لە پەسنی ٥ی خەرمانان



رێبوار حوسێنی

وەرن مێژوو هەڵدەنەوە،

جوان سەرنج دەن، بیخوێننەوە!

بڕگە بە بڕگە، دێڕ بەدێڕ،

باس بەباس، باژێڕ بە باژێڕ!

دەریا بەدەریا، بەژ بە بەژ،

پێدەشت بە پێدەشت، كێو و كەژ!

وەرز بە وەرز، ساڵ بەساڵ،

نوختە بە نوختە، خاڵ بەخاڵ!

قۆناغ قۆناغ، سەردەم سەردەم

حەماسە و دەستكەوتی، سەرجەم!

سەرنج بدەن سەرو خواری،

مێژووی شۆڕشی رزگاری!

پڕ لە رەنج و كارەساتە،

هەمووی هەر رەنج و خەباتە!

تەژییە لەو رۆژە گەشانە،

كە بوونە رەمز و نیشانە!

یەك لەو رۆژە بەرچاوانە،

رۆژی ٥ی خەرمانانە!

¤ ¤ ¤

هۆ خەرمانان!

كۆی سوری سەر خەرمانی كورد!

یادگارەكەی پیری ژیری،

رێبەری رێگە دیاری كورد!

تۆ بەرهەمی رەنجی ساڵی! 

خورپەی دڵی دایكی شەهید،

خەندەی سەر لێوی مناڵی!

چاوگەی كانی بن بناری

سروەی شەماڵی نزاری!

لە پێدەشت و لە لێڕەوار،

لە چۆڵگە و لە دێهات و شار،

لە كارگە و بازاڕ و باژێر،

لای مامۆستا و شوان و جوتێر،

لە سەنگەر، لە قوتابخانە،

لە هەر كوێی ئەم نیشتمانە،

بووی بە سروودی سەردەمان

لە سەر دڵ، لادەبەی خەمان!

تۆ شانازی كوردستانی،

بەرهەمی رێبەری ژیری،

رەمزی گیانبازی و قوربانی!

زمهەڕی ناو هیزرەی مێژووی،

نانەبەرەی پڕ لە توێشووی!

بە تۆ سەر بەرزە هۆزی من!

چاوی پێت هەڵنایا دژمن!

سەر دادەنێم لە پێناوت،

رۆح دەدەم بۆ بەرزی ناوت!

وەك رێـبوار،ی رێی بەختیاری

هەڵبەستم دەكەم بەدیاری!

بە بەرزی ناوت هەڵدەڵێم

روو لە كوردستانم دەلێــم:

ئەوا دیسان خەرمانانە و، 

وەرزی بەرهەمی خۆڕانان!

وەرزی خێر و بێری رەنجی،

یەك ساڵ هەوڵی بە بێ وچان!

لە جاڕی رەنج و تێكۆشان،

گوڵە حاجیلە خەمڵاون!

لەسەر خەرمانی خەمخۆران،

كۆگای هیوا لە بەر چاون!

وەرزێر داسی دەستی دانا،

شەنیار شەنی نایە سەر شان!

پاڵە دوا گەوزی خۆی لێدا،

كرشەی كێشایە سەر خەرمان!.

ها سەیركەن!

وەرزێرەكەی خەباتی گەل، 

سەربڕانەی سەربڕیوە!

بەرهەمی هەوڵ و تێكۆشان،

ئەمساڵ سی و چواری برێوە!

سی و چوار ساڵە، فەلا وپاڵە،

باخە باخە، سواڵە سواڵە،

بەبێ وچان، بێ پشوودان

پیخوێ پێخوێ، خوێیان خوێیان،

دێننە سەر جووخێنی شادی،

بۆ رۆژی شەنی ئازادی!

ئەوسا شەنیارانی ژیرم،

رۆڵەی بە هۆش و تەدبیرم!

بەرهەمی خەرمانی خەبات،

دەبەش دەكەن لە ناو وڵات!

لە گشت خاكی كوردەواری،

دەیكەن بە جێژنی رزگاری!

ئەوسا رێـبـوار،ی دوور وڵات،

لە گەڵ هاوكۆڕانی خەبات!

پیرۆزدەكا خەرمانانی،

لە نەتەوە و نیشتمانی!.

 
ڕێکه‌و 2017-08-18 10:24:26
به‌شی ( ئه‌ده‌ب و هونه‌ر )







سیاسی