بەرێوەچوونی كۆڕی رێزلێنان بۆ شاعیری هاوچەرخی كوردستان

كۆڕێكی رێزلێنان بۆ شاعیری هاوچەرخی كوردستان كەریم دافعی "ك.د.ئازاد" لە لایەن ئەنجومەنی ئەدەبی ـ فەرهەنگیی "بەڕۆژە"ـی شاری بانە و ئەنجومەنی ئەدەبی ـ فەرهەنگیی هاژەی کۆخان" و بە بەشداری ئه‌دیبان، شاعیران و خه‌ڵکی شاره‌کانی بانه‌، سه‌قز، سه‌رده‌شت، پیرانشار، شنۆ، نه‌غه‌ده‌، مه‌هاباد، بۆکان، دیوانده‌ره‌، سنه‌، کرماشان، مه‌ریوان، ڕه‌به‌ت و نستان هەروەها خه‌ڵکێکی زۆر له‌ زۆربه‌ی شار و دێیه‌کانی کوردستان بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵ، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٣٩٦ی هه‌تاوی کۆڕێک بۆ ڕێزلێنان له‌ شاعیری هاوچه‌رخی کوردستان (ک.د.ئازاد) و  په‌رده‌لادان له‌ سه‌ر سێ کتێبی ئه‌و شاعیرەی گەلی کورد‌ له‌ شاری بانه‌ به‌ڕێوه‌ چوو.

ئەم کۆڕی ڕێزلێنانە لە لایەن ئەنجومەنی ئەدەبی ـ فەرهەنگیی "بەڕۆژە"ـی شاری بانە و ئەنجومەنی ئەدەبی ـ فەرهەنگیی هاژەی کۆخان" بۆ شاعیری هاوچەرخی کوردستان "ک.د.ئازاد" بەڕێوە چوو.

لەو کۆڕەدا سێ کتێبی ئەو شاعیرە گەورەیە، بە ناوەکانی "چه‌پکێ خه‌ونی ئه‌رخه‌وانی (شێعر)، برینه‌کان به‌ خوێ ده‌شۆم (شێعر) و "بالۆره‌کانی غه‌ریبی" (کورته‌ چیرۆک) خرانە بەردیدی خوێنەران و ئۆگرانی ئەدەبی كوردی.

هاوکات لەو کۆڕی ڕێزگرتنەدا، مامۆستا سه‌عید نه‌ججاڕی (ئاسۆ)، مامۆستا ئیبراهیمی ئیسماعیل پوور( شه‌ماڵ)، مامۆستا سۆران حوسێنی، مامۆستا ئه‌مین گه‌ردیگلانی، مامۆستا عومه‌ر محه‌ممه‌دی وتاریان خوێندەوە.

هه‌روه‌ها له‌ لایه‌نی خوێندنه‌وه‌ مامۆستا عومه‌ر ڕه‌سووڵی، دوکتۆر مێهری پاکزاد و ڕێباز تورجانی دیکله‌مه‌ی شێعره‌کانی ک.د.ئازاد خوێندرایەوە و چەند شێعری ک.د.ئازاد به‌ مۆسیقا و گۆرانی له‌ لایه‌ن شه‌ریف ئاغای ڕه‌به‌ت ده‌گه‌ڵ شمشاڵی ڕه‌حمانی قادری پێشکەش کرا.

" ک.د.ئازاد" یه‌که‌م که‌س بووه‌ که‌ یه‌که‌م ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی له‌ کوردستان دامه‌زراندوه. به‌رهه‌می زیاتر له‌ چل ساڵ نووسینی ک.د.ئازاد (٥٤ کتێبی شێعر و چیرۆک و لێکۆڵینه‌وه‌ و ده‌رونناسی)یه‌‌ که‌ ته‌نیا هه‌شت به‌رهه‌می وه‌ک کتێب چاپ کراون. پتر له‌ ٧٠٠ به‌رهه‌می (شێعر و چیرۆك وبه‌رهه‌می ده‌روونناسی وبابه‌ته‌کانی ئه‌ده‌بی) له‌ گۆڤار و كتێبه‌كانی ئێران و جیهاندا چاپ كراوه‌.

شاعیر" ک.د.ئازاد" له‌ زۆربه‌ی فستیواڵ و کۆڕه‌کانی شێعر و چیرۆک و وتار و بابه‌تی ئه‌ده‌بیدا، باشترین خه‌ڵاتی وه‌رگرتوه‌.


 
ڕێکه‌و 2018-02-25 08:05:02
به‌شی ( ئه‌ده‌ب و هونه‌ر )







سیاسی