"گوتە" لە بەرزەخی ڕۆژهەڵاتی ناویندا

هۆگر

گۆرانکاریەکانی سەردەم هێندە خێرا بە دوای یەکتردا دێن کە تەنانەت کەسانێکیش کە شارەزای زانستی سیاسی و کۆمەڵناسین تووش سەرسوڕمان و ڕامان دەبن. ڕووداوەکان دەبوایە ناچارمان بکات بیر لە چارەسەرەکان وەکەین، لە حاڵێکدا ئینفعال و بێهەڵوێستی بۆ زۆربەمان بۆتە هەڵوێستی گشتی و لەو نێوانەدا بەرزەخی ئێمە قەبرستانێکە کە تەنها مەرگی تیا پەروەردە دەکرێت ... ئەگەر... ئەگەر بیر نەکەینەوە. "من بیر دەکەمەوە کەواتە هەم ". هیچ پێویست ناکات "دێکارت"ێک بێت لەم سەردەم و شوێنەدا وەها وتەیەک بڵێت و تووش سەرسامی و تێفکرینمان بکات، لە بەر چاومانا ملی مرۆڤەکان بە پەتەوە دەکەن و دەنگە ڕوونەکان دەخنکێنن و گرمەی تەقینەوە وکوشتن و بڕێن و ئەشکنجە دەکەنە ئۆرکێستی دووپاتەوەبووی ڕۆژانەمان، کەچی هەر بیرناکەینەوە. تێنافکرین کە دەبێ چ بکەین و چلۆن چارەسەری کۆتایی هێنان بەم مەینەتە وەدۆزین. ڕەنگە دەبوایە لە جەهەندەمێکدا ئەم گشتە ئەشکەنجە جەستەیی و ڕۆحیەمان ببینایە، کەچی وا لەم ڕۆژهەڵاتی ناوینەدا لە بەرزەخێکداین کە هەموو ئامادەکاریەکان و تەشریفاتی سزاکانی ناو جەهەندەمی تیا موو بە موو بەڕێوەدەچێت و لەم کات و شوێنەدا دەبێت... دەبێت... ڕێیەک بۆ دەرباز بوون لە بەرزەخ و گەڕانەوە بۆ سەر زەوی بدۆزینەوە. 

هەندێک کەس دەڵێن " مۆدێرنیتە" شکستی هێناوە، بۆیە بۆ گوزەر لێێ دەبێ بچینە سەردەمێکی نوێ کە ناوی "سەردەمی پۆست مۆدێرنە". پێیان وایە کە خوڵقاندنی ئەو ڕەوتە لە هەموو بوارەکاندا سەری هەڵداوە و بە کەڵك وەرگرتن لە ئەزموون و بەهرەکانی مۆدێرنیتە دەبێ ڕەوتێک لە سەر بنەما ئەخلاقی وکەلتووریەکانی سەردەمی کۆن کە بە "سەردەمی نەریت" ناسراوە دەست پێبکەین. ئەو فیکرە دەڵێت دەبێ مرۆڤەکان باری ئێستای جیهانی بە هەموو ناتەواوی و کێشەکانیەوە بە جی بهێلێت بۆ ئەوەی لە سەردەمی نوێی پۆست مۆدێرندا شکستە ئەخلاقی و کێشە ئۆمانیستیەکان چارەسەر بکات و تیمارێک بێت بۆ ئەو جەهلەی لە ژێڕ ئاڵای ڕەنگاوڕەنگ و درووشمە سەرنج ڕاکێشەکانی مۆدێرنیتەدا دژ بە مرۆڤایەتی و ئەخلاق کراوە. لە گەڵ ئەوەدا کە دان بەو حەقیقەتانەدا دەنێین؛ بەڵام پێم وایە مۆدێرنیتە لەخۆیدا ماوەتەوە و دەبێت بزانین تەنها بەشێک لەم گردە زەوییە بە مانای خۆی مۆدێرنیتەی وەرگرتووە و بەڕێوەی دەبات. ناکرێت جیهان تەنها یەکیەتی ئورۆپا بیت یان 20 وڵاتی بەهێز لە جیهاندا، ناکرێت میللەتانێك کە ئەزموونەکانی مودێرنیتەیان نەچێشتووە فێری قەڵەمبازێک بکەیت بۆ ئەوەی بچنە گلۆبالی دوای مۆدێرنیتە. بۆ نموونە بە کورد یان نەتەوەیەکی تر لە جیهاندا بڵێیت کە واز لە ناسیۆنالیزم و سنووری جۆغرافیایی و سوسیالیزم و ئەزموونە سەرکەوتوو وشکستخواردووەکانی سەردەم بهێنن و دوای ئینتەرناسیۆنال بکەون. ئەوە ستەمێکە کە گلۆبالیزیشن لە نەتەوە بن دەستەکانی دەکات. "فۆکۆیاما" باسی کۆتایی مێژوو دەکات لە بەرژەوەندی زلهێزی ئامریکا و ڕۆژئاوا لە حاڵێکدا دەیان نەتەوەی جیهان هەن کە لە سەرەکیترین مافەکانی مرۆڤ و مافە نەتەوەیەکان بێبەش کراون.

" گوتە" لە شانۆنامەی "فاوست" دا ئاوا باس لە سەرهەڵدانی مۆدێرنیتە دەکات کە ڕەوتێک دژی کەلتووری باو (کۆن) سەر هەڵدەدات و بە ماک کردنی هەموو شتێک بە ئامرازی دەسەڵات دەباتە پێش، زۆربەی بنەما بەنرخەکانی فیکری و مەعریفی باو دەڕوخێنێت و وەک "مارکس" دەڵێت: "هەرشتێکی کە هەیە دەیکاتە تۆز" . گوتە پێش ئەوەی لە فاوست دا سەرسام و شادمان بێت بە موعجیزەکانی مودێرنیتە و ڕوەتی خێرا و بە هێزی زانست و پیشەسازی، زۆرتر نیگەرانی ئەو نرخە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیانەیە کە لە گەڵ مۆدێرنیتەدا دادەڕووخێن و تاساوی ئەو گڕە سەنج ڕاکێشەیە کە بە ناچار تەڕ ووشک لە گەڵ خۆیدا دەسووتێنێت. بەڵام مۆدێڕنیتە لەگەڵ ئەو تایبەتمەندیە بەهێز و وێرانکەرانەدا هەوڵی داوە هەندێک بنەمای مەعریفی هەمەلایەنە لە گەڵ خۆی دا تەعریف بکاتەوە یان داهێنانێک لەو تەعریفانەدا بکات کە لە خەسارەی ئاگری بێ ئامانی کەم بکاتەوە کە یەکێک لەوانەش ئەخلاقی تاک و ڕۆحی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتدارانەیە بۆ بەخۆماڵی کردنیان لە ناو جەستەکاندا، بە شیوەیەک کە تەعریفەکان دەڕووخێنیت بۆ ئەوەی تەعریفی نوێ دابهێنێت و ئەخلاق و سیاسەتی تازە بخوڵقێنێت کە ڕەنگە دڵ وهەستی گوتەی پێ مەرهەم بکرێت.

ئەوەی لای ئێمە زیاتر زەق و کەسەرهێنەرە ئەو دژبەربوون و دژوازبوونەیە کە سیستەمەکانی دەسەڵاتی جیهانی و ناوچەیی و کۆمەڵگاکانی وەک ئێمە تووشی بوون و ئەویش خواستی مودێڕنیتە و بەجیهانی بوونە بە بێ ئەوەی شوناسێک لەو باسە بزاندرێت و یان نیازێک ببێت بۆ ناسینی یان بۆ تێکەڵبوونی. کۆمەڵگاکانی جیهان سێهەمی لە گەڵ ئەوەدا حەز بە تیکەڵبوون لەو ڕەوتەدا دەکەن کە جیهانی گرتۆتەوە بەڵام ئەو ڕەنگبێ هەر "حەز" یان ناچاری بێت و لەڕاستیدا "نیاز" نییە و بۆیەش ناچنە قووڵایی ئەو ڕەوتەوە لەبەر ئەوەی ناتوانن چاو لەو بەرژەوەندیە نەریتیانە داپۆشن کە لەبەردەستیاندایە و سوودی لێ وەردەگرن. ئەو بەرژەوەندیانە سەرچاوەکەی نەریت و کەلتووری کۆنە و ئەگەر نەتوانن لە بواری دین و ئەخلاق و کەلتووردا خۆ بەڕۆژ بکەنەوە ئەوا مۆدێڕنیتە دەبێتە ئەسبابی زەحمەت بۆیان. هەر بۆیە ئەگەر مەعریفەتێک لەو بارەوە نەبوو حەز و تێکەڵبوونەکە دەبێتە مایەی خەلقی "هەستی کۆلۆنیایی" و بەردەگی جەستە و ڕۆحی تاک و کۆمەڵگا و وەک ئەوە وایە واکسەنێک لە نەخۆشێک بدەن کە پیویستی پێی نییە و زیاتر لەوەی ببێتە هۆی چاکبوونەوەی ببێتە ئەسبابی مەرگی. لە راستیدا بێجگە لە ئاپدەیتی شوناسەکان، هەندێک بنەمای ئەخلاقی و مەعریفی دەبێت بڕۆخێت دەنا ناچینە بازنەی مۆدێڕنیتە کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕووخاندنی ئەو شوناسانەیە؛ وەک وتەکەی مارکس، کە پێوایە مۆدێرنیتە ڕەحم بە هیچ شتێک ناکات. ئێمە دەبێ چ بکەین، وەک هەندێک وڵاتی جیهان و لەوانە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە هەموو توانامانەوە نەریت و کەلتووری کۆن بپارێزین یان بە تەواوەتی خۆ بەدەستەوە بدەین و مۆدێڕنیتە بە هەموو لق و پۆپەکانیەوە وەرگرین؟ یان باشترە لە بەرزەخێکی دەستکرددا نە دەستبەرداری نەریتەکان بین و نە چاو لە خۆشی و پێداویستیەکانی مۆدێرن بنوقێنین و "فاوست"ێک بین کە بە حەزی مۆدێڕنیتە تووش خەمێکی نۆستالۆژیک بین لە کاتی ڕووخاندنی نەریتەکاندا.

 پێم وایە هەموو ولاتانی رۆژهەڵاتی ناوین لەم بەرزەخە دستکردەی خۆیان دا دەژین و ناتوانن تەسلیمی ئەو ڕەوتە بن، لە بەر ئەوەی ناتوانن دەستبەرداری نرخە ئەخلاقی و نەریتەکۆنەکان بن. من وەک تاک پێم وایە دەکرێ شوناس و پێناسەکانی پێوەر بدەینە بەر پرسیار و درووست کردنی "گومان". دیارە یەکەم هەنگاوی بیری مۆدێرن گومانە کە دەکرێ بکرێتە ڕەوتێکی باو بە بێ ئەوەی مەترسیەک ببێت لەوەی هێڵێکی سوور ببێت بۆ بەرباسدانی بابەتەکان. وەک نمونە بۆ بە "مصداق" کردنی بابەتەکان ئاماژە بە هەندێک خاڵ دەکەین؛ مافی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی ناویندا دژ بە ئائین یان یەکپارچەیی جوغرافیایی دەوڵەتەکان ناسێندراوە و بۆ کەمینەکان بڤە بووە لە حاڵێکدا خواستی مافەکان لە لایەن ئینتەرناسیۆناڵ و سوسیالیستەکانیش هەر بە هەمان شێوە کەوتۆتە بۆسەی توانج و پێشێلکردن، بۆیە داوای مافی نەتەوەیی وەک "ناسیۆنالیزم" پێناسە کراوە کە دیارە مافێکی سەردەمیانەیە و بەهرەمەندیەکی مۆدێرنیتەیە، لەکاتێکدا ناسیۆنالیزم هەموو مافە نەتەوەییەکان دەستەبەر ناکات. ڕاستترین ڕێ بە لای نووسەرەوە هەر ئەو خواستەیە کە لە فراوانی مۆدێرنیتەدا تەعریف کراوە کە بە بێ تێفکرین و گومان و شی کردنەوە دەستەبەر نابێت. لە گەڵ ئەوەدا نەریتخوازیش دەکرێت تووش وەرچەرخان بێت و بەڕۆژبکرێتەوە بەڵام پێشتر دەبێت لە درووستکردنی گومان لە پیرۆزبوون و راست بوونی نەریت و شوناسەکان و ڕووخاندنی ئاگادارانەی نەریتەکان سڵ نەکەینەوە. گەر چی نمونە بۆ هێناوەی شیکاری زیاتر بۆ بابەتەکە زۆرن بەڵام بەم نموونە و "مصداق" ە کۆتایی بەم باسە دەهێنین. "محەمەد مجتهێدی شبستری" کە پێشەنگی ڕۆشنبیری دینیە لە ئێراندا، لە وەڵامی ئەو کارانەی "داعش" بە فاکت وەرگرتن لە قورئان و سووننەت و مێژووی ئیسلامدا دەیکات لە گەڵ ئەوەدا "مفسر"ێکی گەورەی قورئانە، مافی مرۆف دەکاتە ڕێفرێنس بۆ چارەسەری وەها کێشەیەک و ناچێتە ناو ئیستدلالاتی فیقهی و تەئید و رەدکردنەوەی فاکتە دینییەکان و ڕێک ئەو مەعنایە ناراستەوخۆ دەخاتە مێشکەوە کە مەرحوم مامۆستا شێخ عێزئەددین ساڵانێک لەمەوبەر لە وتوووێژەکانیدا باسی لێوەدەکات و ئەویش تەسلیم بوونی ئاگادارانەیە لە بەرانبەر زانست و خاڵە ئەرێنیەکانی مۆدێرنیتە و "جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ" کە حەقی ژیان و ئازادی بۆ هەمووان دەستە بەر ئاکات.

 
ڕێکه‌و 2017-06-21 09:00:03
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی