کرماشانیش وەک هەڵەبجە بوو بە تراژیدیاو چووە گیفانی تاڵی مێژوو

کرماشانیش وەک هەڵەبجە بوو بە تراژیدیاو چووە گیفانی تاڵی    مێژوو

ئەنوەر ئەلیاسی

ئەم نیشتمانەی من کتێبخانەیەکە پڕە

لە ڕۆمانی تراژیدیاو

لە چیرۆکی تاژیدیاو

لە دیوانە شیعری تراژیدیا

وا ئێستاش 

ڕۆمانێکیترو

چیرۆکێکیترو

دیوانێکیتری تراژیدیا

بە دەست و پەنجەی سرووشت

لە چاپ درا

دووكەڵی ئەمجارە درێژە

برینی ئەمجارە قووڵە

خوێنی ئەمجارە ڕووبارە 

ڕووبارە

ڕووبارە

شۆڕ ئەبێتەوەو ئەچێتە

زەریایی پڕ لە هاوارەوە

ئەمجارە چەقۆ تیژەکانی 

خۆرافات نەبوون بۆ گەردنم

تەورەکانی دەستی غەدر نەبوون و

گەلە گورگەکان 

کەمتیارەکان نەبوون

بە ر بوونە گیانم

ئەمجارە گازی خنکان و

سوورەتی ئەنفال و

ئاگری جەهەنم نەبوون

ئەمجارە ڕیشی زل و

سیواکی درێژو

عاشقانی سەبایا نەبوون

سرووشت بوو

سرووشت

سرووشت 

ئەویش لە خۆی بێزار بووەو

تووڕەیی خۆی ئەڕژێنێ و

ئەڕشێتەوە بە سەر مندا

ئای خودا

من چەن دێزەم 

چەن چارە ڕەشم 

چەن غەریبم

لەم دنیا پان و بەرینەدا

ئای خودا

من تاکەی دستەو ئەژنۆ دانیشم و

بۆ بێکەسی خۆم بگریم

من تاکەی یاری تۆپی پێم

من تاکەی وەک تەسبیحی دەستی سۆفی

ئەمسەرو ئەوسەر پێ ئەکرێم

تاکەی خودا تاکەی

خۆ من هێشتا خوێنی برینەکانیترم

 وشک نەبووتەوەو ئەچۆڕێ بە تیخەوە

ئازاری برینەکانیترم هەئەقرچێ و

هاواری برینەکانیترم دەنگ ئەداتەوە 

لە گوێی تۆ و گشت دنیا

ئەی ئێستا 

ئەم برینە تازە چی بوو

ئەم ئازارە تازە چی بوو

ئەم هاوارە تازە چی بوو

دەرکەوت لە پڕێکدا

برینی ئەمجارەو 

هاواری ئەمجارەو

ئازاری ئەمجارە 

تراژیدیاترین ڕۆمانەو

تراژیدیاترین چیرۆکەو

تراژیدیاترین شیعرە

چوون لە چاوی چاوما

لە دڵی دڵما

لە ڕۆحی ڕۆحما

لە گیانی گیانما

لە کرماشانی تاقوستان

سەری هەڵدا

من ئێستاکە 

باسی لوورەی ئەزگڵەتان بۆ بکەم

باسی فرمێسکی چاوی سەلاستان بۆ بکەم

باسی بێکەسی و بێ نازی بزمیراوتان 

باسی هەڵوەرینی شاری سەرپێل و

پەشۆکاوی زێدەکەم 

دەشتی زهاوتان بۆ بکەم

من لێرەوە 

بە فڕۆکەی شیعر خەیاڵم ناردەوە

ئەو وەختێ هاتەوە

چوار کورتە چیرۆکی تاڵ و

یەک کورتە چیرۆکی شیرینی هێنایەوە

یەکەم 

پەپوولەیەک شەو بەر لەوەی بنوێ

جل وبەرگ و

جانتای قوتابخانەکەی ڕێکخست و

بە باوکی وت 

باوکە گیان سبەینێ ڕۆژی لە دایک بوونمە

چیم بۆ ئەکرێ؟

دووەم

کچە کامیرە بە دەستێکی تارانی

کە بۆ هاودەردی چوو بوو بۆ ئەوێ

مناڵێک هات باوەشی پێا کردوو

پێی وت 

ئەمە دوو شەوە دڵم بۆ دایکم تەنگ بووە

ئەتوانم ئەمشەو لە باوشتا بنووم

سێیەم

ڕەعنای کچە پوورم وتی

چەن دەقەیەک خانوەکە بەر بێتەوە 

بە سەرماندا

گوێم لێ بوو 

مەلا کەریم و 

مەلا عەبدوڵا

مێژووی تاڵی کوردیان بۆ یەکتری ئەگێڕایەوەو

قازی مەحەمەدیان بیری خۆیان ئەهێنایەوەو

ئەیانویست بیکەن بە وتاری هێنی و

سەرپێڵ و دەشتی زەهاو

ڕاچڵەکێنن لەو خەوە خەفڵەتە

چوارەم

لە ژێر دارو بەردی خانوویەکدا

کچ و کۆڕێکیان دەرهێنا

وەختێ بینییان 

گیانیان لە ئامێزی یەکتردا سپاردووە

چیرۆکی فەرهادو شیرینیان 

دووپات کردەوە

پێنجەم 

پێنجەم چیرۆکی شیرین 

کە هیوای پۆشییەوە بە هەموومان

بزەی گەڕاندەوە بۆ سەر لێوی سەر لێوی

 نیشتمان

ئەوە بوو

وەختێ کرماشان وتی تینوومە

سنە بوو بە ئاو و هات

وەختێ وتی برسیە

مەهاباد بوو بە نان و هات 

وختێ وتی ڕووت و قووتم 

ورمێ بوو بە جلوبەرگ و هات

وەختێ وتی سەرمامە 

لەرز ئەمگرێ 

بۆکان بوو بە بەتانی و هات

وەختێ وتی لێرە تەنیا 

جێم مەهێڵن

دوایی گشت کوردستان 

ڕاچڵەکی و هات..!

 
ڕێکه‌وت: 2018-02-25 09:49:00
به‌شی ( ئه‌ده‌ب و هونه‌ر )







سیاسی