بریاری ئەمریكا بۆ بەفەرمی ناسینی قودس بە پێتەختی ئیسرائیل و كاردانەوەكان

 رۆژی چوارشەممە 15ی سەرماوەزی 1396، سەرۆك كۆماری ئەمریكا قودسی وەك پێتەختی ئیسراییل بە فەرمی ناسی و وتی سەفارەتی ئەمریكا دەگوازرێتەوە بۆ ئەو شارە.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئەگەر ئیسراییلی و فەڵەستینیەكان رازی بن پشتیوانی لە دوو وەڵات دەكەین. ناوبراو تەئیدی كردوەتەوە كە بریارەكەی پێچەوانەی سنوورە جوغرافیایی و سیاسیەكانی قودس كە لەلایەن ئیسراییل و فەڵەستینەوە دیاری دەكرێ نیە.

لەسەر بریارەكەی ترامپ هەر زوو ژمارەیەك لە سەركردەكانی جیهان هەڵوێستیان گرت و بریارەكەی ناوبراویان رەد كردەوەو رایانگەیاند دەبێتە هۆی بشێوی كێشە لە ناوچەكەدا.

ئانتۆنیۆ گوتێرس سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان پێداگری لەسەر ئەوە كردەوە كە هیچ جێگرەوەیەك بۆ چارەسەری دوو وەڵاتی بوون نیە و قودسیش بابەتێكە كە دەبێ لە رێگەی وتووێژی راستەوخۆی نێوان لایەنەكان چارەسەر بكرێ.

ماكرۆن بریاری هاوتا ئەمریكاییەكەی بەبریارێكی ناپێویست زانی و داوای كرد كە دووری بكرێ لە توندوتیژی و پێداگری لەسەر دروست بوونی دووڵات وەك چارەسەر كردەوە.

عەرەبستان و ئوردنیش دروست بوونی وەڵاتی فەلستین كە پێتەختەكەی قودسە بە مافی فەلستینیان زانی.

میسر بریارەكەی سەرۆك كۆماری ئەمریكای رەد كردەوە و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆككۆماری ئەو وەڵاتە خوازیاری ئەوە بوو لەگەڵ بابەتی قودس بە حەزەر و ئیحتیاتەوە هەڵسوكەوت بكرێ.

تێرێزا مەی سەرۆك وەزیری بریتانیا داوای لە سەرۆك كۆماری ئەمریكا كرد كە دۆخی ئێستای قودس هەروا بمێنێتەوە.

 

مەحمود عەبباس سەرۆكی حكومەتی فەڵەستین بریاری ترامپی بە پێشێلكردنی ئیرادەی نێونەتەوەیی زانی و رایگەیاند قودس شاری ئاشتی و مزگەوتی پیرۆزە و پێتەخی فەڵەستینە.
ڕێکه‌و 2017-12-07 11:27:51
به‌شی ( هه‌واڵه‌کان )







سیاسی