شەر دژی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان و دەوری رژیمی ئێران!

عەلی بارامی

رۆژی 16ی ئۆكتۆبری 2017 هێزەكانی حشدی شه‌عبی بە پشتیوانی رژیمی ئێران و به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ كه‌مته‌رخه‌می  ئەمریكا و چەند  وەلاتێكی زلهێزی جیهان هێرشیان كردە سەر كەركوك و شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و بە پێچەوانەی چاوەروانیەكان لە ماوەیەكی كەمدا رووبەرێكی بەرفراوان لە ناوچەكانی  كوردستانیان كونترۆڵ كرد و ئەو هێزانە وەها لە خۆبایی ببووین كە بەبێ گوێدانە رێكەوتنەكانی پێشتری حكومەتی هەرێم و ناوەند دەیان ویست بگەرێنەوە بۆ هێڵی 36 دەرەجە.

بەڵام خۆراگری هێزی پێشمەرگە لە پردێ و تۆمار كردنی داستانی گەورە و لە دوای ئەوەش تێكشكاندنی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران لە مەحمودیە، مەخمور و تلسقۆف و بەردەوامی ئەم شكانانە، ئەو هێزانەی تووشی شۆك و ترس و دڵەراوكێ كرد و ئەو هەیبەتەی بۆ پاسداران و حشدی شه‌عبی سازكرابوو تێكشكا.

لە دوای بەردەوامی فشارە نێو نەتەوەیی و ناوچەییەكان و بەردەوامی ئەگەری شەری گەورە دژ بە هەرێمی كوردستان و چاوپۆشی كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە تاوانی هێزەكانی حەشدی شەعبی و رژیمی ئێران لەو ناوچانەی كەوتبوونە بەردەستیان، حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا كە هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی حەیدەر عەبادی بۆ ئانكارا و تاران، چەند پێشنیارێكی خستە بەردەم حكومەتی عێراقی كە یەكێك لەو خاڵانە سڕ كردنی ئەنجامی ریفراندۆمەكەی 25ی 9 بوو.

ئەم هەنگاوەی حكومەتی هەرێم به خوێندنەوەی تەواو بۆ نێو ماڵی كورد و پیلانە ناوچەییەكان نراو لە ئەگەری پێداگری لەسەر هەڵوێستەكانی پێشوو، بێگوومان كورد زیانباری سەرەكی دەبوو وە ئەو دەستكەوتانەی ئێستاشی لە دەست دەدا، بەڵام بە راگەیاندنی سڕ كردنی ئەنجامی گشتپرسی هەر زوو كاریگەریەكانی دەركەوت و پێشوازی گەورەی لێكرا بەجۆرێك گڕ و تینێكی دایەوە بە دیپلۆماسیەتی هەرێمی كوردستان و فشار خستنەسەر حكومەتی عێراق.

ئەوەی لێرەدا پێویستە پەنجەی بخرێتەسەر دەوری رژیمی دیكتاتۆر و پاوانخوازی ئێرانە لەو شەرانەدا، هەر وەك هەموو لایەك دەزانن رژیمی ئێران بوونی قەوارەك لە كوردستانی عێراق بە ناوی هەرێمی كوردستان كە خاوەنی پارڵەمان و حكومەت و هێزی سەربازی و ئەمنی تایبەت بە خۆیەتی، بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێ‌ و ساڵانێكە هەوڵدەدا بەشێوەی جیاجیا دژایەتی ئەو قەوارەیە بكات. ئەوەی روونە بەهۆی هەڵوێستی نەتەوەیی و هەنگاوەكانی بەرێز مەسعود بارزانی دژ بە تاكرەوییەكانی نووری مالكی كرێگرتەی رژیم لە عێراق و هەوڵەكانی بۆ رەخساندنی سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان، وای كرد رژیم بەرێز بارزانی بە مەترسیە سەرەكیەكە بزانێ‌ و هەوڵی زۆر بدا بۆ لێدانی پێگە و كەسایەتی ناوبراو. لە دوای ئەوەی سەركردایەتی هەرێمی كوردستان و بەدیاری كراویش بەرێز مەسعود بارزانی پێداگریان لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق كردەوە و رۆژی گشتپرسیەكەیان دیاری كرد، هەر زوو رژیم كەوتە دژایەتی سەركردەكانی كورد و ئەو هەوڵەی بە پیلانی ئیسراییل و ئەمریكا لەقەڵەم داو لە رێگەی ئورگان و مۆرەكانی و بەدیاری كراویش پاسداری تیرۆریست قاسمی سلێمانی كەوتە هەوڵی ئەوەی شكست بەو بەرنامەی كورد بێنێ بەڵام وەك بینیمان شكستیان هێنا، لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسی و سەركەوتنی ئەو پرۆسەیە، رژیم كەوتە موئامرە و پیلان گێڕی و لەگەڵ توركیە و عێراق بەرنامەی لێدانی كوردیان دانا، ئەو پیلانەی رژیم دژ بە كوردستان و بەتایبەت بەرێز مەسعود بارزانی تاك رەهەند نەبوو، وێرای كەڵك وەرگرتن لە كێشە نێوخۆییەكانی هەرێم، بەشێوەی مەیدانی سەركردەكانی سوپای تیرۆریستی قودسی سوپای پاسداران و بەدیاری كراوی پاسدار قاسمی سلێمانی سەرپەرشتی شەرەكانی دژ بە پێشمەرگەی كوردستان و بە عەرەب كردنەوەی ناوچە كوردستانیەكانی كەركوك دەكرد. هاوكات لەگەڵ ئەمانە رژیم توانی لە دوای پاشەكشەی پێشمەرگە لە كەركوك و لە دەستدانی ئەو ناوچانە بە كەڵك وەرگرتن لە راگەیاندن هەوڵی نائومێد كردنی خەڵك و بەتاوانبار كردنی سەركردایەتی كورد دا و خەڵكی بەرەو ئەو ئاراستەیە دەبرد كە بەشداری لە گشتپرسی و ئەنجامدانی گشتپرسیەكە هەڵەی گەورە بووە و ئەوەش هۆی سەرەكی بوو كە هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی هێرش بكەنە سەر كوردستان و خەڵك لۆمەی بەرێز مەسعود بارزانی بكەن. 

بۆ ئەوانەی هێرش دەكەن دەڵەننەجەبوو گشتپرسی بركرایەو قامكی لۆمە بۆ بەرێز مەسعود بارزانی رادەكێشن دەبێ بڵێم، حكومەتی عێراقی بەهۆی دنەدانی رژیمی ئێران و هاوكاری و پشتیوانی ئەو رژیمە پیلانی ئەوەی هەبوو پەلاماری كوردستان بدات و ئەوە لای هەمووان روون بوو، وە ئەوەش روونە كە بەرێز مەسعود بارزانی بەباشی خوێندنەوەی بۆ هەنگاوەكانی حكومەتی عێراقی و پیلانی ناوچەیی به‌تایبه‌ت رژیمی ئێران كردبوو و پێی وابوو بە ئەنجام دانی ریفراندۆم پرسی نەتەوەیی كورد دەكەوێتە ئەستۆی تاك بە تاكی كورد و بەو ریفراندۆمە و ئەنجامەكەی سەركردایەتی كورد دەتوانێ‌ بۆ وەدەست هێنانی مافی زیاتر هێز و وزەی زیاتری هەبێ، لە راستیشدا وابوو، ئەوەی سەركردایەتی كورد كردی ئەوندە گەورەو كاریگەر بوو كە رژیمەكانی ناوچەكە كەوتنە پیلان گێڕان،  هەر ئەو جموجوڵانەی لە دوای گشتپرسی كران نیشان لە گەورەیی هەنگاوەكانی كورد بوو وە ئەوەش لە كاریگەری و بە بڕشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئه‌و به‌رپرس و خاوه‌ن بیروبۆچوونانه‌ی كه‌ له‌ كوردستان دژی دست تێوه‌ردانه‌كانی رژیمی ئێران  بوون.

ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا بە كارێكی نالۆژیكی زیانبارم بینی ئەو هێرشە تەبلیغیە بەربڵاو بوو كە دەكرایە سەر ئەوانەی نەخشەی گشتپرسیان كێشاو سەریان خست بەتایبەت بەرێز مەسعود بارزانی، ئەوەش بۆ هەوڵێكی رژێمی ئێران دەگەرێتەوە كە لە 10 ساڵی رابردووەوە كاری لەسەر دەكات چوونكە پێی وایە بە لێدانی بارزانی و وەلانانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم پرسی كورد لە هه‌ریمی كوردستانی عێراق ئەو كاریگەریەی نابێ، ئێستاش  حكومەتی ئێران كار بۆ سنووردار كردنی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان دەكات هاوكات هەوڵ دەدا رای گشتی هەرێمی كوردستان لە بەرێز مەسعود بارزانی تیژ كات و ئەو بەربەستەی چەند ساڵە رێگر بووە لە جێبەجێ كردنی سیاسەتەكانی رژیمی ئێران لە هەرێم و ناوچەكەو هه‌وله‌كانی بۆ ده‌ست راگه‌یشتنی سنووری زه‌مینی بۆ لوبنان و سوریه‌ لەم هەلەدا لە كۆڵ كاتەوە. بۆیە پێم وایە پێویستە لە ئێستادا بەپێچەوانەی ویستی رژیمی ئێران پشتیوانی لە بەرێز مەسعود بارزانی بكرێ و رێگە نەدرێ بەهۆی سیاسەتی ناوچەیی و بەتایبەت رژیمی ئێرانەوە زیانی لێ بكەوێ چوونكە بارزانی بەدەر لە پلەكەی، كەسایەتیەكی دیار و سەركردەیەكی بە ئەزموونی كوردە و دەبێ رێگە نەدرێ بە دەستی خۆمان زیانی پێ بگەیەنن.

ئەم دۆخە بەری كورتە و ئومێد دەكرێ ئەو تەم و مژەی سازكراوە بە هەوڵ و خۆراگری خەڵكی هەرێمی كوردستان برەوێتەوەو ئاسۆیەكی باش و گەش چاوەڕێی خەڵك و ئەزمونی هەرێمی كوردستان بكات.

 
ڕێکه‌و 2017-10-27 16:17:14
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی