مامۆستا شێخ جەلال سەربەرزانە ژیا

هیوا ئەحمەدی

ۆڵا تَقُولُوا لِمَن یُقْتَلُ فِی سَبِیلِ الڵّهِ أَمْۆاتٌ ۚ بَلْ أَحْێا‌وٌ ۆڵٰكِن ڵّا تَشْعُرُونَ

ئەم کەسانه که لەرێی خودا واته خاک و نیشتمان و دینەکەیاندا دەمرن، مەڵێن مردوون بەڵکه ئەوان زیندوون و ئێوه هەستی پێناکەن.

بەڕێزان؛

کاک بابەشێخ حوسێنی!

کۆمیتەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران له نۆڕوێژ

ئەندامان و لایەنگرانی سازمانی خەبات، نوێنەری هێز و لایەنه سیاسییەکان ، کەسایەتییه سەربەخۆ و نیشتمانپەروەرەکان و میوانانی هێژا ، سڵاوێکی گەرم و بەتین

هەروەک دەزانن ٢١ ی ژوولای ٢٠١٧ی زایینی حەوت ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستای هێژا و لێزانی کورددا تێپەڕی. بەو بۆنەوه وێڕای سەرەخۆشی دووبارەم ، سڵاو دەنێرم بۆ روحی بەرزی مامۆستای پایەبەرز و یەکێک له رێبەر و رێكخەره مەزنەکانی بزووتنەوەی ڕەوای گەلی کورد و هیوادارم روحی ناوبراو بەبەهەشتی بەرین شاد و له دڵی ئێمەمانایشدا بۆ هەتاهەتایه زیندوو و لەیاد نەکراو بمێنێتەوه.

لەڕاستیدا مێژووی خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کورد هەم به زۆر قۆناخی حاسیه و حەستەمدا تێپەڕیوه و هەمیش زۆر خەڵکی جۆراوجۆر به بۆچوون و ڕامانی جیا و دوور له یەکتر ئەرکی راپەڕاندنی ئەو خەباتەیان وەئەستۆ گرتووه که ئینسافەن ئەوه خۆی له خۆیدا مومارسەی دێموکراسی و تەمرینی پێکهەڵکردن و پێكەوە ژیانە. چوونكە نەتەوە لە سادەترین پێناسەی سۆسیۆلۆژی دا، لە كۆمەڵێك مرۆڤی هاوزمان، هاو ئایین، هاورەچەڵەك لە چوارچێوەیەكی دیاری كراودا لەسەر ماف و داخوازیەكانیان پێك دێت كە ئەوان بە بیر و باوەری جیاواز لە دەوری یەكتردا، كۆدەكاتەوە. 

بەڵام بنچینەو بناخەی شۆڕشی نەتەوایەتی و بزووتنەوه یەک لەدوای یەکەکانی کورد، سەری له حوجره و خانەقاکان هەڵداوه و زۆربەی رێبەرانی ئەو بزووتنەوانه لەو بنکه و بارەگایانەوه بزووتنەوەی کوردیان رێبەریی و ڕاستەرێ کردووه. دیاره ئەوه قەت بەو مانایه نایه که هەموو حوجره و خانەقاکان ئەو ڕۆڵهیان گێڕاوه و به یەک ڕاده ئەو شانازییەیان پێبڕاوه ... که ئەو کات جیاوازیی له نێوان شێخ و مەلای شۆڕشگێڕ دەگەڵ پێچەوانەکانی خۆیان نەدەکرا و ئەو زوڵمه هەر ڕاست له خودی ئەو شێخ و مەلا شۆڕشگێڕانه دەکرا که ژیانی خۆیان لەپێناو سەربەستی و ڕزگاریی نەتەوەکەیاندا تەرخان کردووه. هەر بۆیه لەو هەموو حوجره و خانەقا و بنکه و بارەگایه تەنیا ناوی ئەو شۆڕشگێڕانه هاتووه که بۆ رزگاریی له کۆلۆنیالیزم و سیاسەتی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی به بیری ئایینی و نەتەوەیی خەباتیان کردووه و ناویان بۆ هەتا هەتایه له لاپەڕەکانی مێژووی گەلی کورددا به تۆمار کراوی ماوەتەوه . بەشێک لەوانە بریتین لە شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، شێخ عەبدولسەلام بارزانی، شێخ مەحمودی حەفید، شێخ سەعیدی پیران، شۆرشی ئاگری و دەرسیم بە رێبەرایەتی شێخ رەزا دەرسیمی، شۆرشەكانی بارزان و كۆمارە جوانەمەرگەكەی كوردستان بە رێبەرایەتی زانای بێ وێنە و هەڵكەوتەی كورد كورد پێشەوا قازی موحەمەد كە بزوتنەوەی حەقخوازانەی كورد لەمرۆدا لە درێژەی ئەو راپەرینانەدا خۆی دەبینێتەوە. بێگوومان خەبات و تێكۆشانی خوالێخۆشبوو مامۆستا شێخ جەلال حوسێنی دەچنە خانەی ئەو خەبات و سەرهەڵدانانە كە خەباتی ئایینی و نەتەوایەتی كوردیان رێبەری كردووە و وەك سومبول و شانازی لە لاپەرەكانی مێژووی خەباتی نەتەوەكەیاندا دەمێنێتەوە. دیارە كاتێك باسی خەبات دەكرێ هەموو لایەنەكانی سیاسی، فەرهەنگی، كۆمەلایەتی و ئابووری و هتد... دەگرێتەوە. لە زۆربەی ئەو بوارانەدا خزمەتی بەرچاویان كردووە. بۆ وێنە پاشخان و پاڵپشتی سەرەكی وێژە و ئەدەبی كوردی بوونە و كاژی ئەدەبی كوردیان بە بارستای شۆرش و بەرخۆدان دیاری كردووە. هەمووی ئەو زانایانە لە بواری ئەدەبی و زانستی و ئەدەبناسی توانای بەرچاویان هەبوو و زۆربەیان وەك ئەدیب و شاعیر جێ پەنجەیان بە روخساری ئەدەب و وێژەی كوردەوە دیار و بەرچاوە كە خوالێخۆشبوو مامۆستا شێخ جەلالیش سەرەرای ئەوەی كە زانا و بلیمەتێكی ئایینی و سیاسی بوو، ئەدیبێكی بەتواناو شاعیرێكی پڕهەست بوو كە لەو رێگەشەوە هاندەر و بزوێنەری هەستی نەتەوایەتی خەڵكی سەردەمی خۆی بووە.

ئەندامی كۆمەڵەی ژ.ك بووە كە لەسەر ئەساسی هەستی نەتەوایەتی و ئایینی پێكهاتبوو. خەبات و بەربەرەكانێی بەرێزیان دژ بە داگیركەرانی كوردستان لەو كاتەوە دەستی پێ كرد و تا كۆتایی ژیانی بەردەوام بوو. ئێستاش رێبازەكەی لەلایەن رێبوارانی ئەو رێگایە درێژە دەدرێ و ئاواتەخوازین هەر بەردەوام بێ. 

بەداخەوە بە نەمانی جەستەیی ئەو ناودارانە، بەرە بەرە بواری ئایینی لە رووپەری ئەو خەباتە رەوایەدا كەمرەنگ دەكرێشیمانە دەكرێ لە داهاتوودا تەرازووی ئەو خەباتە بە نەمانی ئەو بوارە گرینگ و هەستیارە لاسەنگ كرێت كە ئەو كات یەكێك لە خاڵە پێناسە كراوەكانی دەستەواژەی نەتەوە نوقسانی دەكەوێنێ‌ و رێچكەی ئەو گەورە پیاوانە فەرامۆش دەكرێ. ئەو رێبەرە مەزنە ئایینی و نەتەوەییانە لە هەر دووك بواری ئایینی و نەتەوەییەوە پارسەنگی ئەو خەباتەیان راگرتبوو و بە پشتبەستن بە باوەری مەعنەوی و نەتەوەیی خۆیان قەت حازر نەبوون بە زەڕە لە ئەرك و كاری نیشتمانیدا درێغ بكەن. تەنانەت ژیان و گیانیشیان بۆ داناوە و قەت لێی پاشگەز نەبوونەتەوە.

مامۆستای كۆچكردوو مامۆستا شێخ جەلالیش ئاوا سەربەرزانە بەم باوەرەوە ژیا و بەم باوەرەشەوە ماڵئاوایی لێكردین.

رۆحی بەرزی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین و رێگای پڕ رێبوار بێ.




 
ڕێکه‌و 2017-08-07 15:35:53
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )







سیاسی