە دا درەنگ یان زوو دێتە بینین. ئەمریكا و بە گشتی رۆژئاوا لە بەردەوامی سیاسەتە شەرئەنگێزەكانی رژیم لە ناوچەكە و بە تایبەتی لە سوریا نیگەرانن و دەیانهەوێ‌ دەستی ئاخوندان بە تەواوی ببرنەوە و لەبەرانبەریش دا دەسەڵاتی ئاخوندیش گرەوێكی یەكجار قورسی لەسەر گەمە ناوچەییەكان كردووە و بەو ئاسانیانە ناتوانێ‌ پاشەكشە لەوە بكات كە وەك ئەكتەرێك دەور نەگیرێ‌ لە ناوچەكە و دەستێوەردانەكانی كۆتایی پێ بێنێ‌. 

ئەوەی ئێستا دەسەڵات لەگەڵی رووبەروویە كێشەییێكی جیددی و هەستیارە كە پێوەندیی بە بوون و نەمانی ئەو دەسەڵاتەوە هەیە و فشارەكان لە هەر دوو بەرەەی رۆژئاوا و و ئەمریكا بۆ بردنە پێشەوەی ئەو سیاسەتە و بەربەرەكانێی رژیمیش هاتوونەتە ئاراوه و سەردانی ئەمریكا و بۆ عەرەبستان و دروست كردنی بەرەی موقابیلی ئێران و لە هەمانكاتدا لارەملیەكانی قەتەر بە قازانجی ئێران و تەنانەت هێرشی داعش بۆ ئێران لەو كردەوە عەمەلیانەن كە لەو چوارێوەیە دا خوێندنەوەی بۆ دەكرێ‌.

 
ڕێکه‌و 2017-06-10 14:18:56
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی