شەهید عەبدولكەریم  ناسنامەی خەبات

كامیل نوورانی فەرد

 

شەهیدان سەروەرانی گەڵن و  ئازیزترین و پیرۆزترین بەها و داهاتی شۆڕش و كوردایەتین. پلەی شەهید هێندەی نرخەكەی كە گیان و روحە گەورە و بەرزە  و هەموو ئەوانەی لە ریزی شەهیدانمانن یەك لە یەك ئازیزتر و بەنرختر و پیرۆزترن.

هێندێك لە شەهیدانمان هەزاران چیرۆكی نەوتراویان پێیە و هەڵگری گەورەترین پەیامی ئەخلاقی و مەعنەوین و دەبنە ناسنامە و شوناس بۆ گەل و ئەو شوێنەی خەباتیان تێدا كردوە.

شەهید عەبدولكەریمی سەركردە و فەرماندەی لێوەشاوەیی ریزەكانی سازمانی خەبات، ئەو شەهیدە هەرگیز نەمرەیە كەهەم بۆ گەل و هەم بۆ هاورێ و هاوسەنگەرانی بوو بە ناسنامە و شوناس و مایەی سەربەرزی و پاڵنەر و هاندەر بۆ گەیاندنی كەسایەتی شۆڕشگیرانەمان بۆ ئەوپەری خونەویستی و لوتكەی فیداكاریی.

شەهید عەبدولكەریم كورە گەورەی مامۆستا شیخ جەلالی مەزن، گەورە رێبەری نەتەوەیی و دامەزرێنەری سازمانی خەبات بوو كە چیرۆكی قارەمانەتی و لێهاتووییەكەی ناوچە بە ناوچە و  شار بە شار لە نێو كوردستان و دەرەوەی كوردستانیش دەگەڕا.

شەهید عەبدولكەریم لەگەڵ یەكەم بانگەوازی راگەیاندنی بوونی خەبات چەكی مەردایەتی و پێشمەرگایەتی لە شان كرد و بەو پەڕی لیهاتوویی و خۆنەویستیەوە وەك پێشمەرگەیێكی قارەمان لەسەر خەبات بەردەوام بوو و بوو بە فەرماندە و سەركردەیێك كە دژمنی درندەی بە چۆكدا هێناو  سەنەدی وەفاداریی و  باوەری خوی بە خەبات بە خوێنی سووری خوی واژوو كرد و وانەی خونەویستی و سەداقەت و مەردایەتی بۆ هاورێ و هاورێبازانی بە جێ هێشت.

مامۆستای نەمر هەمیشە دەیفەرموو ئەو شەڕانەی كە كورەكانی خۆمی تێدا نەبووبێ من زیاتر نیگەران و دڵەكوتەم هەبووە و خەمی شەهیدبوونی پێشمەرگەم زۆرتر بووە. ئەوە راز و نەهێنی گرێدانی پێوەندی دڵ و هەستەكانە و نیشاندانی ئەو ئاستە لە سداقەتی پەیام تا ئاستی جگەرگۆشە بەخشین كە لوتكەی بەخشەندییە و لەسەرووی خۆبەخشینیشەوەیە، بێگومان رێژە و واتای باوەر و فیداكاریی و راستگۆیی بەرزدەكاتەوە  و رەهەندێكی سەروو پێوەرە باوەكانی سەر زەوی پێدەبەخشێ.

مخابن، لەدوای تۆمار كردنی دەیان قارەمانەتی كەم وێنە لە بەرەكانی شەڕی چەكداری لەبەرانبەر دەسەڵاتی ئاخوندی لەگەڵ دوو هاورێی قارەمانی تری بە ناوەكانی شەهید خەلیل پاشایی و شەهید ساڵح رەسولی لە 21ی خەرمانانی 1366 تێكەڵ بە كاروانی شەهیدان دەبێ، بەڵام بۆ هەتا هەتایە بوو بە رەمزی سداقەت و پاكی و شۆڕشگیریی و خونەویستی ئەو تەشكیلاتەی مامۆستا سەیید جەلال  دایمەزراند.

 

هەزاران سلاو لە روحی پاكی سەرجەم شەهیدانی كوردستان و بە تایبەتی شەهید سەیید عەبدولكەریمی حسینی فەرماندە و سەركردەی بەوەجی خەبات و دوو هاورێی ئازیزی شەهیدان خەلیل پاشایی و ساڵح رەسولی.
ڕێکه‌و 2017-09-12 09:03:23
به‌شی ( شه‌هیدان )







سیاسی