خاك و گەل

جه‌لال خۆشکه‌لام

خاک ده‌ڵێ ئه‌مڕۆ ڕۆڵه‌یه‌کی دڵسۆزی ئێوه‌م له‌باوه‌ش گرت، گه‌لیش ده‌ڵێ نا مه‌که‌ توخوا مه‌که‌، ئێستا ڕێگه‌ی خه‌بات و نه‌وه‌ستانمان درێژه‌ی هه‌یه‌ و به‌کۆتا نه‌هاتوه‌. پێویستمان به‌ ڕێنوێنی و ڕێگا پیشانده‌ر هه‌یه‌، مامۆستا و سه‌روه‌ری وامان لێ مه‌ستێنه‌، چونکه‌ که‌من، به‌ده‌گمه‌‌نن، بۆ خه‌باتمان، تێکۆشانمان وزه‌ و هێز و باوه‌ڕ و پڕ به‌رهه‌من.

خاکیش ده‌ڵێ: ساویلکه‌ نیم، بێوه‌فاش نیم، هه‌تا هه‌بووم خاکی به‌رپێی ئه‌وان تێکۆشه‌ران بووم و ده‌بم. چونکه‌ ئه‌وان بۆ هه‌ناسه‌ی من ژیاون، له‌گه‌ڵ شنه‌ی خاکی دامه‌ن و، تاشه‌ به‌ردی ده‌شت و شاخ و وورده‌ زیخی چه‌م و کانی دا گوراون. له‌هه‌ر شوێنێ زۆردارێکی نامۆ ، خوێن ڕێژێ چاوی ته‌ماعی تێ بڕیبم، ئه‌وان شێر ئاسایی لێی ڕاساون، ده‌ربه‌ده‌ر بوون، له‌ ئازیزان دابڕاون. ئه‌وان له‌ مێژووی خاکا ڕه‌گیان هه‌یه‌. سروشتی گه‌ردونیش وایه‌ ئه‌وان له‌ پاش خۆیان تۆویان هه‌یه‌. ‌هه‌میشه‌ سه‌وز و پڕ به‌رهه‌من، سه‌رچاوه‌ی به‌رخودان و خه‌بات و نه‌وه‌ستانن. گه‌لیش ده‌ڵێ: ببوره‌ لێم ئێمه‌ هه‌موو هه‌ر بۆتۆین و دوامه‌زڵیشمان لای تۆ ده‌بێ، به‌ڵام ڕێگه‌ی خه‌باتمان درێژه‌ی هه‌یه‌، هێشتا زوه‌ سه‌روه‌رانمان ، زانا و بلیمه‌تی ئاوامان له‌نێودا نه‌مێنێ. خاکیش ده‌ڵێ: ئه‌ی بڕبڕه‌ی پشت و په‌نام، گه‌لی هه‌تا هه‌بوو به‌ نه‌وه‌بوو له‌سه‌ر دڵ و هه‌نام، وره‌ت هه‌روا پۆڵاین بێ، ڕێگات هه‌روا ئاوه‌دان بێ، چۆک دامه‌ده‌ تێبکۆشه‌ ئه‌وه‌ ئامانجی من و تۆشه‌، به‌ڵام ڕێگای له‌ده‌ست دانی ئازیزان و سه‌روه‌رانمان هه‌ر له‌ڕێیه‌، یاسایی گه‌وره‌ی ژیانمانه‌. ئێمه‌ش به‌شێکی ئه‌م گه‌ردونه‌ین، له‌ده‌ست دان و نه‌مانیش بۆ خۆی به‌شێک له‌ سروشتی گه‌ردونمانه‌. مامۆستای گه‌ل شێخ جه‌لالی حسێنی، تێکۆشه‌ری خه‌بات،ی ڕێگه‌ی نه‌جات له‌ ئامێزی گه‌رمی من دایه‌، منی دایک بۆ ئه‌و، منی دڵدار و وه‌‌فادار بۆ ئه‌و، هه‌ر وه‌کو ئه‌و بۆ من دڵدار بۆ من وه‌فادار. مێژووی ئه‌وان بزر نابێ، ده‌سکاری وان تێک ناچێ، هزر و باوه‌ڕیان هی گه‌ل و خاکیانه‌ و هه‌رگیزاو هه‌رگیز لێمان دا نابڕدرێ. ئه‌وان بۆ ئێمه‌ مامۆستان، ئه‌وان بۆ ئێمه‌ چران، ڕووناکیمان پێ ده‌به‌خشن، باده‌ی ژیانی سه‌ربه‌رزیمان پێ ده‌نۆشن. لێمان نابنه‌وه‌ له‌گه‌ڵمانن، له‌گیانمان دا ده‌ژین و له‌ناو خوێنمان تێکه‌ڵاون.

 
ڕێکه‌و 2017-07-21 16:12:55
به‌شی ( ئه‌ده‌ب و هونه‌ر )







سیاسی