ساڵی پشتگیری لە شت و مەکی ئێرانی بە چ ئامانجێک!

بێهرووز ئەردەڵان

ساڵی پشتگیری لەکاڵای ئێرانی تەنیا لایەنی ئابووری نیە، بەڵکوو زیاتر ڕەهەندی ئەمنیەتی هەیە و ڕژیم لەسەر بنچینەی شەپۆلەکان کەڕووخانی ڕژیمی مەبەستە، ئەم پلانەی داڕشتووە. وەلی فەقێ  کە دیاری گەری دروشمی ساڵە و هەموو نەورۆزێک ، ناوێک بۆ ساڵی دەسەڵاتەکەی دیاری دەکات، نێوێکی نوێی بۆ ئەم ساڵ دیاری کرد، کەچەند لایەنی لەخۆگرتووە. ناودێر کردنی ئەمساڵ وەک ساڵی پشتگیری لە شت و مەکی ئێرانی، لەڕاستیدا تەنیا پێوەندی نیە بە ئابووری و بوژانەوەی ئەم کەرتە ڕماوە ،بەڵکوو لایەنی ئەمنیەتی و هێمنایەتیە و ڕژیم و وەلیەکەی زۆر بەووردی بیریان لێکردۆتەوە تا ئەم نێوەیان دیاری کردووە.

خامەنەیی لەیەکەم ووتاری ساڵانەیدا بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی1397 ،ڕایگەیاند کە دەبێ پێش بە هاووردەکردنی شت ومەک وکاڵای قاچاخ بگیرێ وکاڵای ئێرانی جێگەی شتی دەرەکی بگرێتەوە.

ئەم کارەی ڕژیم ، بەمەبەستی پێشگیری لە هاوردەکردنی کاڵا و کراوەبوونی خاڵی بازرگانی سنوورەکان بەڕووی بازرگان وکاسبکاران و کۆڵبەرانی کوردستان، پلانێکی دیکەیە بۆ بێ بازاری خەڵکی سنوورەکان وهاووکات توندکردنی دۆخی ئەمنیەتی وهەوڵدانەوە بۆ دامەزرانەوەی یەکە وتۆڕەکانی بەسیج وجاشیەتی بۆ دەسەڵات.

لەلایەکی دیکەوە زیان گەیاندن بە هات و چووی بازرگانی لەنێوان ئەو دیو وئەم دیوە وگەڵاڵەکەی ڕژیم زیانی زۆری دەبێ ودەتوانین بە کارەساتی پیشەوبازرگانی وپێوەندی کۆمەڵایەتی بۆ ئەم ناووچە ئەژماری بکەین.

 ڕێگری لە شت ومەکی قاچاخ ،بەواتای نیشانەگرتن لە ئابووری ئەم بەشەوناوچانە.  بازاری کوردستان کە زۆرێک لەکاڵاکانی بەبێ گومریک دەچێتە ئێران وسنوورێکی بۆ نیە ،دەچێتە خانەی بازاڕێکی یاساغ ،ئەمەش بیانوییکی باشە بۆ ڕژیم تا سنوورەکانی سنووردار بکات.

پلانەکەی ڕژیم کە چووە باری کردار،بەزووترین کات گرفتی بۆ ناووچە سنووریەکان دروست کرد وخەڵکی ئەم دەڤەرانەش کە کارلە سنوور  بە شادەماری ئابووری خۆیان دەزانن، لەدژکردەوە بە داخستی بازاری سنوورەکانی کوردستان،کاردانەوەیان هەبووە.

خەڵکی شارەکانی کوردستان بە مانگرتن وداخستنی دووکان وبازاڕ ،ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و فشاربۆ سەر ڕژیم زیاتردەکەن. درێژەکێشانی مانک گرتن و ناڕەزایەتی خەڵکی ناووچە سنووریەکان وئەگەری سەرهەڵدانی ڕاپەڕینێکی دیکە، لێپرسراوانی ناووچەیی هێناوەتە سەرهێڵ ولەم پێوەندیەدا بێدەسەڵاتی خۆیان ناشارنەوە. قایم مقام (فەرماندار)ی جوانڕۆ دەڵێت کردنەوەی خاڵەسنووریەکان لەدەست ئەواندا نیە!

داخستنی خاڵەسنووریەکان و ڕێگری لە بازرگانی، هۆکارێکی ئەمنیە و لەدەست لێپرسراوانی خۆجێی نیە، بەڵکوو بەدەست شۆڕای بەرزی ئەمنیەت و سوپای پاسداران بە تەئیدی ڕێبەر جێبەجێی دەکات. مادام ئۆرگانە ئەمنیەکان ڕاسپێردراو و جێبەجێکاری ئەم گەڵاڵەن، ئامانجیان لە زیادکردنی گومریک بەڕێژەی 5 بەرانبەر، سیاسی و هێمنایەتیە و تەنیا بڕەودان بە کاڵای نێوخۆیی نیە.

پرسی سنوور و جمووجۆڵی بازرگانی لە کوردستان و سنوورەکانی ئێران، بۆ ڕژیم بابەتێکی هەستیار و بەردەنگە و لە هێشتنەوەی ئەم بەشانە لە دۆخی ئەمنیدا، بەئامانج کاری کردووە.

لەم گەڵاڵە نوێیەشیدا گەرەکیەتی بە لە کارخستنی بازار و زیادکردنی فەزای ئەمنی لە ناووچەسنووریەکان، هێمنایەتی بگەڕێنێتەوە بۆ ناوەند،ئەگەر چی ڕژیم هەمیشە پڕچەک بووە بۆ گیان کوردستان ودادۆش بووە بۆ ناوەند،بەم حاڵەش نەیتوانیەوە بەربە ناڕەزایەتیەکان بگرێ.

دروشمی ڕوخان لەلایەن خەڵکی ڕاپەڕیوی نزیک بە 130 شارو شارۆچکەی ئێران، زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ ڕژیم ولەسەر ئەو بنەمایە وەلی فەقێ ساڵی بە پشتگری کاڵای ئێرانی ناودێرکردووە وبەم پێیە پلانی بۆ بەرەوو ڕوو بوونەوەی شەپۆلی  ناڕەزایەتی جەماوەریی وخرابی دۆخی ئەمنی وەڵات داڕشتووە.

کوردستان کە شاڕێی ئازادی ئێرانە وسەنگەرێکی قاییمە بۆ ئازادیخوازانی سەرانسەریش، پاشنە ئاشێلی ئەمنی ڕژیمە وگەرەکیەتی بە برسی کردنی خەڵک و بەربەست کردنەوەی ڕێگە کانی پێوەندی سیاسی وبازرگانی، ئیرادەی ئەم نەتەوە بشکێنی وبە گرتنەبەرو دەست پێکردنەوەی هەوڵی  بەلاڕێدا بردن، خەڵک سەرقاڵ بکاو هێمنایەتی بۆ ناوەند بگەڕێنێتەوە، بەڵام شەپۆلی ناڕەزایەتی هێند بەهێزە کە هیچ گاشەبەردێک خۆی لەبەر ڕاناگرێت.

 
ڕێکه‌و 2018-04-09 19:58:10
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی