بەرنامەی نوێی ئامریكا لە پێوەند بە رژیمی ئێران

رۆژی سێ شەممە 21ی خەرمانانی 1396 هەواڵدەری رۆیتەر هەواڵی دا: بەپێی وتەی شەش بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئەمریكا، سەرۆك كۆمار دۆناڵد ترامپ خەریكی لێكدانەوەی بەرنامەیەكە كە دەتوانێ‌ هەنگازی هێبرانەتر دژ بە هێزەكانی رژیمی ئێران، دەستوپێوەندەكانی شیعەی ئەو رژیمە لە عێراق و سوریە و پشتیوانیەكانی لە تاقمە توندئاژۆكان دیاری دەكات.

ئەو سەرچاوانە وتیان ئەو پێشنیارە لەلایەن جیمز مەتیس وەزیری دیفاعی ئەمریكا، رێكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوە، ژنراڵ مەك مستر راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی كۆشكی سپی  و باقی بەرپرسانی پلەبەرزی ئەو وەلاتە ئامادە كراوەو رۆژی هەینی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی پێشكەشی ترامپ كراوە.

دوو كەس لەو بەرپرسانە وتوویانە ئەو پێشنیارە ئەگەری زۆرە رێكەوتنی لەسەر بكرێ و تا كۆتایی سێپتامبر راگەیەندرێ. بەپێی سەرچاوە جیاجیاكان، ئامانج لەو پێشنیارە زیادكردنی فشارەكان بۆ سەر رژیمی تاران و كۆنترۆڵ كردنی بەرنامەی موشەكی بالستیك و پشتیوانی لە توندئاژۆییە.

بەرپرسێكی دیكەی حكومەت گوتی ئەو پێشنیارە خوازیاری بەرنامەیەكی بەربڵاو بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ چالاكی خراپكارانەی رژیمی ئێران، سەرچاوەی دارایی و پوڵی، پشتیوانی لە تیرۆر، نانەوەی بشێوی لە ناوچەكە بەتایبەت لە سوریە  و عێراق و یەمەنە.
ڕێکه‌و 2017-09-13 09:46:03
به‌شی ( هه‌والی جیهان )







سیاسی