پاوانخوازی رژیمی ئێران، سەری بە با دەدات!

عەلی بارامی

رژیمی ئاخوندی ئێران یەكێك لە رژیمە فاشیستەكانی ناوچەكەیە كە هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی خۆی وەك رژیمێكی فاشیزمی مەزهەبی نیشان داو دەستی كرد بە خۆسەپاندن و بەشێوەی جیاجیا دەستی گەیاندە وەڵاتان و بە بیانووی جۆاروجۆر دەستێوەردانی دەكرد، لە دوای 38 ساڵ ئێستا رژیم خۆی لە زۆرێك لە وەڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا جێگیركردووە و بە كردەوە دەسەڵاتی ئەو وەڵاتانە بەرێوەدەبات. ئەم رژیمە لە ئێستادا وا نیشان دەدا قارەمانی مەیدانەكە خۆیەتی و پرۆژەكانی ئیسراییل و ئەمریكا شكستیان هێناوە! و لە ئێستادا ئەوەی ماوەو پێی وایە دەبێ تەواوی بكات ئەو بەربەستە بچووكانەیە كە لەبەردەم پرۆژەی ئیمپراتوریەتی ئیسلامی (شیعە) هەن وەلایان بنێ و كارەكەی تەواو بكات.

بەڵام لەبەرامبەر ئەم هەنگاوانەی رژیمی ئێران دا بەرەیەكی گەورە دروست بووە كە هەموو كۆكن لەسەر دژایەتی كردنی چالاكیەكانی رژیم و پێیان وایە دەبێ بەری پێ بگیرێ، ئەویش هاوپەیمانی وەڵاتانی ئیسلامی سوننەیە بە پشتیوانی ئەمریكا و وەڵاتانی رۆژئاوایی. دەست پێكی ئەم هەنگاوەش لەدوای سەردانەكەی دۆناڵد ترامپ بۆ عەرەبستان و بەرێوەبردنی دانیشتنێكی بەرفراوان لە سەرۆكی وەڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە ریاز بوو. كە تیایدا هاوپەیمانیەكی عەرەبی بۆ بەرپەرچدانەوەی رژیمی ئاخوندی دروست بوو و ئەمریكاش پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئە و هاوپەیمانیە راگەیاند. 

وەك دەبینین بەم دواییانەش ئیسراییل وەك زلهێزێكی ناوچەكە بەتەمایە هاوپەیمانیەكی دیكە و كاریگەر دژ بە رژیمی ئێران پێك بێنێ.

هاوكات ئەمریكا بۆ یەكەمجار پێی وایە دەبێ رژیمی ئێران گۆرانی بەسەردا بێ و ستراتژیێكی تایبەت بە بەرەورووبوونەوەی رژیمی ئێرانی راگەیاند و سوپای پاسداران باڵی سەربازی، ئەمنی و ئابووری ئەو رژیمەی كردە ئامانج و لە لیستی تیرۆردا جێگیری كرد و لە یەكەم هەنگاویشدا گەمارۆی خستە سەر 41 بەرپرس و ناوەندی ئابووری سوپای تیرۆریستی پاسداران.

لە بەرامبەردا رژیمی ئێران لە هەوڵدایە رۆڵی خۆی زیاتر لە رابردوو لە ناوچەكەدا نیشان بدات ئەویش بە بیانووی داعش بەشێوەی مەیدانی هاتە عێراق و بەناوی پشتیوانی لە هێزەكانی دژبەری داعش ناوچەی سوننەی بە یەكجاری هەڵتەكاند و دوای ئەوەش پەلاماردانی كەركوك لە هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی بۆ كاڵ كردنەوەو لەناوبردنی ئەو هەرێمە كوردیەی كە لە قانوونی بنەرەتی عێراقدا وەك قەوارەیەكی سیاسی و دیفاكتۆیەك دیانی پێدا نراوە. هاوكات لە دوای ئازادكردنی شاری رەقە لەلایەن شەروانان و هێزەكانی سوریەی دیموكرات كە لەلایەن ئەمریكاوە راستەوخۆ و بە پێچەوانەی توركیەی ئەندام لە ناتۆ پشتیوانی دەكرێ، رژیم هەوڵی تەواو دەدا بە هەموو شێوەیەك رەقە داگیر بكرێتەوە و دەوری كورد و هێزەكانی نزیك لە ئەمریكا لە سوریە كەم و لەناو ببات. لەلایەكی دیكەوە وەك ئیسراییل رایگەیاند لە لوبنانیش چالاكی و جموجوڵەكانی رژیم چووتە قۆناغێكی نوێ و ئیسراییل لە ترسی ئاسایشی خۆی لە سوریە پێگەكانی حیزبوڵای لوبنان و سوپای پاسدارانی كردە ئامانج، هاوكات لە دوو رۆژی رابردوودا پاسدار عەلی ئەكبەری ویلایەتی راوێژكاری ئاخوند خامنەیی سەردانی مەیدانی لوبنانی كردووەو ئەركی جێبەجێ كردنی لەناوبردنی بەربەستەكانی بەردەم حیزبوڵا بووە كە سەعد حەریری سەرەكیترین و دیارترین كەس و سەرۆك وەزیری ئەو وەڵاتە بوو كە وەك لە راپۆرتەكاندا باس دەكرێ ناوبراو لە پیلانێكی تیرۆر كردن رزگاری بووەو خۆیشی دیانی بەوەدا ناوە كە هەوڵی كوشتنی دراوەو رژیمی ئێرانی تاوانبار كرد بەوەی لە هەر كوێ بێ فیتنەیە، هەوڵی كوشتنی ناوبراویش لە كاتێكدا دەدرێ كە راوێژكاری بەرزی ئاخوند خامنەیی رێبەری رژیم لە لوبنانەو دوو رۆژ لەوە پێش دانیشتنی لەگەڵ سەعد حەریری هەبووە.

وەك دیارە رژیم لە ئێستادا وەك هێزی سەرەكی و دەسترۆیشتووی ناوچەكە وەدیار دەكەوێ بەڵام هێزێكی توندئاژۆ و مەترسیداری وەك رژیمی ئاخوندی ناتوانێ‌ درێژە بەم رەوتە بدات، ئەو بێ دەنگیەی لەبەرامبەر رژیمدا دەبیندرێ كاتیە، لە راستیدا ناوچەكە لە ئێستادا زیاتر لە گۆمێكی مەند دەچێ و ئەوەی زۆرتر پەلەقاژەی تێدا دەكات زووتر دەخنكێ.

من پێم وایە ئەوەی بە جۆرێك بەر بۆ رژیم شل دەكرێ داوێكەو بۆی تەنراوە، هەتا زیاتر پێی لێ درێژ كات زیاتر پێوەدەبێ و روونە كە لەم نزیكانەدا كردەوەكانی رژیم بە زیان بەسەریدا دەشكێتەوەو لە داهاتوویەكی نزیكدا نەك لە ناوچەكەبەڵكوو لە ئێرانیشدا بۆ هەمیشە كۆدەكرێتەوەو كۆتایی بە پاوانخوازی ئاخوندانی بێ مێشك و دواكەوتوو دێ و سایەی شوومی ئەم رژیمە لەسەر خەڵكی ئێران و ناوچەكە بۆ هەمیشە هەڵدەگیرێ.

 
ڕێکه‌و 2017-11-05 13:24:05
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی