پێنجی خه‌رمانان

مامۆستا سەید جەلالی حوسێنی (پەژار)

گەلاوێژی 1374ی كۆچی خۆری

ئه‌ستێره‌ی سووری ئازادی 

پێنجی خه‌رمانانی شادی

ئه‌ستێره‌ی پێنج په‌ڕی په‌ڕجوان 

ڕه‌مزی پێنج پارچه‌ی كوردستان 

ئه‌ی به‌رایی رۆژی ڕوونم 

ئه‌ی تیشكی دیده‌ و ده‌روونم 

به‌خێر هاتی پێ پیرۆزی 

شادیت هێنا، داهات، رۆزی

كۆی سووری سه‌ر خه‌رمانانی 

ڕوو سووری لای نیشتمانی

وێنه‌ی زامی له‌شی شه‌هید

گه‌ش وه‌ك چاوی گه‌شی شه‌هید

ئه‌ستێره‌ی گه‌شی به‌ربه‌یان 

پنجی خه‌باتی كوردستان

بۆ كوردستانم ماهواره‌ی 

به‌رچاو ڕوون و بێ شه‌واره‌ی

كوردستانت پاك لێ دیاره‌ 

چاو بگێڕه‌ كوێ گوڵزاره‌؟

كوێ نزاره‌؟ كوێ چیمه‌نه‌؟ 

كوێ زه‌نوێر و به‌ دیمه‌نه‌؟

كوێ ته‌ڕ و سێبه‌ر و چڕه‌؟ 

بڕوا بولبول له‌ كوێ كڕه‌

له‌ تاو گوڵ خه‌م دایگرتووه‌؟ 

یان به‌بێ نازی خه‌وتووه‌؟

له‌ خه‌م له‌ خه‌و ڕای په‌ڕێنه‌ 

به‌ بانگ به‌ تیشكی ئاوێنه‌

زوو بگڵۆفێ چاوی كاڵی 

به‌ شانه‌ كا په‌ڕ و باڵی

بۆلای سروه‌ هانا به‌رێ 

بلوێری گه‌رووی بۆ بسڕێ

سه‌رێك هه‌ڵێنێ له‌ شیوبا 

نمێك له‌ لێوی ووشكی با

جا بێ بۆلای من بۆلای من 

پیری داخ و ده‌ردی دژمن

په‌ژاری دڵ پڕ له‌ ئاوات 

پڕووكاوی كووره‌ی خه‌بات

دڵ خۆش به‌ دێمانه‌ی شادی 

خه‌مبار به‌ جه‌نگ و بێ دادی

چه‌ند ساڵه‌ ساتان ده‌بژێرێ 

ساتێك بێ هیوا نابوێرێ

چاوه‌روانی ئازادیه‌ 

به‌ هیوای سروه‌ی شادیه‌

كورد ئازاد بن بێ دووپۆیی 

له‌ هه‌ندا یه‌ك بن و خۆیی

بێ من من و بێ تۆ تۆیی 

به‌ بێ مۆڕه‌ و بێ نامۆیی

له‌ بیر نه‌كه‌ن رۆژانی ڕه‌ش 

خوێنی شه‌هیدان خوێنی گه‌ش

كه‌ ڕژان به‌ ده‌ستی زۆرداران 

له‌ ناو دێیان له‌ ناو شاراران

له‌ ده‌شت و كێو له‌ خوار له‌ سه‌ر 

له‌ سه‌ر شه‌قام له‌ ناو سه‌رنگه‌ر

تا ئازادكه‌ن كورده‌واری 

له‌ ده‌ست بێگانه‌ و لاساری 

كورد بۆ یه‌ك بن بۆ یه‌ك بمرن 

بۆ نامۆ و نه‌ویست گوێ نه‌گرن

كه‌ڵك و رێزیان ببێ بۆ خۆ 

نامۆیی بكه‌ن له‌ نامۆ

بابێ بۆم جێژنه‌ كوردانه‌ 

جێژنی پێنجی خه‌رمانانه‌

كه‌ گیراوه‌ له‌ سارایه‌ 

له‌ ده‌ری شار له‌ په‌نایه‌ 

هه‌ر وه‌ك گولی دوور ئاوایی 

قوره‌نتێنه‌ی نایی دوایی

ده‌ڵێن ئاواران دزێون 

په‌ری و ئاده‌می نین دێون

نابێ كۆ بن له‌ ناو شاران 

ده‌هاروژێنن جن داران

لێمان ده‌ره‌نجێن بێگانه‌ 

چ بكه‌ین ژینمان به‌ ده‌س وانه‌

كوتمان باشه‌ باری خوایه‌ 

ئه‌وا خزاینه‌ په‌نایه‌

وه‌ره‌ ناو كۆڕمان جوانه‌ مه‌ل 

لێره‌ش بۆت ده‌كرێ په‌لا و په‌ل 

په‌لی پڕ ئاونگی برژانگ 

له‌ سه‌ر برژانگان لێده‌ بانگ

گه‌رمی دابێنه‌ به‌ سازت 

دلان گه‌ش كه‌ به‌ ئاوازت

له‌ من ووره‌دان به‌ دلان 

له‌ تۆش سۆزی مانگی گولان

له‌ من هۆنراوه‌ی پڕ له‌ سۆز 

له‌ تۆش سازی جێژنی نه‌ورۆز

دره‌نگه‌ ده‌ی بولبولی جوان 

ده‌با نه‌چین له‌ دوو چوان

بێ گوڵ نابی وه‌ره‌ كه‌سه‌ 

بۆ ئاواران یه‌ك گوڵ به‌سه‌

گوڵمان پێنجی خه‌رمانانه‌ 

گوڵی پێنج په‌ڕ چه‌نده‌ جوانه‌

ئه‌ستێره‌ی عاسمان ده‌دوێنێ 

هه‌ر تاوه‌ ره‌نگێ ده‌نوێنێ

من له‌و په‌ڕ و ئه‌تۆ له‌و په‌ڕ 

با هه‌ڵ بڵه‌ین به‌ گوڵی پێنج په‌ڕ

با لێی بڵێین به‌ پێی توانا 

تۆ له‌ ره‌نگ و من له‌ مانا

تۆ بۆ دڵی كڕ لێده‌ زه‌نگ 

به‌ باسی ره‌نگی ڕاده‌ژه‌نگ

من له‌ مانای ساز كه‌م تۆمار 

بۆ خه‌باتی دژ به‌ زۆردار
ڕێکه‌و 2017-08-25 13:39:59
به‌شی ( ئه‌ده‌ب و هونه‌ر )







سیاسی