سالیادی كوشتاری به‌ كۆمه‌ڵی رژیمی ئاخوندی له‌ قاڕنای شاری نه‌غه‌ده‌ی كوردستان

ب. رۆژین

٣٨ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ رێكه‌وتی ١١ی خه‌رمانانی ١٣٥٨ رژیمی تازه‌ به‌ده‌سه‌لات گه‌یشتووی ئاخوندی له‌ دوای ده‌ركردنی فه‌رمانی جیهاد له‌ دژی كورد به‌ درندانه‌ترین شێوه‌ كوشتارێكی سامناكی له‌ چه‌ندین دێ و ناوچه‌ی كوردستان وه‌رێخست و پۆل پۆل ژن و منداڵی كورد به‌ بێ هیچ موحاكه‌ممه‌ و تاوانێك ده‌درانه‌ به‌ر ده‌سترێژی هێزه‌ جینایه‌تكاره‌كانی ده‌سه‌لاتدارانی ئێران. له‌و رۆژه‌دا  هاوكات له‌گه‌ڵ هێرشی هێزه‌كانی ژێر فه‌رمانده‌یی ئاخوند حه‌سه‌نی بۆ سه‌ر پادگانی مه‌هاباد فه‌رمانێكی بێ به‌زییانه‌ بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر دێی قارنا درا و كوێر كوێرانه‌ ٦٨ كه‌س له‌ دانیشتووانی ئه‌و ئاواییه‌ به‌منداڵ و ژن و په‌كه‌وته‌ شه‌لاڵی خوێن كران. ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ ته‌نیا به‌ تاوانی كورد بوون و سووننی بوون كه‌وتنه‌ به‌ر رقی به‌كرێگیراوه‌ ئاڵقه‌ له‌گوێ كانی رژیمی خومه‌ینی ناو و یادیان بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌ مێژووی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌ به‌رزی ده‌مێنیته‌وه‌ . هه‌ر چه‌ند ئازاری ئه‌و كاره‌ساته‌ زۆر جه‌رگبر و دڵته‌زێن بوو به‌لام ئه‌و رووداوه‌ بوو به‌ به‌ڵگه‌یێكی حاشه‌هه‌ڵنه‌گر له‌ سه‌ر درنده‌یی ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ ملهور و دیكتاتۆره‌ و  له‌هه‌مانكاتیشدا روداوی قارنا و باقی جینایه‌ته‌كان  بوون به‌ ناسنامه‌یێكی دیرۆكی بۆ مه‌زڵومیه‌تیی و له‌سه‌ر حه‌ق بوونی گه‌له‌ سته‌ملێكراوه‌كه‌مان و ئه‌و ئازیزانه‌ به‌ خوێنی خۆیان به‌ڵگه‌ی ره‌وایی خه‌باتی كوردیان واژوو كرد. 

رژیمی جینایه‌ت و مرۆڤكوژی ئاخوندی به‌وه‌ش نه‌وێستا له‌مه‌ودای ساڵه‌كانی ٥٨ تا ٦٢ی كۆچی خۆری له‌ كۆمه‌لێك هێرشی نامرۆڤانه‌ بۆ سه‌ر شارو دێهاته‌كانی كوردستان چه‌ندین كۆمه‌ڵكوژی و جینایه‌تی بێ به‌ڵگه‌ و تاوان و موحاكه‌مه‌ی هاوه‌لاتیانی كوردیان به‌رێوه‌ برد كه‌ ده‌توانرێ  جینایه‌ته‌كانی نه‌غه‌ده‌، قاڕنێ و قه‌ڵاتان، دیلانچه‌رخ و حه‌ڵب و كۆیكان، كانی مام سه‌یده‌ و چه‌قه‌ڵ مسته‌فا و خه‌لیفه‌لیان، هیندرقاش و قره‌گۆل و سه‌وزی و دێیمه‌سور، ساروقامیش، جه‌عفه‌رئاوا، مه‌رجانئاوا، سۆفیان، جبریل ئاوا و گونده‌وێڵه‌ به‌نمونه‌ بهێندرێته‌وه‌ كه‌ تێیدا سه‌رجه‌م ٢٤٥ هاوه‌لاتی مه‌ده‌نی و بێ تاوانی كورد كومه‌ڵكوژ و گولله‌باران كران. 

ده‌سه‌لاتدارانی رژیمی ئاخوندی له‌ماوه‌ی ئه‌و ٣٤  ساڵه‌ی ده‌سه‌لاتدارییان به‌سه‌ر ئێرانه‌وه‌ بۆ جارێكیش روونكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی و هۆكاری به‌رێوه‌بردنی ئه‌وكۆمه‌لكوژییه‌ نه‌هێناوه‌ته‌وه‌ و ته‌نیا خومه‌ینی نه‌بێ كه‌ له‌دوای خۆراگرییه‌ كه‌موێنه‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان و راگه‌یاندنی ئاگڕ بڕ ، ئیدعای كرد زانیاری هه‌ڵه‌یان داوه‌ به‌من ، وه‌ك بڵیی به‌ ووتنی ئه‌و رسته‌یه‌ ته‌واوی تاوانه‌كانی ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ و شه‌خسی خومه‌ینی ده‌شۆردرێته‌وه‌ و میلله‌تی كوردیش هه‌موو سته‌م و جینایه‌ته‌كان له‌بیر ده‌كه‌ن و سووكنایی دڵ دێ و برینه‌كانیان سارێژ ده‌بێته‌وه‌. 

هه‌ر چه‌ند له‌ نیزامێكی میشك ویشكی فاشیستی دیكتاتۆری مه‌زهه‌بی ناتواندرێ جگه‌ له‌و خێر و بێرانه‌ی تا ئێستای بۆ گه‌لانی ئێرانی بووه‌ زیاتر چاوه‌روان بكرێ، به‌لام به‌ واده‌رخستنی ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ رووداوێك رووی نه‌داوه‌ و ئاو له‌ئاو ته‌كانی نه‌خواردووه‌ ئه‌وپه‌ری بێ شه‌رمی و دره‌ندیی و مرۆڤكوژی ئه‌و ده‌سه‌لاته‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ. ئه‌وه‌ی روون و ئاشكرایه‌ گه‌لی كورد له‌ پێناو ئازادی و رزگاریی له‌ ژێر سته‌می سته‌مگه‌ران ئازار و ناخۆشیه‌كی زۆری تووش هاتووه‌ و به‌ بینینی هه‌زاران ئازاری دیكه‌ی له‌چه‌شنی كومه‌ڵكوژی قارنا دا ئیراده‌ی ئازادی ویستی گه‌له‌كه‌مان ئاڵوگۆری به‌سه‌ر دا نایه‌ و سه‌ركه‌وتنی كوتایش هه‌ر بۆ گه‌له‌كه‌مان ده‌بی و ئه‌وه‌ی بۆ ده‌سه‌لاته‌ سته‌مگه‌ره‌كانیش ده‌مێنێته‌وه‌ رووره‌شی زیاتر له‌ به‌رانبه‌ر مێژوو و وه‌لامدانه‌وه‌ی كرده‌وه‌ جینایه‌تكارانه‌كانیان له‌ دادگاكانی جه‌ماوه‌ریی ده‌بێ.  

له‌ كۆتایی دا ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ پێداگری له‌سه‌ر بكرێته‌وه‌ نه‌كه‌وتنه‌ ناو داوای ده‌سه‌لاتدارانی رژیم بۆ ناو شه‌ری ترك و كورده‌ كه‌ رژیم هه‌ولێكی زۆر ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ كورت بكاته‌وه‌ بۆ شه‌ری دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاوازی ئێران و واده‌ری بخات كه‌ ده‌سه‌لاتدارانی ئێستای رژیم لێی به‌رپرسیار نین و له‌ لایێكی دیكه‌ش درز بخاته‌ ناو نه‌ته‌وه‌یی كورد و ترك، به‌لام راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كوشتاره‌ به‌ فه‌رمانی لوتكه‌ی ده‌سه‌لاتی ئاخوندی و له‌درێژه‌ی فه‌توای جیهاد دژی گه‌لی كورد له‌ لایه‌ن خومه‌ینی بوو كه‌ بۆ كپ كردنی ده‌نگی ئازادیخوازی ئه‌و گه‌له‌ ده‌رچوو. جێگه‌ی خۆیه‌تی به‌و بۆنه‌وه‌ سلاو و درود بنێرین بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی قارنا وباقی شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و به‌ خه‌بات و خۆراگری یه‌كگرتووانه‌ به‌ره‌و رزگاریی له‌ كۆت و به‌ندی ده‌سه‌لاته‌ سته‌مه‌گه‌ره‌كان هه‌نگاو بنێین و به‌ سه‌ر له‌هه‌ندا یه‌كی و تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ و هاوبه‌ش رێگه‌ی دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌ ناخۆشانه‌ به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌مان بگرین و به‌ره‌و لوتكه‌ی ئامانجه‌كانمان هه‌نگاو بنێین . 

 
ڕێکه‌و 2017-09-02 09:26:05
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )







سیاسی