رژیمی ئێران و پرسی كورد لە هەرێمی كوردستان!

          عەلی بەهرامی                                                                                                                                                                                                                                                          لە 25ی سێپتامبری 2017دا لە باشووری كوردستان گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە عێراق بەرێوەچوو، هەر لە سەرەتای بریاردان بۆ بەرێوەبردنی پرۆسەی گشتپرسی رژێمی ئێران تەنگەتاو بوو و كەوتە دژایەتی ئەو بریارەو بە هەموو زمانێك دژ بە هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی كوردستان قسەی كرد، هاوكات لە رێگەی دەست و پێوەندەكانی لە ناوخۆی عێراقیش كەوتە خۆ بۆ ئەوەی كورد بەو بروایە بگەیەنێت كە لەو بریارەیان پاشگەز بنەوەو لە چوارچێوەی عێراقدا و لەگەڵ حكومەتی عەبادی ئاڵقەلە گوێی خۆیان بە حەلێك بگەن و ئەوندەش چوونەپێش كە ئەوان (رژیم) هەوڵی تەواو دەدەن كە حكومەتی عێراق مافەكانی كورد لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر بكات! لەگەڵ ئەم هەوڵانەدا و لە نزیك بوونەوە لە رۆژی گشتپرسیەكە پاسدار قاسمی سلێمانی تیرۆریست، سەركردەی سوپای تیرۆریستی قودسی رژیم چووە هەرێم و هەوڵی تەواوی دا كە سەركردایەتی كورد بەو قەناعەتە بگەیەنێت كە گشتپرسی نەكەن، یان لانی كەم لە كەركوك نەیكەن، ئەگەر لەوەشدا سەركەوتوو نەبوو كەوتەخۆ بۆ ئەوەی گرێوگۆڵ لەبەردەم پرۆسەكەدا لە كەركوك دروست بكات، بەڵام ئەمە بە هەوڵی سەركردایەتی كوردستان بەتایبەت كاك كۆسرەت و مامۆستا سەلاحەدین بەهادین سەری نەگرت و بە عەمەلی داریان لە لوتی قاسمی سلێمانی و رژیمەكەی داو وەك بینیمان گشتپرسی لە كەركوك بە بێ كێشە هاوكات لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی باشووری كوردستان بە سەركەوتوویی كرا.


هەر زوو خەڵكی شارەكانی كوردستانی ئێران دڵخۆشی خۆیان بەو سەركەوتنەی كورد لە باشوور دەربری و پشتیوانیان لە باشووری كوردستان كرد و لەو هەنگاوەی خەڵكی رۆژهەڵات رژیم فشارێكی زۆری بۆهات و لەبەرامبەر حەماسی خەڵكدا بێ دەسەڵات كەوت، بەڵام دوا نەكەوت لە پیلانگێریەكانی لەبەرامبەر باشووری كوردستان، دەروازە سنووریەكانی خۆی داخست و هێزێكی زۆری هێنا سەر سنورەكان، بەوەشەوە نەوەستا لە رێگەی هەندێ ماڵپەر و پەیجەوە كەوتە ترساندنی خەڵكی باشوور بە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و راپۆرتی ناراست بۆ ئەوەی خەڵكی باشوور بەرامبەر بە سەركردایەتی كورد هانبدەن، هاوكات لە رێگەی حكومەتی عێراقەوە سزای بەسەر كوردستاندا سەپاند، ئەگەر چی ئەم سزایانە كاتین، بەڵام رژیم وەك ئاخرین كارتەكانی خۆی بۆ دژایەتی كردنی كوردستانی باشوور بەكاریاندێنێ‌. بەڵام وەك زۆرێك مەزەندەی هێرشی سەربازی جیرانەكان و بەتایبەت رژیمی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان دەكەن پێم وایە ئەمە هەنگاوێكی قورسە و لە ئێستادا بۆ رژیمی ئێران ناچێتەسەر بە چەند هۆ:


رژیمی ئێران ئەگەر چیی بوونی دەسەڵاتێكی كوردی ئەویش دیموكراتیك لە پەنا گوێی دا بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەبینێ بەڵام بۆ خۆی لە قەیرانی ئەوندە گەورەدا دەست و پێ لێ دەدا كە توانای ئەوەی نابێ بەرەی شەرێكی وا بۆ خۆی بكاتەوە، چوونكە تێچووی ئەو شەرە هاوكات لەگەڵ تێچووی شەرەكانی لە سوریە و یەمەن و عێراق ئەوندەی بارگرانی بۆ دروست كردووە كە توانای شەرێكی دیكەی لە ئێستادا نەبێ.


هاوكات رژێمی ئێران بەهۆی بەرنامە ناوكەیی و مووشەكیەكانی و پرسی دەستێوەردان لە وەڵاتانی ناوچەكە و پێشێلكاری مافی مرۆڤ لە ناوخۆی ئێران فشارێكی زۆری نێودەوڵەتی لەسەرە كە رێگەی پێنادا بە ئاشكرا خۆی لە قەرەی شەر دژ بە هەرێمی كوردستان بدات.


هەروەها لە ناوخۆدا رژیم نەیتوانیوە وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵكی ئێران بێ و بێزاری و نارەزایەتی جەماوەری ئێران لە دەسەڵات هەر ئان لە تەقینەوەدایە و هەر جۆرە شەر و كێشەیەكی دیكە ئەم قەیرانانەی ناوخۆ گەورەتر دەكات بۆیە ئاسان نابێ لە ئێستادا رژیمی ئاخوندان بۆ لێدانی هەرێمی كوردستان توورەیی جەماوەر بتەقێننەوە. 


ئەوەی زۆر گرینگ و جێێ‌ بایەخە پێگەی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستانە كە ناكرێ وەڵاتان لەبەر چاوی نەگرن و ئەوەی ئێستا دەبینرێ لە هەرێمی كوردستاندا وەڵاتان قازانج و بەرژەوەندیەكی زۆریان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و ناتوانن پشت لەو مەساڵحەی خۆیان بكەن و وازی لێبێنن بۆیە رازی نابن بە تێكچوونی بارودۆخی ئەو ناوچەیە.


لە لایەیەكی دیكە وەك دەزانین سەرەرای فشارە كاتیەكان لەسەر هەرێمی كوردستان، بەڵام باشوور هەتا ئێستاش بەشێكی گرینگ لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتی تیرۆرە لە ناوچەكەداو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رێگە نادەن كەس بە حكومەتی عێراقیشەوە پەلاماری ئەم هاوپەیمانە گرینگەیان بدەن.


 


ئەوەی ماوە رژیمی ئێران لە رێگەی حكومەتە فاشیلەكەی عەبادی لە عێراق پلاری خۆی دەهاوێ و ئەوەی بۆی بكرێ دەیكات، بەڵام ئەوانەش كاتین و حكومەتی عێراقیش ئەو هێزە نیە بتوانێ‌ بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ ئەو سزایانە بسەپێنێ و زۆر نابا خۆی دێتەپێش بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسەكان لەگەڵ باشووری كوردستان بە سەربەخۆییشەوە.
ڕێکه‌و 2017-10-19 10:51:36
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی