ئامارێكی نوێ لەبارەی قوربانی و زیانی بوومەلەرزەكەی شەوی یەكشەممە

 بەپێی راپۆرتەكان تا ئێستا ئاماری كوژران و برینداری بوومەلەرزەكان لە بەرزبوونەوەدایە و تا ئێستا ئامارەكان كوژرانی 470 و بریندار بوونی 7150 كەس پشتراست دەكەنەوە.
بەپێی راگەیەندراوی رێكخراوی پزیشكی قانوونی و وەزارەتی تەندروستی رژیم، هەتا سەعات 21ی شەوی دوو شەممە 22ی جۆزەردان لە كارەساتی بوومەلەرزە كە زۆربەی ناوچەكانی كوردستانی گرتەوە و بەتایبەت لە پارێزگای كرماشان 470 كەس گیانیان لەدەست داوەو زیاتر لە 7150 كەس بریندار بوون و زیاتر لە 12 هەزار خانوو داروخاون.
راگەیاندنی ئەو جۆرە ئامارانە لەلایەن دامودەزگاكانی رژیمەوە لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆر لە دێهاتەكان روخاون و هیچ لایەنێكی پێوەندیدار بە دەمیانەوە نەچوون و جارێ ئەو ئامارانەی بڵاو دەكرێنەوە ئاماری كۆتایی نین و وێدەچێ ئامارەكان زۆر لەوە زیاتر بن. هەروەها دەگوترێ بەشێكی زۆر لەوانەی گیانیان لەدەست داوە لەلایەن كەس و كاریانەوە پێش ئەوەی ناویان لە مانگی سوور تۆمار بكرێ بە خاكسپێراون بۆیە مەزەندە ئەوە دەكرێ ئاماری كوژراوانی كارەساتی بوومەلەرزەكە زیاتر لە 1000 كەس بێ تا ئێستا.
لە هەمانكاتدا خەڵكی ئەو ناوچانەی بوومەلەرزەكەی تێدا رووی داوەو خانووەكانیان روخاوە لە بەدەمەوە نەچوون و كەمتەرخەمی دامودەزگاكانی رژیم نارازین و دەڵێن رژیم بە ئانقەست خەڵكی بێ ماڵ و حاڵ پشت گوێ دەخات و بە دەمیانەوە ناچێ و لێرەو لەوێش باس لەوە دەكرێ هێزەكانی سپای تیرۆریستی و جەردەی پاسدارانی رژیم بە جێی بە دەمەوە چوونی زیان دیتووان، لە ماڵە داروخاوەكاندا بۆ پووڵ و زێری هاونیشتمانیانی كورد دەگەڕێن.
شایانی باسە شەوی یەكشەممە 21ی جۆزەردانی 1396 بوومەلەرزەیەك بە بەهێزی 7.3 رێشتێر ناوچەكانی كوردستانی لە كوردستانی ئێران، عێراق، توركیە و سوریە لەرزاند و لە پارێزگای كرماشان و دەربەندیخان زیانی گیانی و ماڵی زۆری لێكەوتەوە.
بەو بۆنەوە كاك بابەشێخی حوسێنی سكرتێری گشتی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لە پەیامێكدا هاوخەمی لەگەڵ كەس و كاری قوربانیان دەربری و داوای شیفا و چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست و داوای لە خەڵكی كوردستان كرد بە دەم زیان لێكەوتووان لە پارێزگای كرماشان بچن.

 






 

 
ڕێکه‌و 2017-11-13 22:55:55
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )







سیاسی