چارەسەری ئاوارەکانی جیهان بەچی دەکرێ

بەقەڵەمی مامۆستا سەید جەلاالدینی حسینی

لە ڕێکەوتی 18/8/1370 

بەرامبەر بە 12/11/1991

ئاگادارن کە وەڵاتانی ئەمریکای شمالی و ئوروپا جمەیان دێ لە ئاوارە کە لە وەڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئوروپای ڕۆژئاواوە هەڵکەندراون و ڕویان کردۆتە ئەو جێگایانە کە پەنایان دەدەن و لە پەنای خۆیان دا دەیان حاوێننەوە. هەردێ و ژمارەی ئەو ئاوارە هەژارانە زیاد دەکا، تا ئەندازەیەک کە ئەو وەڵاتانەش لە وەرگرتنیان بێزار بوون بە تایەبەت لەوەتی ئوروپای ڕۆژهەڵات دیوارە ئاسنینەکانی کە دەوری کێشرا بون ڕوخاون و دەروازە ئاسنینەکانی کەلەسەر میللەتی بەناو کارگە، کارگەی بەدەست ماندوو بەسک برسی، داخرابون کرانەوە، لافاوی تازە ئازاد بوانی ئەو وەڵاتانە ڕوی کردۆتە ئوروپای لە مێژینە ئازاد کە زۆربەیان بەخۆیی حیسابن لەو جێگانەدا کە پەنای بۆ دەبەن وە پەنادانی ئەوان بە واجب تر دەزانن تا ئاوارە ئاسیایی و ئەفریقایەکان. بێزاری لە ئاواران بەهۆی زۆربونی ڕۆژ لە دوا ڕۆژیان بەرەو بەرۆک لەبەر هەڵتەکاندن دەڕوا. وەلە زۆر جێگە خەڵکی وەڵات بە چاوی میوانی داسەپیوو دزێوو دەیانڕوانێتێ. تا ئەندازەێیک کە لە جێگەیەک وەک سوئێد کە ناوازەیە لە ئینسان دۆستی و بێچارە نەوازی لە هەوڵی سوک کردنی شانیانن لەو ئەرکە قورسە کە بەهۆی میوانانی بانگهێشت نەکراوەوە کەوتۆتە سەر شانیان. ڕەنگە زۆریش ناحەق نەبێ کە ئەو وەڵاتانە لەوەرگرتنی ئاواران وەڕەز بون چونکە دابینکردنی ئەو گشتە ئاوارە لە باری جێگاو نشیمەنەوە و بەخێو کردن و پاشان کاربۆ پەیداکردنیان هەروا شتێکی ئاسان نیە بە تایەبەت کە هەردێ و زیاد دەکەن وە بە تایەبەت هەموو ئاوارەیەکیش شەریف نیەو هەموو ئاوارەیەکیش لەسەر مەبدەئێکی سیاسی و لە ترسی گیان، وەڵاتی خۆی بەجێ نەهێشتوە. ڕەنگە کەسانی واش ببێ کە بێ مەبدەئوو بێ هەدەف تەنیا هەر بۆخۆشی ئوروپا و ئەمریکا کەوتبێتە ڕێ و هیچ ترسێکیان لەبەر نەبێ لەوەڵاتی خۆیاندا وەڕەنگە هێندێ کەسیشیان تێدابێ کە زۆر پێمل نەبن بۆ یاسا و عورفی ئەو وەڵاتانە وەکرداریان دزێو ناپەسەند بێ لە نەزەر خەڵکی ئەو وەڵاتانەدا. بەڵام ئەوانەش خۆ وا دەنوێنن کە ئەوانیش لەبەر بێ عەداڵەتی ڕژیمی حاکم بەسەر وەڵاتی خۆیاندا و لەبەر سەلبی ئازادی کە لە نیشتمانیان دایە، ئاوارە بون و ئەوانیش لە ڕاپەڕیوان و بێزارانن و ناچار بوون بەوە کە نیشتمان بەجێ بهێڵن. دەردی ئەو گشتە ئاوارەیە کە لە وەڵاتانی خۆیان هەڵکەندراون و بونە سەربار بەسەر ئەو وەڵاتانەی ئوروپای و ئەمریکاوە، وەنەبێ هەر ئەوەندەبێ کە لە لاوە ڕویان لێ گرژ دەکرێ وبێزاریان لێ دەردەبڕدرێ وچێویان بە وورگەوە دەنرێ.بەڵکوو دەردی گرانتر دەردی غۆربەت ودووری لەنیشتمان وپەژارەی کەس وکاروخۆشەویستانیانە کە لەنیشتمان دا وون وڕێی مولاقاتیان نیەوزۆر وا دەبێ کەدیار ئاخرەتی یەکتر دەبن.ئاخ،نیشتمانچ خۆشە وەدیداری عەزیزان وکەس وکارچەندە شیرینە وەدەردی دووری وفیراق چەندە بەژانە وچەندە ژانی لەدڵا گرانە!ئاوارەیی هەڵاتنەوگیان دەرباز کردنە خۆ دەرباز کردنە لەدەست خەفەقان لەدەست دیکتاتۆری وئیستبداد لەدەست زیندان لەدەست ئێعدام لە دەست بێعەداڵەتی جا لەدەست بێ ژیانی وبێکاری وبرسیەتی.ئایا چاری خەڵکی ئەو وەڵاتە بێدادی و بێ قانوونانە بە تەنیا هەڵاتن وئاوارەیی دەکرێت؟ئایا دەکرێت هەموو ئەو خەڵکانە نیشتمانی خۆیان بە جێبهێڵن وببنە سەربار لەسەرشانی وەڵاتانی تر؟لەکاتێکدا کە ئەو وەڵاتانە لەچەند میلیون ئاوارە بێزاربوون،دەتوانن زیاتر ئاوارە وەر بگرن؟ وە ئەگەر بەفەرزی بتوانن زیاتر و زیاتریش وەرگرن ئایا لە ئیمکانی هەموو خەڵک دا هەیە لە دەست دەسەڵاتی دارانی ستمگەری وەڵاتانی خۆیان ڕزگاربن؟ گومان نیە کە نە دەکرێ ئەو وەڵاتانەی میواندار ناڕازیانی وەڵاتانی دوور لە ئازادی و عەداڵەت، وەرگرن وەنە ناڕازیەکانیش دەتوانن دەربازبن وەنە دروستە میللەت دەست لە نیشتمانی خۆی هەڵگرێ و بڕوا بۆ حاکمانی ستەمگەری بەجێ بهێڵێ.

چارەسەری ئەو موشکیلە جیهانیە بە پەنابردن و پەنادان ناکرێ.

دەردی میللەتانی ژێرباری ستەم بە هەڵاتنی دەستەێیک بۆ وەڵاتان، دەرمان ناکرێ. دەبێ بزانین چیە کە ئەو خەڵکە نیشتمانی خۆیان شارو ئاوەدانی خۆیان کە خۆشەویستە لەلایەن و دڵگرترە لە هەموو جێگەێیک لە دڵیاندا بەجێ دەهێڵن بۆ خاکی غوربەت بە دڵە لەرزەوە داخۆ وەردەگیرێن یان وەرناگیرێن. جا ئەمجار دوایش دەردی دووری کەسان و عەزیزان و دوری نیشتمانی خۆشەویست، دەردی ئاواگران سەرباری هەموو غوربەت و ئاوارەیی کە ڕەنگە زوو دوایی نەیێ وە ڕەنگە بۆ هێندێکان تا دوایی ژیان درێژەیی هەبێ؟ وە دەبێ بزانین داخۆ چیە ئەو وەڵاتانەی کە بونە پەناگەی بێچاران و هەژاران و ئاواران بۆچی بێ دەرەتانی لاوەشیان لێ دەحاوێتەوە تا دەگا بە خەڵکەکەی خۆی؟ چۆنە کەس لە وەڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وە پەنای نەبردە بەر وەڵاتێکی تر تەنانەت مجرمیش هەڵ نایێ و ئاوارەی لاوەنابێ؟ هەروا لە ئوروپای ڕۆژئاواشدا؟ ئەوە بۆ خەڵکی ئەو وەڵاتانە لە نیشتمانی خۆیاندا دامەزراون و شڵەژاویێکی تێدانیە کە ببێتە هۆی جێ پێ لێژبونی کەس؟

وەڵامی ئەو دوو پرسیارە وەڵامێکی بە ووشەی کورت و بە واتا پڕە وەڵامی ئەو دوو پرسیارە دوو وشەی کورتە ڕەنگە بۆ زۆر کەس ڕون بێ چیە، بەر لەوە کە ئێمە بیڵەین بزانن. ئەو دوو ووشە ئازادی و سەلبی ئازادیە. ئازادیە لەو وەڵاتانەی کە دانیشتوانیان نابزون و لێ قەوماوی و وەڵاتانیش ڕویان تێ دەکەن.

وە سەلبی ئازادیە لەو وەڵاتانەی کە ژمارەیێکی زۆری دانشتوانیان ئاوارە دەبن و ئەوی دەشمێننەوە لە زیندان دان، زیندانی چوار دیوارکراوی چکۆلە، یان زیندانی هەرێ گەورەی، وەڵاتەکەی کە خەفەقان و استبداد و سەرەڕۆیی و خۆپەرستی و دەسەڵات پەرستی حاکمان کردویە بە زیندان. سازمانی میللەل و کۆڕە ئینسان دۆستەکان کومیتەی ئیمدادی ئاوارە و یوئن و چی و چی چۆن دەتوانن بە پەنادانی چەند ملوێن ئاوارە عەزاب لەسەر خەڵکی ئەو وەڵاتە دوور لە ئازادی و دوور لە عەداڵەتانە هەڵگرن؟ ئەوە چاری ئاوارەکان بە پەنادان کرا ئەی چاری خەڵکە هەژارەکانی ئەو وەڵاتانە بەچی دەکەن؟

چارە ئەوەیە کە ئەو وەڵاتانەی کە لەبەر بێ دادی خەڵکەکەی کراونە جەهنەم، خۆشیکەن وەک ئەو وەڵاتە بێ قڕەو ئازادانەیان لێ بکەن. یارمەتی ئازادی خوازانی ئەو وەڵاتانە بدەن کە مۆتەی دیکتاتۆرانیان لەسەر سنگ لاچێ حکومەتانی ئیشتیارو ملهوڕیان لەسەر نەمێنێ. چار ئەوەیە کە ئەو وەڵاتانەش بهێننە سەر ڕەنگی وەڵاتە ئازادەکان وە خۆشی و کامەرانی بەرنە بەردەرکی هەمووکەس.

ئاوا: کەکەس ناچار نەبێ بەدوا خۆشی و ئازادی دا نیشتمانی خۆی بەجێ بهێڵێ نەک هەر بەجێ نەهێشتنی بەڵکو دڵی نەیێ بستێکی لێ دوور کەوێتەوە.

دڵ بە وەڵاتەکەی خۆشکا هەر خەریکی ئاوەدان کردنەوە و خۆش کردنی بێ، بخوێنێ فێری کردو سەنعەت بێ. شێوەو باری هەرەنوێ لە ئاوەدان کاری نیشتمانی. دەسەڵات بەدەست میللەت بێ کێی دانا لەسەر دەسەڵات دای نێ، وە چ شێوەیەکی بەزۆربەی دەنگ بۆ بەڕێوە بەریی وەڵات هەڵ بژارد، هەڵی بژێرێ.

چ دادێک دەدا چەند ملوێن ئاوارە وەرگیرێن بەڵام میللەتان لە ژێر چنگاڵی حکومەتان و ڕژیمانی ئیستبدادی دا بمێننەوە؟

با بەلابردنی حکومەتانی ستەمگەر و ڕوخاندنی ڕژیمانی خوێن مژو ئیستبدادی، وەڵاتانی بێ ئازادی پڕببن لە ئازادی وە با پشوو بڕاوان پشویان بێتەوە بەر دەبا ناخۆشی و تاڵی و تونی کە بەرهەمی خەفەقان و ئیستبدادە بەلاچونی ئیستبداد و بێ دادی بارکەن و خۆشی و شیرینی و بەختەوەری بێتە جێیان. ئەوەی کە وەڵاتانی لاوەی کە پەنایان بۆ دەبرێی خۆش کردوە ئەگەر لە وەڵاتەکانی ئێمەش دا دابین ببن ئەوانیش خۆش دەبن و لە بەرچاو نابێزێن کە دانیشتوانیان دڵیان بێ بەجێیان بهێڵن. ڕزگارکردنی ئەو میللەتە لە بەندکێشراوانە کە بەدەستی ڕژیمانی ئیستبدادی لە بەندکێشراون شەرتی ئینسان دۆستیە، نەک تەنیا پەنادانی چەند ملوێن ئەویش بە چێو بە ورگەوەنان و ڕوو لێ گرژکردنەوە، پشت گوێ هاویشتنی زیاتر لە میلیاردێک ئینسان، کە هەروا لە عەزابی ئەلیم دا بمێنەوە وە هەروا لە ژێر بیری ئیستبدادی ڕژیمانی موستەبد دا دەف بدەن و هەناسەبڕکێیان بێ. چارەسەری بە پەنادانی ژمارەیێک ئاوارە ناکرێ. بەڵکو دەبێ هۆی ئاوارە بون نەمێنێ و ئازادی لە نیشتمانیان دا دابین کرێ و حکومەتی قانون و پەرلمانی هەڵبژێردراوی میللەت حکومەت بکاو وە دەوڵەت نوێنەری خەڵک بێ لە بەڕێوەبردنی قانونی پەسەندکراو لە لایەن پەرلەمانەوە .

تێبینی: ئەم بابەتە بەبۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەرەوە بڵاو دەكرێتەوە، كە لە ئارشیوی سازمانی خەبات وەرگیراوە.
ڕێکه‌و 2017-06-20 20:31:33
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )







سیاسی