۲۲ی رێبەندان دەستپێکی نەهامەتی زیاتر بۆ گەلانی ئێران

شیلان محەممەدی

۲۲ی ریبه ندانی 1357 ، کاتێک جەماوەری ئێران له دژی دەسەڵاتی دیكتاتۆری  2500 ساڵەی پاشایەتی دەسەلاَتدار له وڵاتدا راپەرین و دروشمی رووخان تەواوی وڵاتی گرتەوه٫ هەر ئەو کاتە بوو که خەڵكی بوێرو ئازادیخواز له دوای شۆرش و راپەرینی بوێرانەیان و كردنە قەڵغانی سنگ و بەرەورووبوونەوە لەگەڵ تانك و تۆپی رژیم، گەیشتنه ئامانج و توانیان کۆتایی بەدەسەڵاتی پاشایەتی بێنن.

ئەو راپەرینە كە موڵك و دەسكەوتی گەلانی ئێران بوو، لە خەڵكی تێكرای شارەكانی ئێران بە هەموو پێكهاتەو نەتەوەو ئایین و مەزهەبێك بوو، كە هەر زوو  لەلایەن پۆلێك ئاخوندی تاریكپةرەستەوە دزراو دەسەڵاتێكی دیكەی دیكتاتۆرو سەركوتگەرو دژە مرۆڤیان لەجێی  دامەزراند.

خومەینی لەگەڵ یەكەم رۆژەكانی گرتنە دەستی دەسەڵات لە وڵاتدا، كەوتە گرتن و كوشتن و زیندانی كردنی هاوڵاتیانی ئازادیخوازی ئێران كە بەو شێوە دەسەڵاتە رازی نەبوون و هەروەها وەک وەلامێک بۆ ویست و داوا رەواکانی نەتەوەی غەدرلێکراوی کورد دەستی كرد بە ناردنی هێزی زۆر پۆشتەو دەركردنی فەرمانی جیهاد دژ بەو نەتەوە ئازادیخوازەی كە جوێ لە داوا و ویستە رەواكانی هیچ تاوانێكی نەبوو. 

بەپێچەوانەی حەز و ویستی خەڵك، رێك لەدوای 22ی رێبەندان نەهامەتیەكانی خەڵكی ئێران و نەتەوە و پێكهاتەكانی نیشتەجێ‌ لەو وڵاتە دەستی پێكردوو و ئەو رژیمە خوێنرێژە بەجێگەی ئازادی و ژیانێکی باشتر، گرتن و كوشتن و سێدارەی بۆ كردنە خەڵات.

رژیمێك كە جوێ لە زەبر و زەنگ و وەڵامی ئاگر و ئاسن بۆ ئازادیخوازان، سەرمایەی سەرزەوی و بن زەوی وەلاتیشی تەرخان كرد بۆ  پەرەپێدانی بیری رەشی ئاخوندی و سازكردنی تاقم و گروپی جۆراوجۆر لە رۆژهەلاتی ناوەراست و دەستێوەردان لە كاروباری ولاَتان، چالاكی تێكدەرانە و نانەوەی بشێوی و بە كوشت دانی هەزاران كەسی سڤیل و بێ تاوان لە ناوچەكە و هەناردە كردنی تیرۆریزم بۆ شوێنەكانی دیكەی جیهان و پەرەپێدانی چەك و چۆڵی كۆكوژ و قەدەغەكراو و دامەزرانی دەیان ناوەند و ئورگانی سەركوتگەری سەربازی لە ئێران. كە هەموو ئەم سیاسەتانەی رژیم بوونە هۆی سەرهەڵدانی نەهامەتی و قەیرانی زۆری ئابووری و كۆمەلایەتی بۆ خەڵكی ئێران كە وەك دەبینین جەماوەری ئێران بەجێی خۆشگوزەرانی و ژیانێكی ئاسوودە، بەهۆی سیاسەتەكانی رژیمەوە تووشی خراپترین دۆخی گوزەران بوونەوە. 

لە لایەكی دیكەوە ئەو نیزامەی ئیدیعای عەداڵەتی ئاسمانی دەکات و خۆیان بە نوێنەری خوا لەسەر زەوی دەزانن، گەورەترین خەسارەتیان لە بایەخ و بەهاکان و مەعنەویاتی خەڵک داوەو لەو وڵاتەدا لەجێی بەرەوسەرچوونی شارستانیەت و پێشکەوتنەکانی ئەمرۆیی، رژیم وڵات، بەرەو سەردەمەکانی بەردین و بەڕبەڕیەت دەباتەوە. رۆژانە تاكەكان لەسەر ئازادی رادەربرین و وەدەنگ هاتن لەسەر نادادپەروەری رەوانەی زیندان و چاڵەرەشەكان دەكرێن و چارەنوسیان پەتی سێدارەیە، تێكرای نەتەوەو مەزهەب و پێكهاتەو چینەكانی كۆمەڵگا لەگەڵ سیاسەتی سەركوت و چەوساندنەوەی ئەو دەسەڵاتەدا بەرەوروون.

 

ئەوەی لە دوای نزیك بە 40 ساڵ دەسەڵاتی رەشی ئاخوندان دڵخۆشی و تین و وزەی بە خەڵك و ئازادیخوازان بەخشیوە راپەرین و سەرهەڵدانی 2 مانگی رابردووی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانە کە هاوشێوەی راپەرینەكانی 22رێبەندانی 1357 بۆ جارێكی دیكە جەماوەر دروشمی گۆرانكاری قوڵ لە پێكهاتەی سیاسی وەڵاتدا دەدەن دەیانەوێ رژیمی دیكتاتۆری ئاخوندان بۆ هەمیشە لە گۆر بنێن و دەسەڵاتێكی دیموكراتیك و خەڵك پەسەند لەجێی دامەزرێنن.
ڕێکه‌و 2018-02-13 18:12:37
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی