قۆناغی نوێی خەبات، كۆتایی سیستەمێكی دواكەوتوو دیكتاتۆر لە ئێران!

عەلی بارامی

رژیمی دەسەلاتدار لە ئێران كە لە سەر بنەمای بیری دواكەوتووانەی پۆلێك ئاخوند دامەزراوەو ماوەی 38 ساڵە بە هەموو شێوەیەك خەڵكی ئێران دەچەوسێننەوە و داهات و سەرمایەی خەڵكی هەژار و سەركوتكراوی ئێران بۆ كاری ئاژاوەگێڕی و خزمەتی بیر و هزری دواكەوتووانەی خۆیان لە ناوچەكە و پەرەپێدانی تاقم و دەستە و گروپی ترۆریستی جۆراوجۆر خەرج دەكەن. لە دوای هەموو تاقیكردنەوەیەك و هەموو جۆرە پیلانێك بۆ بە لارێدابردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و راگشتی لە ئێران، ئیتر وەك دەبینین "خەنەیان رەنگی نەماوە" و خەڵكی ئێران و ناوچەكەو جیهانیش لەوە تێگەیشتوون كە تێكڕای پێكهاتەی ئەو نیزامە پێویستە كۆتایی پێ بێ و نەتەوەكانی ئێران بە ماف و ئازادیەكانیان بگەن و حكومەتێك لەو وەلاتە دەسەلاتی هەبێ كە شیاوی جەماوەر و ئەو شارستانیەتە بێ كە لەلایەن نەتەوەكانەوە بە چاوی رێزەوە سەیری دەكرێ.

ئەگەر چی لە ماوەی نزیك بە 4 دەیە دەسەڵاتی ئاخوندان، بزوتنەوەی شۆرشگێڕانە لە ئێران و كوردستان لێبراوانە لە مەیداندا بووەو بەردەوام بووە لە قوربانی دان و بۆ بردنە پێشەوەی خەباتی رەوا و ئازادیخوازانە دژ بەو دەسەڵاتە دواكەوتوو و تێكدەر و تیرۆریست پەرەوە ساتێ نەوەستاوە، بەڵام ساڵی 2017 كۆمەڵێك پێشهاتی نوێ رووی دا كە نەك هەر لە راستای بەرژەوەندیەكانی رژێمدا نەبوون بەڵكوو راست دژایەتیان لەگەڵ سیاسەت و بەرنامە و بوونی رژێمدا هەیە.

ساز بوونی هاوپەیمانیەكی ناوچەیی بە سەرۆكایەتی عەرەبستان بۆ بەرەوروو بوونەوە لەگەڵ هێژموونی و چالاكی تێكدەرانەی رژێم لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست. كە كاریگەریەكانی ئەم هاوپەیمانیە لە یەمەن و سوریە دەركەوت. دواییش وەك یەكەم هەنگاوی ئاشكرا و روون گەمارۆی سیاسی و ئابووری خستە سەر وەڵاتی قەتەری دۆستی نزیكی رژێم.

گۆران لە دەسەڵاتی ئەمریكا و هاتنی دۆناڵد ترامپ كە بە پێچەوانەی حكومەتی ئوباما نەیارێكی سەرسەختی رژێمی ئێرانە و كابینەكەشی پێكهاتووە لەو كەسانەی جیددین لە بەرەوروو بوونەوەی رژێم لە ناوچەكە و لەوە زیاتریش وەك رێكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش ئیشارەی پێدا ئەمریكا كار بۆ رووخانی رژێمی ئێران دەكات.

گرتنی كونفرانسی عەرەبی، ئیسلامی ئەمریكایی لە ریاز بە بەشداری سەرۆك كۆماری ئەمریكا و ژمارەیەكی زۆر لە وەلاتانی عەرەبی ئیسلامی  و بریاردان لە سەر بەرەورووبوونەوەی تیرۆریزم و بەتایبەتیش رژێمی ئێران و پێكهێنانی ناوەندێك بۆ لێدانی سەرچاوە داراییەكانی تیرۆریستان.

لەوانەش گرینگتر كۆبوونەوەی ئێرانیان ئازادیخواز لە پاریس كە لەلایەن شۆرای ملی مقاومەتەوە لەژێر ناوی "ئێرانی ئازاد" رێكخراو تیایدا ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی سیاسی و ئەندام پارڵمان لە هەر پێنج قارەكەی جیهان بەشداریان كرد و لە پەیامەكانیاندا بەروونی ئیشارەیان بە پێویستی روخانی رژێمی ئێران و بە فەرمی ناسینی شۆرای ملی مقاومەت كە تەنیا ئاڵترناتیوی رژیمە و داوایان لە حكومەتەكان كرد پشتیوانی لە شۆرای ملی مقاومەتی ئێران و رێكخراوی موجاهیدینی خەڵكی ئێران بكەن.

ئەگەر چی پێشتر هەست بە ئاڵوگۆر لە سیاسەتی وەڵاتانی ناوچە و جیهان لە حاست رژێم دەكرا، بەڵام  كۆبوونەوەی بەرینی پاریس لە 10ی پووشپەردا، خالی وەرچەرخان و دڵنیاكەرەوە بوو كە سیستەمی سیاسی لە ئێران دەبێ بگۆرێ و بۆ ئەم ئاڵووگۆرانەیش بزوتنەوەی ئازادیخوازی و خەڵكی نارازی و چەوساوەی ئێران دەوری ئەساسی و سەركیان لە ئەستۆ دەبێ. هاوكات سازمانی خەبات وەك هێزێكی خاوەن پێگە لە بزوتنەوەی مافخوازانەی كوردستانی ئێران و وەك بەشێك لە بزوتنەوەی شۆرشگێڕانە و ئازادیخوازانەی ئێران لەو كربوونەوە بەرینەدا چالاكانە بەشداری كرد و سكرتێری گشتی روانگەی سازمانی خەباتی لەپێوەند بە رژێمی ئێران و داهاتووی ئەو وەڵاتە خستەروو.

هەروەها مریمی رەجەوی سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی شۆرای ملی مقاومەتی ئێران، لە پەیامی تایبەتی خۆی دا وێرای باس كردن لە دۆخی خەڵك و كێشەی نێوباڵەكانی رژێم و قەیرانە ئابووری كۆمەلایەتیەكان، ئیشارەی بە چەندین خاڵ وەك چارەسەری كێشەی ئێران كرد، وەك:

تاكە چارەسەر روخانی رژیمی ویلایەتی فەقیهە، كە كاریگەرترین هێز بۆ ئەو مەبەستە راپەرینی جەماوەری، بوونی هێزێكی گۆرانخواز و دیموكراتیك وەك جێگرەوەی رژێمی دەبێ، كە ئەو هێزە خاوەن بەرنامە و وەڵامە بۆ پركردنەوەی درزە سیاسی و كۆمەلایەتیەكانی كە لە ئێراندا دروست بوون وەك باوەری نەگۆر بە دەنگی خەڵك و هەڵبژاردنی ئازاد، جیایی دین و دەوڵەت، بەشداری چالاكانەی ژنان لە رێبەری كردنی كۆمەڵگە، پشتیوانی لە مافی خودموختاری بۆ نەتەوەكانی ئێران. 

هەروەها وەك هەنگاوی یەكەم لەو پێوەندەدا مریەمی رەجەوی پێشنیارەكانی خۆی خستەروو كە بریتی بوون لە: مقاومەتی خەڵكی ئێران بۆ روخانی ئیستبدادی مەزهەبی لە ئێران بە رەسمی بناسن. رژێمی ئێران لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوی هاوكاری ئیسلامی دەركەن و شوێنەكەی بدەن بە مقاومەتی خەڵكی ئێران.

سپای پاسداران بخەنە لیستی تاقمە تیرۆریستیەكان و لە تێكرای ناوچەكەی وەدەر نێن.

خامنەیی و باقی دەسەڵاتدارانی رژێم بەهۆی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی بەتایبەت كوشتاری ساڵی 67 و تاوانی جەنگی لە ناوچەكە راكێشنە بەردەم عەداڵەت.

وەك باس كرا، چەندین هۆی دەرەكی نێوخۆیی بەتایبەت پەرەسەندنی قەیرانەكان لە كۆمەڵگەی ئێران و نارەزایەتی تێكرای چین و تووێژەكان و بوونی بزوتنەوەیەكی بە بەرنامە و خاوەن پشتێوان لە كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، سەرتایەكە بۆ دەستپێكی خەباتێكی یەكانگیر و كاریگەر بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی دیكتاتۆر و گەندەڵ و لاواز و گۆشەگیر كراوی ئێران، لە ناوچەكە و جیهان.




 
ڕێکه‌و 2017-07-04 15:40:52
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی