پارڵمانتارانی ئوروپایی پێشێلی مافی مرۆڤ لە ئێران مەحكوم دەكەن

رۆژی چوارشەممە 6ی دیسامبری 2017 بە دەستپێشخەری ( گروپی دۆستانی ئێرانی ئازاد) لە پارڵمانی ئوروپا، كە لەلایەن سەدان نوێنەری پارڵمانی ئوروپا و گروپی سیاسی جیاواز پشتیوانی دەكرێ‌، كۆنفرانسێك بە بۆنەی رۆژی جیهانی مافی مرۆڤەوە لە پارڵمانی ئوروپا لە برۆكسێل بەرێوەچوو.

 وتاربێژی سەرەكی كۆنفرانسەكە خانمی مریەم رەجەوی سەرۆككۆماری هەڵبژێردراوی شۆرای میللی موقاومەتی ئێران بوو. 

لەو كۆنفرانسەدا بە دەیان كەس لە نوێنەرانی پارڵمانی ئوروپاو شمارەیەكی زۆر لە یاریدەدەرانی پارڵمانی، دیپلۆماتكاران و رۆژنامەنووس ئامادەبوون. ئەستروان ئەستیونسون، سیاسەتمەداری دێرینی سكۆتلەنداش یەكێك بوو لەوانەی لە كونفرانسەكەدا وتەی پێشكەش كرد.

ژرارد دپره، نوێنەری پارڵمانی ئوروپا لە بلژیك كە سەرۆكایەتی كونفرانسەكەی لە ئەستۆ بوو وتی: ئێمە داوا لە یەكیەتی ئوروپا، بەتایبەت نوێنەری تایبەتی موگرینی دەكەین كە لەگەڵ ئێراندا بابەتی مافی مرۆڤ و مافی ژنان لەبەرچاو بگرن. ئێمە لە روانگەی ئەو زۆر نا ئومێدبووین كە بیری تەنیا لای بابەتی ناوكەیی و هاندانی شیركەتە ئوروپاییەكانە بۆ ئێران. ئێمە داوا لەو لە وەڵاتانی خۆمان دەكەین، بەتایبەت لە دەوڵەتی خۆم لە بلژیك، خوازیاری ئەوەین شەرتی پێوەندی لەگەڵ ئێران هەڵوەشانەوەو راگرتنی ئێعدام و پێشكەوتنی روونی مافی مرۆڤ بێ.

 مریەمی رەجەوی وتی: ئەو رژیمە سەرچاوە گرینگەكانی خۆی بەتەواوی خەرج كردووە. لە باری ئابووری، ئەوان شكستیان هێناوە. لەباری كۆمەڵایەتی ئەوان لە هەر كاتێكی دیكە كۆشەگیرترن. ئەوان لە بەرنامەكانیان بۆ لەناوبردنی ئوپزسیۆنی سەرەكی خۆیان شكستیان هێناوە و نەیانتوانی رێگە لە گواستنەوەی ئەندامانی موجاهیدینی خەڵك بگرن.

خانمی رەجەوی لە درێژەدا وتی: لە وەها رەوشێكدا، رژیم دوو رێگەی بۆ مانەوە هەیە: سەركوت و ئێعدامی زیاتر لە ئێران و دەستێوەردانی زیاتر لە وەڵاتان. ئەوە قەیرانی سەرەكی نێو خۆی رژیم نیشان دەدات كە بە پەرەپێدانی هێژمونی خۆی لەناوچەكە هەوڵ دەدا دایان پۆشێ. لە راستیدا خەریكی جێبەجێ كردنی شانۆگەری بەتاڵی هێزە بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە گرتنەبەری سیاسەتێكی جیددی و بەبرشت سارد كاتەوە. رێبەرانی رژیم راستەوراست دەڵێن سوریە، عێراق، یەمەن قوڵایی ستراتژی رژیمن و ئەگەر ئەوان ئەو وەلاتانە بەجێ بێڵن ئەوە بەرەورووی رووخان و لەناوچوون دەبنەوە.

ناوبراو پێداگری لەسەر ئەوە كردەوە كە تا كاتێك كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەسەر هەڵسووكەوتە خراپەكانی لێپێچینەوە لەو رژیمە نەكات، ئاخوندەكان بەردەوام دەبن لە كارە مەترسیدارەكانیان. رێگەچارە بەبرشت بوونە، نەك ئیمتیاز دان. بەداخەوە ئوروپا نرخ و بەهاكانی خۆی وێڵ كردووە بۆ ئەوەی تەجارەت لەگەڵ ئاخوندان پەرەپێبدا. یەكیەتی ئوروپا چاوی خۆی لە حاست پێشێلی مافی مرۆڤ لە ئێران بەستووە.

هەروەها ریچارد چانسكی جێگری سەرۆكی پارلمانی ئوروپا وتی: تا كاتێ ئێعدام لە ئێران بەردەوام بێ، تا كاتێ ئازادی رادەربرین لە ئێران سەركوت بكرێ، تا كاتێ كەمینە مەزهەبیەكان لەوانە مەسیحیەكان و موسلمانە سوننیەكان لە ئێران سەركوت بكرێن، ئێمە ناتوانین، نابێ ئێمە پێوەندیەكی ئاساییمان لەگەڵ ئەو رژیمەدا هەبێ. گروپی نافەرمی ئێمە "دۆستانی ئێرانی ئازاد" هەمیشە وتوویەتی كە لە پێوەندیەكانمان لەگەڵ ئێران، ئوروپا سەرەتا دەبێ مافی مرۆڤ لە پێش هەموو كارێكەوە دانێ‌. ئێمە نابێ لەو بارەوە سازان بكەین. ناوبراو لە درێژەدا گوتی: بەراستی رژیمی ئێران ترسی لە ئوپوزیسیۆنی ئێران هەیە و هەر بۆیەشە ئەو هەموو وزە و ملیۆنان یۆرۆ دژ بە ئوپۆزیسیۆنی دیموكراتیك بە رێبەرایەتی خانم مریەمی رەجەوی خەرج دەكات.

ئەندامانی پارڵمانی ئوروپا لەسەر ئەو چەند خاڵەی خوارەوە تەئكید دەكەنەوە:

1ـ ئوروپا نابێ لە حاست پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە ئێران چاوی ببەستێ. سەردانی تاران لەلایەن بەرپرسانی ئوروپایی و نوێنەرانی پارڵمانی ئوروپا، بەكردەوە لە بەرژەوەندی پێشێلكارانی مافی مرۆڤ لە ئێرانە.

2ـ پەروەندەی ئێعدام، شكەنجە و كوشتن لە ماوەی 38 ساڵی رابردوو لەلایەن رژیم بەتایبەت كوشتاری 30هەزار زیندانی سیاسی لە ساڵی 1988 دەبێ رەوانەی ئەنجومەنی ئاسایش بكرێ و بەرپرسانی رژیم و بەرێوەبەرانی ئەو جینایەتە دەبێ لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێ.

3ـ هەموو نیشانەكان دەرخەری ئەوەن كە رژیمی ئێران لەگەڵ قەیرانی بەربڵاو بەرەورووە. خەڵكی ئێران لە رێگەی نارەزایەتی بەردەوام بەدوای گۆرانی رژیمەوەن. كاتی ئەوە هاتووە یەكیەتی ئوورپا لە پاڵ خەڵكی ئێران بۆ خواستی مەشروعیان بە رێگەی گۆرانی دیموكراتیك بوەستێ. بە فەرمی ناسینی شۆرای ملی مقاومەتی ئێران بۆ كۆتایی هێنان و قەرەبوو كردنەوەی سیاسەتە كارەساتبارەكانی پێشوو پێویستە. ئەزموون نیشانی دەدەن كە ئەو رژیمە توانای ئیسلاحی نیە.

4ـ سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی (IRGC) بەشی سەرەكی ئابووری ئێرانی لە كونترۆڵ دایە. سوپای پاسداران برسیەتی و هەژاری بۆ خەڵكی ئێران هێناوەو بەرپرسی كوشتاری خەڵكی سوریە، عێراق و یەمەنە. هەموو سات و سەودایەكی ئابووری لەگەڵ سپای پاسداران و شیركەتەكانی سەربەو سوپایە دەبێ راگیرێ و بخرێتە لیستی رەشەوە. پێویستە سوپای پاسداران و تاقمە چەكدارە بەكرێگیراوەكانی لە ناوچەكە دەركرێن.

 

نوێنەرانی ئوروپا داوایان لە نوێنەری بەرزی یەكیەتی ئوروپا كرد كە شەرتی هەر جۆرە پێوەندیەك لەگەڵ رژیمی ئێران باشتر بوونی رەوشی مافی مرۆڤ، راگرتن و كۆتایی هێنان بە دەستێوەردان لە وەلاتانی جیران و بەرنامەی مووشەكی بالستیك بێ، جوێ لەوە ئەو پێوەندیە بە پێچەوانەی بەهاكانی ئوروپا و ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكە و جیهان دەبێ.
ڕێکه‌و 2017-12-07 11:45:24
به‌شی ( هه‌واڵی ئێران )







سیاسی