خستنە نێو لیستی ترۆریستی سپای پاسداران و گۆڕینی هاوكێشەكان

 

 

شیلان محەمەدی

لەدوای هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئامریكا و هاتنە سەركاری دۆناڵد ترامپ وەك سەرۆك كۆمار، سیاسەتی ئامریكا لە هەمبەر رژیمی ئێران تا رادەیەك جیاوازی و گۆرانكاری تێدا بینرا و ترامپ یەكەم وتاری بەشێوەیەكی  هەرەشە ئامێز و توند دژی رژیمی مەلاكان دەست پێكرد.       ترامپ لە هەوڵی گۆرینی سیاسەتی نەرم گیرانە و هەڵەی پێشوی ئامریكاو باراك ئۆباما دابوو لە پێوەند بە رژیمی ئێران و لە زۆرێك لە ووتارەكانی دا سیاسەتی ئۆبامای لەراست رژیمی ئێران دەدایە بەر تانە و گەورەترین دەسكەوتی دیپلۆماسی دەوڵە‌تی پێشووی كە دەرئەنجامەكەی رێكەوتنی ئەتۆمی و بەرجام بوو بە خەراپترین و زیانبارترین رێكەوتن و روداوی سیاسی لێكدایەوە.  

بەردەوام بوون لەسەر ئاژاوەگێریەكانی رژیمی ئێران و پشتیوانی و داڵدەدانی ترۆریسم لە رۆژهەڵاتی ناوین و بەردەوامی دان بە بەرنامە ئەتۆمیەكەی و  پەرەسەندنی مەترسیەكانی رژیمی ئێران، لە ئەنجامدا بریاری مێژوویی ترامپی لێكەوتەوەو لە فەرمانی ستراتژیی نوێی ئەمریكا فەرمانی پێداچوونەوە بە رێكەوتننامەی ناوكەیی دەركرد و هەروەها سپای پاسدارانی رژیمی ئێرانی خستە ناو لیستی ترۆریستیەوە.

سپای پاسدارانی رژیمی ئێران، رێكخراوێكی سەربازی سەر بە رژیمی ئێرانەو  بە كۆڵەكەو باسكی بەهێزی رژیم هەژمار دەكرێت، ئەم رێكخراوە بە فەرمانی خومەینی لە رێكەوتی 2ی بانەمەڕی 1358 دامەزراوە، واتە لە دوای شۆڕشی ئێران بە تێپەربوونی چەند مانگ لە راپەرینی خەڵك، بۆ جێ بە جێ كردن و چەسپاندنی رژیمی ئاخوندەكان كەڵكی لێوەرگیرا. سپای پاسداران رۆژ لە دوای رۆژ پەرەی بە دەسەڵاتی خۆی دا و ئەمرۆكە تەنیا لە چوارچێوەی  رێكخراوێكی نیزامی پێناسە ناكرێ‌ و پەل و پۆی هاویشتووە بۆ سەرجەم جومگەكانی سیاسی و ئابووری و كلتووری و ...هتد. خستنە نێو لیستی ترۆری ئەم رێكخراوە تەنیا وەك زەربەیێك لە بەشی سەربازیی تەماشا ناكرێ‌، بەڵكو وەك كرانە ئامانجی بڕبڕەی شتی نیزام لێی دەرواندرێ‌ و بە حەقیقەت دەتوانێ‌ بەربەستی زۆر گەورە لەبەرانبەر سیاسەتەكانی رژیم لە ناوچەكە دروست بكات  و تا راددەیەك دەست تێوەردان و ئاژاوەگێری و پشتیوانی كردنەكانی لە ترۆریزمی نێودەوڵەتی سنوردار بكات.  

خالێكی تری جێگەی سەرەنج لەهەمبەر ئەو بریارە پێوەندیی ئەو گۆرانكارییە بە جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی گەلی كورد لە كوردستانی ئێرانە. شایەنی باسە سپای پاسدارانی رژیم لە ماوەی چوار دەیە دەسەلاتی ئاخوندەكان ، دەستێكی باڵای هەبووە لە كوشتار و ماڵوێرانی خەڵكی كوردستان و بە هەزاران تێكۆشەری رێگای رزگاری بەدەستی ئەو سپا دژی گەلیە شەهید بوونە. لە دوای راپەرینی گەڵانی ئێران لە یەكەم دیاریی رژیم و سپا دا ، لە جەریانی فەرمانی خومەینی بۆ جیهاد لە دژی گەلی كورد و بزوتنەوەكەی جینایەتێكی سامناك لەسەردەستی ئەو هێزە خوێن رێژە تۆمار كرا. بریاری خستنە ناو لیستی ترۆری سپای پاسداران لە درێژ ماوەدا دەتوانێ‌ كاریگەریی بە لایەنی ئەرێنی لەسەر جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی گەلەكەمان بێ و لە ئاستی دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەوە دەكرێ‌ كەڵك لەودەرفەتە بۆ ناساندنی جوڵانەوەی رزگاریخوازیی وەك قوربانی ترۆریسمی رژیم و سپای پاسداران كەڵكی لێوەربگیردرێ‌.

 

ستراتیژی نوێی ترامپ و بریاری خستنە نێو لیستی ترۆریستی رژیمی ئێران، خزمەتێكی زۆر گەورە بە پلەی یەكەم بە مرۆڤایەتی و دواتریش بە وڵاتان و سەرجەم چین و تویژەكان و بزوتنەوەكانی گەلان لە ئێران و كوردستان دەكات. بەو هیوایەی كە ئەم بریارە بە خێرایی بخرێتە بواری عەمەلەوە و پشتیوانیەكی نێو دەوڵەتی لێبكرێت .
ڕێکه‌و 2017-10-18 14:52:46
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی