کێ لە پشت " isis "وەیە

زاهید خەبات

کاتێک شۆڕشی ڕەوای خەڵکی سوریا لە ساڵی 2011  دەستی پێکرد، هەمووان بۆ بەدی هاتنی ئاواتە لەمێژینەکانی ڕزگاریخوازانی ئەو ولاتەچاوەڕوانی گۆڕانکاری بنەڕەتی بوون، بەڵام دەشمانزانی بەکگراوەندی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆف لە سوریا زۆر لەوە تاریکتر کە بە ئاسانی سەرکەوتنێک بە دەست بێت و لەوەها ڕژێمێک کە سەری بە ناوکی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لکاوە چاوەڕوانی سەرکوتی جەماوەری و کوشتن بڕینی بەربڵاودەکرا.ڕژێمی "سوسیالیستی عەلەوی" حافز ئەسەد لە سەرەتای دامەزرانیەوە لە 1971 وەک کۆدەتاچیەکی مڵهوڕ دژی نەتەوەکانی کورد و عەرەبی سوننە و سەرجەم نەیارانی بە سیاسەتی نەفی و ئینکار و تۆقاندنبە توندترین شێوە جوڵاوەتەوە و درێژەی بە دەسەڵاتەکەی داوە،لە 1977 بەولاوە لە درێژەی سیاسەتی ئاژاوە گێڕی و شێواندنی ناوچەکە رژێمی ئێرانی پشت و پەنا بووە، بۆیە بۆ هەر مرۆفێکی ڕاستی خواز هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ مانەوەی ئەو رژێمە غەددارە لە ژێر هیچ ناو و پڕەنسیبێکدا ڕەوا نییە بە تایبەت کە بە کار هێنانی کیمیا بارانی خەڵکی سڤیل و پەیوەندی لە گەڵ گروپە توندڕەوەکان بە ڕوونی ئاشکرا کراون.

لە دەستپێکی تێکچوونی ڕەوشی سوریا، بەشار ئەسەد، ووتی" ئەگەر سوریا بشێوێت ناوچەکە ئاور تێبەرئەدەم".  دوای ماوەیەک مانای قسەکەی بە ڕەوانە کردنی هاوکاتی سوپای پاسداران و ئەندامانی ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان، پاکستان و عێراق بۆ ناو سوریا هاتە دی و گرتنی موسڵ و هروژم بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا و باشور سەلماندی کە لە نێوان نوری مالیکی کە ئەندامی سوپای بەدر (سەربە سوپای پاسداران) و دەسەڵات گرتنی ژێر شاخەکانی ئەلقاعیدە لە عێراق و سوریا و هرۆژم بۆ سەر کوردستان و سەرکوتی خەڵکی سوریا پەیوەندیەک هەیە کە لە ژێر جبەی ئاخوندەکاندایە. بۆیە کە داعش جیابووونەوەی خۆی لەئەلقاعیدە راگەیاند دەبوو بمانزانیایە کە ئەوە رواڵتی فریودەرانەی ئەو کارەیە، وەگەر نا هەماهەنگی رژیمی ئەسەد و نووری مالیکی لە چۆڵکردنی شارەکانی عیراق و سوریا بۆ داعش، زۆر جێ گومان بوون . تورکیاش بۆ دەستبەسەرداگرتنی چاڵە نەوتەکانی عێراق و سوریا و دژایەتی لە گەڵ کوردەکان یارمەتی داعشی ئەدا و قەتەریش وەک پیشەی هەمێشەیی خۆی پارەی بۆ ئەناردن. ئەو بەڵگەنامانەی دەرکەوتوون دەریانخستووە کە رژێمی کۆماری ئیسلامی پتر لە 16 ساڵ لەمەو بەر و دوای 11 سێبتامبری 2001 بنەماڵە ی بێن لادەن و دەستەی نیزامی و زانیاری ئەلقاعدە و تالیبانی پشتیوانی کردووە و لە تاران شوێن و پێداویسیتی پێداون و پاراستوونی . لەم دوایانەدا بە هەوڵی سازمانی موجاهیدینی خەلق 14 بنکەی ڕاهێنانی چەکدارانی ئەلقاعیدە لە ناو ئێران لە پارێزگاکانی ئەراک ، قوم ، سێمنان و کرمان ناسێندران و چەندها زانیاری گرینگیش لە لایەن ئامریکاوە سەبارەت بە نامەکانی بێن لادەن بۆ هاوسەر و کوڕەکەی لە تاران ئاشکرا کرانکە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کە هەماهەنگی و هاوکاریەکانی نێوان ئەلقاعیدە و ئاخوندەکان لە مێژینە و پتر لە چاوەڕوانیەکان بووە. بۆ نمونە مەلا ئەختەر کە ڕێبەری نوێی تالیبان بوو لە ساڵی 2016 و دوای 2 مانگ مانەوەی لە تاران بە مەبەستی ڕاوێژ لە گەڵ بەرپرسانی ڕژێم و بە تایبەت سوپای پاسداران لە کاتی گەڕانەوە بۆ پاکستان لە سنووری سیستان کرایەئامانجی فرۆکەکانی ئامریکا و لەناو چوو. هەم ئەندامانی ئەلقاعیدە و هەم میدیاکانی ڕژیم دانیان بە پەیوەندی نێوانیاندا ناوە و ئێستا دەرکەوتووە کە ئاژاوە و شەڕی ناوخۆیی عێراق و ئەفغانستان کە لە 2001وە بەردەوام بووە و بۆتە هوی لەناو چوونی ژێرخانەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو دوو وڵاتە و زیاتر لە ملیۆن و نیویک قوربانی و چەند ملوێن ئاوارەی لێکەوتۆتەوە لە ژێر مێزەری ئاخوند و ڕیشی پاسدارە شێعەکانی ئێراندا بووە .گوڵبودین حێکمەتیار کە ڕێبەری حیزبی ئیسلامی ئەفغانستان و ناسراوە بە "قەسابی کابول" تێکەڵی و پەیوەندی نزیکی هەیە بە تالیبانەوە و لە ساڵی 2002 وە لە تارانە و لەم دوایانەدا گەڕاوەتەوە بۆ ئەفغانیستان و تا لە تاران (شەقامی شەریعەتی ) بارەگا و دەفتەری بوو بە ئێرانی هەڵدەگوت و ئێستاش کە پتر لە 4 مانگە گەڕاوەتەوە بۆ کابول بە باڵای داعش هەڵدەڵێت و بە ڕواڵەت بەرامبەر ئاخوندەکان نمەک نەناسی دەکات. بۆ ئەوەی ئیسلامی سیاسی بناسین کە چ بوونەوەرێکی ڕیاکار و پڕ لە مەترسیە پێویستە مێژووی پەیوەندییەکان نێوان ڕیبەرانی گرووپە توندڕەوەکانی(شێعە وسوونە) لە تەک یەکتر و لە گەڵ حکومەتەکانی ناوچەکە بە تایبەت ( ئێران و سوریا و پاکستان و تورکیا) دیسانەوە چاو لێبکەینەوە. لەم دوایانەداڕێکەوتنی حیزبوڵڵای لوبنان لە گەڵ داعش بۆ ڕاگواستنی ئەندامانی داعش لە ناو خاکی سوریا بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان،پیلانی هاوبەشی ئەسەد و ڕژێمی تارانی بۆ ئاژاوە نانەوەی زیاتر لە ناوچەکە ڕوونکردەوە و فۆڕمالیتە بوونی شەر لە گەڵ داعش و ساختەچیەتی رژێمی ئاخوندی زیاتر دەرخست. خامنەیی لە وتەیەکدا دان بە پەیوەندی رژێمەکەی لە گەل سەرجەم تاقم و گروپە ئیسلامی و توندڕەوەکانی جیهانی دەنێت و دەڵێت: " ئەگەرچی ئەو تاقم و گروپانە واش نیشان بدەن کە لە گەڵ ئێمەدا نین بەڵام لە ڕێباز و ڕێچکە دا دەگەڕێنەوە سەر خواستی ئێمە" . رژێمی ئاخوندی"دژ بە شێعە بوونی" داعش بە تاکە هۆکاری دژایەتیان دەزانن لە گەڵ ئەو گروپە و دەڵێن بێجگە لە داعش باقی گروپەکان دژ بە شێعە و رژێمەکەیان نین،بەڵام بەم چەند هۆکارەی خوارەوە دەرکەوتووە کە داعش پەیوەندی بە رژێمی ئاخوندیەوە بووە و لە خزمەت بەرژەوەندیە تاکتیکی و ئێستراتیژیکیەکانی رژێمدا هەنگاوی هەڵێناوەتەوە.

1.داعش لە ئەلقاعیدە جیا بۆتەوە کە بەپێ سەدان بەڵگەی نهێنی و ئاشکرا بە تەواوی لە ژێر چاوەدێری و یارمەتی و ئەمری رژێمدا بووە.

2.داعش زیاترین زیانی بە سوننە و کوردەکانی عێراق و سوریا گەیاندووە و کەمترین زیانی بۆ رژێمی ئەسەد و ڕژێمیئاخوندی بووە و ناوچەکەنی شێعەی عێراقیش هەتا ئێستاش پارێزراون . هەمووان دەزانن کە  کورد و سوننە لە عێراق دا زیاترین ئاسیبیان لە رژیمەکانی شێعەی مالیکی و ئەسەد بینیوە و بۆ لاوازکردنی ئەو خەڵکانە حکومەتەکان هەم بە شێوەی دەسەڵاتی سیستماتیکی حکومەتی و هەم بە شێوەی شەڕی چریکی و تایفیلە ڕێگەی تاقم و گرووپە توندڕەوەکان هەوڵ و هەنگاویان ناوە.

3.داعش سیمایەکی خوێنڕێژ و ناشیرین لە سوننە دەردەخات، لەبەرامبەردا رژیمی ئاخوندی خۆی پێ پاک دەکاتەوە و بە درۆ هەڵبەستن بۆ عەرەبستانی سعودی هەوڵی داوە بە جیهانیان بڵێت سعودی لە پشت گروپە توندڕەوەکانی سوننەوەیە و بەو پڕوپاگەندەیە بیسەلمێنێ کە جیاوازی هەیە لە نێوان ئیسلامی خوێناوی سوننە و رژێمی شێعە و ئێستا و رابووردی خوێناوی رژێمەکەی پێ پاقژ کاتەوە. لە حاڵێکدا ئەوە ئاخوندەکانن کە ئەزموونەکانی خوێنڕێژی داعشیان 40 ساڵ لەمەو پێش دەست پێکردووە . 

4.داعش زیاترین ئاسیبی بە نەیارانی ئەسەد گەیاندووە لە سوریا و "هێزی ئازادی سوری" کە تاکە هێزی نەتەوەیی نەیارانی ئەسەد بوون بە دەستی داعش و بەرەی نوسرە( ئەلقاعێدەی سوریا) لە ناو بران.

5.داعش بە کارەکانی و زۆرتر بەو کلیپ و ویدئۆیانەی لە کوشتن و بڕینی خەڵک (کورد و سوننە) بڵاوی کردەوە و بە پاکتاوی ئیزەدیاکان بووە سەردێڕ و سەرنجی هەموو میدیاکانی جیهان و زەینی خەڵک و ڕاگەیاندنەکان لە ڕاپەڕین و سەرکوتی جەماوەری خەڵکی سوریا دوورخستەوە و مەترسیەکەی دڕندەتر لە ئەسەد دەرکەوت کە وا لە خەڵکی سوریا و ئامریکا و وڵاتانی ناوچە بکات کە بە ئەسەد ڕازی بن و لە پێشدا هەوڵیان ئەوە بێت داعش لە ناو ببن و وەک ئۆباما وتی لەناو بردنی داعش پێنج ساڵ کات دەبات و هەر ئەو پێنج ساڵە بۆ ئەسەد و رژێمی ئاخوندی حوکمی حەسانەوە و خۆ بە هێز کردن و درێژ کردنەوەی دەسەڵاتەکەیان بوو،بە تایبەت کە هەر لە سەرەتاوە ئەسەد خەڵکی ڕاپەڕیوی سوریای بە تێرۆریست ناو برد و لە واقیعدا داعش و نوسرە و دەیان گروپی تری ئیسلامی چووبوون بۆ سوریا بۆ ئەوەی قسەکەی ئەسەد بسەلمێندرێت کە نەیارانی ئەسەد جەماوەی سوریا نین بەڵکو ئەو گروپەتێرۆریستیەکانن کە لەناو خاکی سوریادا شەڕ دەکەن. ئەسەد لە وەڵامی خواستی جەماوەریئەو وڵاتە وتی ئەگەر کۆڵ نەدەن ناوچەکە ئاگر تێبەر ئەدەم و چ ئاگرێک باشتر لە تیرۆریستەسوننەکانی بەکرێگیراوی رژێمی ئاخوندی. 

6.داعش دەستی بە سەر چەندەها بەنداوی گرینگدا گرتبوو کە دەیتوانی کارەبای ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی مالیکی و ئەسەد ببڕێت کە نەیبڕی و دەیتوانی بەندئاوەکان وەتەقێنێ کە زۆر شار و ناوچەی شێعەنشین و هیزەکانی عێراقی دەکردە ژێر ئاو کە نەیکرد و دیارە ئەمری ئەو کارەی پێ نەکرابوو. 

7.داعش لە گەڵ حیزبوڵڵای لوبنان ڕێکەوتنێکیان کرەدووە بۆ چۆڵ کردنی ئەو ناوچانەی ئەسەد بە نیازە هێزەکانی بۆ ئەوێ بگەڕێنێتەوە،ئەوە لە درێژەی ئەو ڕێکەوتن و هاوکاریانەیە کە بۆ نمونە لە چۆڵ کردنی پاڵمیرا و حەلەب لە نێوان داعش و ئەسەد بینراوە. زۆربەی ئەو ناوچانەی بە دەست نەیارانی ئەسەدەوە بوو بە دەستی داعش داگیر کرا و ئێستا ئەیانسپێرێتەوە دەست هێزەکانی ئەسەد.

8.ئەو کەسانەی لە ناو ئێرانەوە ڕەوانەی سوریا کراون بۆ چوونە ناو داعش لە کەسانی سەر بە ڕژیمن و خەڵکی کوردستان لە لقاودان و ڕسواکردنیان بەردەوامن. حێکمەتیار لە ئەفغانستان کە چەند مانگ لەمەوبەر بە سەدان ماشینی سەربازی و چەند سەد سەرباز چۆتەوە ناو کابول و پشتیوانی داعش دەکات لەناو ئێرانەوە ڕەوانە کراوە و لە داهاتوو دا پشێوی زیاتر و لێکپچڕانی ئەفغانستانی لێدەکەوێتەوە.

9.وە ....

پیدەچێت بە تێپەڕبوونی کات و لاواز بوونی دەسەڵاتی ڕژیمی ئاخوندی لاپەڕی نوێ و سەرسوڕهێنەر لە پەیوەندی نێوان ڕژێم و گروپ و دەسەڵاتە توندئاژوەکانی جیهان لادرێ و بە دەرکەوتنی زانیاری نوێ،بنەماکانی ئەم دەسەڵاتە ستەمگەر و فێڵبازە بکەوێتە لەرزین و بە شۆڕشی جەماوەری و پشتیوانی جیهانیان ئاخوند و پاسدار و سیستەمەکەیان فڕێدرێنە ناو لە زبڵدانی مێژوو . بەو هیوایە .
ڕێکه‌و 2017-09-14 15:06:13
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی