رژیمی ئێران قەڵای ترۆریزمە نەك قوربانیی ترۆریزم

سیامەند

بۆ هیچ كەس و هیچ لایەنێك شاراوە نیە كە رژیمی ئاخوندی لە ئێران پشتیوانی سەرەكی ترۆریزمی ناوچەیی و نێودەوڵەتیە. لە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی ئاخوندەكان ترۆریزمی مەزهەبی سەریهەڵدا و رژیمی ئێران لە بڵاوكردنەوەی فكری ترۆرو پێكهێنانی تاقم و دەستەی ترۆریستی مەزهەبی دەوری سەرەكی گێڕا. سەرهەڵدانی حیزبوڵای لوبنان، حیزبوڵای عێراق ،حیزبوڵای بەحرەین و تەنانەت حیزبوڵا لە سعودیەو هەروەها پێكهێنانی چەندین دەستەو تاقمی ترۆریستی دیكە لە عێراق، یەمەن،و لە ووڵاتانی كەنداو لە بەرهەمەكانی فكرو بەرنامەی ترۆریست پەروەرەری حكومەتی ویلایەتی فەقیهە. لێرەدا ئەو پرسیارە  لە لای كەسانی ناشارەزا  سەرهەڵدەدا كە حكومەتی خومەینی بۆچی ترۆریزمی مەزهەبی پەرەپێدا؟ لە وەڵامدا دەڵەین كە خومەینی پێویستی بە دەستەو تاقمە ترۆریستیەكان بوو بە چەند مەبەست، یەكەم:بۆ دەستێوەردان و ئاژاوەنانەوە لە ووڵاتانی ئیسلامیدا،دووهەم: بۆ ناردنە دەرەوەی بە ناو ئینقلابی خومەینی و دروست كردنی ئیمپراتوری مەزهەبی و سێهەم: بە كارهێنانی بە مەبەستی داپۆشینی كێشەناوخۆییەكان و بە لارێدا بردنی ڕای خەڵك لە پێوەند بە وەزعی نالەباری سیاسی,ئابووری و كۆمەڵایەتی لە ناوخۆی ئێران. بەو روون كردنەوە كورتەو بە روانینێكی خێرا بە سەر كاركردی حكومەتی ئاخوندی لە ماوەی 38 ساڵ دەسەڵاتداریدا،هیچ گومانێك نامێنێ‌ كە ترۆریزم بە گشتی و ترۆریزمی مەزهەبی بەتایبەت لە ناخی دەسەڵاتی ئاخوندەكان سەریهەڵداوەو  یەكێك لە هۆكانی بەردەوامی حكومەتی جینایەتكارنەیان گرێدراوە بە ترۆریزمی ناوچەیی و جیهانی.

لە داوی هێرشی چەكداری بۆ سەر قەبری خومەینی و مەجلیسی رژیم لە تاران بەرپرسانی حكومەتی هەوڵی بەربڵاویان خستۆتە گەڕ تا زیاترین كەڵكی تەبلیغاتی و سیاسی لێ‌ وەرگرن و بە خەیاڵ بیكەنە سەرەتایەك و هۆیەك بۆ پاك كردنەوەی مێژووی پڕلە جینایەتیان. ئاخوندەكان مەبەستیانە بە جیهان نیشان بدەن بوونە قوربانی ترۆریزم و رای گشتی جیهانی بە لای خۆیاندا ڕاكێشن و هەروەها بیكەنە بیانوێك بۆ سەركوتی خەڵك بە تێكڕاو چالاكانی سیاسی بە تایبەت، هەروەك لە چەند رۆژی رابردودا هێرش بۆ سەر ماڵ و ژیانی خەڵك و گرتنی كەسانی بێ‌ تاوان بە شێوەیەكی بەربڵاو پەرەی سەندوە.

لە لایەكی دیكەوە بە تاوانبار كردنی عەرەبستانی سعودی بەوەی كە لە پشت هێرشی چەكداری تارانەوە بووە مەبەستیان ڕەوایی بدەن بە شەڕی رانەگەێندراو لە گەڵ ئەو ووڵاتە و هەورەها ڕەوایی بدەن بە ئاژاوەگێریەكانیان لە ووڵاتانی عەربی و بڵاو كردنەوەی  سپای پاسداران لە ووڵاتانی ناوچەكەو ڕەوایی دان بە لەشكركێشیە سەربازیەكانیان لە عێراق, یەمەن و سوریەدا.

 بەو پێناسە كورتەو بەكاركردی حاكمیەتی ناڕەوای ئاخوندەكان لە ماوەی دەسەڵاتی جینایەتكارانەو ترۆریستیان، جێگەی داخە تا ئێستاش كەسانێك هەن باوەڕیان بە فرمێسكی تیمساح هەیەو پێ‌ یان وایە مار كۆتری  دەبێ‌ و خۆیان لە گێلی دەدەن بەوەی كە سەرچاوەی سەرەكی ترۆریزمی جیهانی و ناوچەكە بە قوربانی ترۆریزم  بزانن.
ڕێکه‌و 2017-06-13 15:25:23
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی