مامۆستا مه‌لا شێخ جه‌لالی حسێنی

مامۆستا ژیلوان هەڵەدنی

كوڕی قازی شێخ ساڵحی بانه‌یه‌ و له‌ساڵی 1307ی كۆچی هه‌تاوی له‌شاری بانه‌ له‌دایك بووه‌، مامۆستا شێخ جه‌لال دووه‌مین كوڕی شێخ ساڵح بووه‌، برای شێخ عیزه‌دینی حسێنی بووه‌. سه‌ره‌تای زانسته‌ دینیه‌كانی له‌لای باوكی خوێندووه‌و پاشانیش له‌سه‌رده‌ستی (مامۆستا مه‌لاباقر) له‌دێی بالكی سه‌ربه‌مه‌ریوان ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رده‌گرێ، دواتر وه‌ك مامۆستا و موده‌ریس له‌شاری بانه‌ له‌مزگه‌وته‌كه‌ی باوكی ده‌ست به‌ ته‌دریس دەكا.

له‌ڕووی كاری سیاسیه‌وه‌، مامۆستا شێخ جه‌لال له‌دوای دروستبونی كۆمه‌ڵه‌ی (ژ.ك) له‌شاری مهاباد و ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌ئه‌نجامی جه‌نگی دووه‌می جیهانی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دروست بووبوو،كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر بارودۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، مامۆستا شێخ جه‌لالیش كه‌ ئه‌وكاته‌ فه‌قێ بووه‌، له‌سه‌ر ڕێنوێنی شێخ عیزه‌دینی برای و (مه‌لاعه‌بدوڵڵای حه‌سار) ده‌بێته‌ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی (ژ.ك)، و له‌ڕێوڕه‌سمی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌بۆكان به‌شداربووه‌ .

مامۆستا شێخ جه‌لال له‌دوای ڕووخانی كۆماری مهابادو ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا هاته‌ ئاراوه‌ ، درێژه‌ به‌كاری مه‌لایه‌تی خۆی ده‌داو چه‌ندین زانای ئاینی له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان له‌سه‌رده‌ستی مامۆستا شێخ جه‌لال پێده‌گه‌ن و ده‌بنه‌ مامۆستای ئاینی به‌توانا.

مامۆستا شێخ جه‌لال له‌بواری ئه‌ده‌ب و نوسینی شیعریشدا ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه‌ و هه‌ر له‌ساڵانی سه‌رده‌می كۆمار و ڕۆژنامه‌ی كوردستان شیعره‌كانی بڵاوده‌كاته‌وه‌ له‌ساڵی 1350 كۆچی هه‌تاویه‌وه‌ شیعری له‌باره‌ی زمانی كوردیه‌وه‌ نوسیوه‌ .

زمانی شیعری مامۆستا شێخ جه‌لال مللانێی سروشت و شۆڕش بووه‌ و نازناوی شیعریشی (په‌ژار)بووه‌، ده‌توانین بڵێین له‌تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی شیعری ئه‌و ئه‌مانه‌ بووه‌:

یه‌كه‌م : ئاشتكردنه‌وه‌ی ناته‌باییه‌كان : له‌زمانی شیعردا واقع پڕه‌ له‌ناته‌بایی، شیعر به‌واتای ڕێكخستن و هۆنینه‌وه‌ی ئه‌م ناته‌باییانه‌ له‌ دێڕه‌كاندا، كه‌نمونه‌ی ئه‌م جۆره‌ زۆرن له‌شیعره‌كانی مامۆستا شێخ جه‌لال.

دووه‌م:دووباره‌بونه‌وه‌ی له‌یه‌كچووه‌كان : وه‌ك قالبێكی باوی شیعری سه‌رده‌م .

سێیه‌م: بوونی جۆراوجۆری له‌ شیعری (نیشتمانپه‌روەری و ئه‌وینداری و كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی و په‌روه‌ره‌ده‌یی و باری ژیانی ئازادی پێشمه‌رگه‌و شه‌هید و هه‌روه‌ها شیعری لاوانه‌وه‌ (كه‌ زۆر زۆرن له‌ به‌یته‌ شیعریه‌كانیدا).

چواره‌م: بوونی دایالۆگ له‌شیعره‌كانیدا: له‌وانه‌ له‌نێوان (شه‌هیدو دایكی شه‌هید ).

پێنجه‌م :یه‌كێكی تر له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی شیعری مامۆستا شێخ جه‌لال بریتیه‌ له‌: بیركردنه‌وه‌یه‌كی كوردایه‌تیانه‌ كه‌ (زمان و ڕوحی نه‌ته‌وەیی ) له‌ شیعره‌كانیدا.

پێنجه‌م : تێكستی به‌رگری (مقاومت): كه‌ به‌شێك له‌ به‌یته‌ شیعریه‌كانی به‌رگریانه‌ن و ده‌توانین بڵێین له‌ جۆری به‌یتی به‌رگرین .

شه‌شه‌م: شیعری په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و دینی ...

ئه‌مه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مامۆستا شێخ جه‌لال له‌بواری نوسینی په‌خشانیش وه‌ك لایه‌نێكی گرنگی ئه‌ده‌بی به‌توانابووه‌ .

مامۆستا شێخ جه‌لال له‌ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێراندا له‌ساڵی 1979 وه‌كو زانایه‌كی ئاینی به‌نفوز ڕۆڵێكی گرنگی بینی له‌هاندان و زۆرجاریش پێشڕه‌وی كردنی خه‌ڵكی ناوچه‌ی بانه‌و ده‌وروبه‌ری دژی دام وده‌زگای ڕژێمی شایه‌تی. دواتریش یه‌كێك بوو له‌ ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری مامۆستا شێخ عیززه‌دین و به‌رپرسی هێزه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی بوو، له‌كاتی هێرشی ئه‌رته‌شی كۆماری ئیسلامی بۆسه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان له‌كاتی شه‌ڕی سێ مانگه‌ (21/8/1979-21/11/1979) ئه‌م هێزه‌ ڕۆڵێكی كاریگه‌ری بینی له‌ په‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ڕژٍیمی تازه‌و هه‌رله‌م بواره‌دا شه‌هیدێكی زۆریدا ،نمونه‌ی هه‌ره‌ به‌رچاوی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م هێزه‌ له‌شه‌ڕی دژی (گاردی جاویدان)دا بوو له‌بانه‌ به‌ری هێزه‌كه‌ی گرت و توانی ئه‌م هێزه‌ تێك بكشكێنێ .ڕۆژی دواتر (خومه‌ینی )له‌ بانگه‌وازێكدا ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستانی بیست ،ئه‌مه‌ش له‌دوای تێكشكانی له‌م شه‌ڕه‌و چه‌ند شه‌ڕێكی تری چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاجیای ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان.

مامۆستا شێخ جه‌لال له‌دوای بێ هیوابوونی له‌وه‌ی مامۆستا شێخ عیزه‌دین ،ده‌فته‌ره‌كه‌ی ناكاته‌ ڕێكخراوێكی سیاسی وچه‌كداری ،له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك زانای ئاینی و كه‌سایه‌تی تری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ ئه‌مانه‌ بوو : شێخ جه‌لالی حوسێنی - مه‌لا خدری عه‌باسی -مه‌لا كه‌ریمی سه‌ییادی - سه‌ید عه‌بدولڵا ئارام-مه‌لا حوسێنی گورجی -مه‌لا عومه‌ری به‌رزنجی - سه‌ید خه‌لیلی شه‌ریفیان ).. ڕێكخراوێك به‌ناوی (سازمانی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی و ئیسلامی كوردستانی ئێران) له‌ ڕۆژی 27-8-1980 داده‌مه‌زرێنن و ده‌ست ده‌كه‌ن به‌خه‌باتی سیاسی و چه‌كداری ،مامۆستا شێخ جه‌لال له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌ وه‌ تاوه‌كو كۆنگره‌ی (سێ )له‌ساڵی 2004 وه‌ك سكرتێری ڕێكخراوه‌كه‌ مایه‌وه‌ .

شایانی ئاماژه‌یه‌ سازمانی خه‌بات له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌میه‌وه‌ له‌ساڵی 2004 وه‌ ناوی خۆی گۆڕی بۆ (سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئێران )

مامۆستا شێخ جه‌لال له21/6/2010 له‌یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی شاری هه‌ولێر كۆچی دوایكرد.

هه‌زاران سڵاو له‌گیانی پاكی مامۆستا شێخ جه‌لال و هه‌موو شه‌هیدانی كوردو كوردستان.

 
ڕێکه‌و 2017-07-22 10:09:02
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )







سیاسی