شوعاری ئەمساڵ دەرخەری قەیرانی ئابووری و فشاری زیاتر بۆ سەركۆڵبەرانە

 

ئەمسالیش وەك نەریتی هەموو ساڵیك ناو و شوعارێك بۆ ساڵی 1397  لە پەیامی نەورۆزی خامەنەیی وەلی فەقیهی رژیم دیاری كرا. جیا لەوەی كە ئەو ناو دیاری كردنانە وەك نەریتێكی رۆتینی و بەردەوام لە سەری ساڵە كۆچی خۆرییەكان دەكرێن، هاوكات دەتواندرێ‌ لە ناوی دیاری كراو خوێندنەوەمان بۆ كێشە و گرفتەكان و بایەخ و قەیرانە هەنووكەییەكانی دەسەڵاتیش هەبێ. بە چەشنێك دەتوانین بڵێین  شێوە و ناوەرۆكی ناوەكە گوزارشت لە قەیران و كێشەكانی ناو دەسەڵات دەكات. ئەوەی جێگەی تێرامانە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بە بەردەوامی ناوی ساڵەكان لە پێوەند بە بەشی ئابووری وەك جیهادی ئابووری و موقاوەمەت و خۆراگری ئابووری و هتد.... و دیاری دەكرا و ئەمساڵیش ناوی پشتیوانی كردن لە كەل و پەلی ناوخۆیی دیاری كراوە وەك دروشم و ناوی ساڵ. 

 زۆر روون و ئاشكرایە ئەو پێداگرییە بەردەامەی باڵاترین دەسەڵاتی رژیمی ئێران لەسەر ئەو بابەتە بە شێوەیێكی بەردەوام ئاستی نیگەرانی و كێشەی قووڵی نیزام لەو بەشە دەردەخات و ئەوەی راستیش بێ قەیرانی ئابووری لەدەسەلات بەچەشنێك پەرەی ستاندووە كە وەك هەڵتەكینەری نیزامی دیكتاتۆری ئاخوندی چاوی لێدەكرێ‌ و نارەزایەتیەكانی چەند مانگ لەمەوپێشی زیاتر لە 100 شاری ئێرانیش پشت راست كردنەوەێكە بۆ ئەو بابەتە و "شۆڕشی برسیەكان" ئەوە ناوەیە كە ترسی دەسەڵاتی یەكجار بەرز كردۆتەوە. 

ئێران سێهەمین بەرهەمهینەری نەوتی جیهانە و دووهەمین وەلاتە لە بواری گازی سروشتیەوە و هەروەها یەكەمین پلەی جیهانی لەباری رووی و دووهەمین پلەی جیهانی لەباری مس و نۆهەمین پلەی جیهانی لەبواری كانزای ئاسن و دەیەمین پلەی جیهانی لەباری ئۆرانیۆم و یازدەهەمین پلەی جیهان لەباری كانزای قورقوشم هەیە. بە واتایێكی دیكە ئێران بە بوونی ١ لەسەدی حەشیمەتی جیهان، زیاتر لە ٧لەسەدی كانزا ژێر زەوییەكانی جیهانی هەیە.

لەبەرانبەر ئەو داهاتە سەرسوورهینەرەی لە وەڵاتی ئێران هەیە بەرهەم و دیاری دەسەڵاتی رەشی ئاخوندی بۆ خەڵكی ئێران تەنیا پەرەدانی هەژاری و نەهامەتی و دارمانی ئابووری و برسیەتی بووە. 

بەڵام پرسیارەكە لێرەدایە كە ئایا هۆكارەكانی ئەو دۆخەی كە بەسەر ئابووری و ژیانی خەڵكی ئێران داهاتووە ، دەگەرێتەوە بۆ دەرەوەی سیستەم و نیزامی ئاخوندی و ئایا بەرێوەبەرانی رژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی هیچ جۆرە دەستێوەردانێكیان لەو دۆخە پێكهاتووە نیە، كە ئاوا بەبەردەوامی داوای خۆراگری  و تەحمولی ئەو دۆخە نالەبارە دەكەن و رێنوینی و راسپاردەكانیان بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانەكان چەندە واقعیی و لەژێر دەسەڵاتی خەڵكدایە؟  

  بە پێی ناوە دیاركراوەكان وا وێنا دەكرێ‌ كە خەڵك بەشیكن لەو دۆخە ئالۆزە و هەر بۆیە بە ئامانجی نەهیشتنی یان روبەروو بوونەوەی پێویستە هەوڵ بدەن.  باس لە جیهادی ئابووری دەكرێ‌ و رێنوینی خەڵك دەكات كە بۆ بەرپەرچدانەوەی تەحریمە نێودەوڵەتیەكان خەڵك پێویستە جیهادی ئابووری بكەن و بە هەموو رێوشوێنەكانی ژیانیان دابچنەوە!! وەك بلێی خەڵك هۆی ئەو قەیرانە بێ!   باس لە پشتیوانی لە كەل و پەل و بەرهەمە ناوخۆییەكان دەكرێ‌! وەك بلێی ئەو خەڵكی ئاسایی بن خەریكی هاوردەكردن و  بە  بەرهەمی دەرەوە بەرهەمی ناوخۆییان خاپوور كردووە و دەسەڵات لە رێگەی سپای پاسداران هیچ نەخش و دەورێكی لەو لێشاوە هاوردەكردنەی كەل و پەل و بەرهەمە دەرەكیەكان دا نییە!!

  باشە بەراستی جارێك هاتن پرسیار لە خەڵك بكەن كە ئایا خەڵك ، چەكی ئەتۆمی یان تەنانەت تەكنەلۆژی ناوكەیی بە هەر نرخێكیان دەوێ‌ و لەپاشان دا ئەگەر رازی بوون و تەحریم خرایە سەر وەلات خەڵكیش سیاسەتی جیهاد وخۆراگری ئابووری بگرنە پێش؟ 

بێگومان ئەگەر رێفراندۆمێك لەو پێوەندییەدا بكرێ‌ زیاتر لە 90 لەسەدی خەڵكی ئێران تەكنەلۆژیایێك بەو نرخەیان ناوێ‌.

بەراستی خۆلقینەرانی ئەو دۆخە نەشیاو و دارمانە ئابوورییەی وەلاتی ئێران كێن؟ 

ئایا خەڵكن داوا لە دەوڵەت دەكەن هەزینە و تێچووی شەڕی سوریا و بەشێكی بەرچاو لە ئاژاوەگیرییەكانی ناوچەكە بگرێتە ئەستۆ و لەسەر شان و حیسابی خەلك فیشەك و ئاگر دابین بكرێ‌ و بەسەر خەڵكی داماو و بێ تاوانی وەڵاتانی شەرلێدراو ببارێندرێ‌؟

ئایا خەڵكن بە میلیاردها دۆلار پووڵ و سامانی گشتی وەلادەخەن و ئیختلاسی سەرسوورهێنەری میلیاردی دەكەن و دوایش دەچنە باشترین وەلاتەكان و دەبنە پەنابەر و بە خەڵكی ئێران پێدەكەنن؟

ئایا  ئەوە خەڵكی ئاسایی و لەهەموو چین و توێژەكانن كە پوولی نجوومی و حقوقی دەیان میلیۆنی بە بێ بەرهەم وەردەگرن یان خود ئاخوند و دەسەڵاتە گەندەڵەكانی ناو سیستەمی ئاخوندیین؟

ئایا ئەوە خەڵكی ئاسایین كە بازاری هەناردە و هاوردە كردنی كەل و پەلیان  لە زیاتر لە 90 بەندەر بەدەستە و كەل و پەلی دەرەكی هاوردە دەكەن یان ئەو كەرتانە بە تەواوی مانا لەدەست و خزمەتی سپای پاسدارانی ترۆریستە؟

ئایا خەڵكن داوا دەكەن 15 هەزار كیلۆ زێر و نوقرە لە گونبەزی ئیمامزادەكانی  ئیبراهیمی موجاب ، حەبیب ئیبنی مەزاهیر، موسلیم ئیبنی عەقیل و زەریحی ئیمام حوسین بەكارببردرێ‌ و ئایا ئەوە خەڵكن خوازیارن 25 هەزار خشتی زێر لە گونبەزی  ئیمام نەقی و ئیمام حەسەنی عەسكەری  بەكاربهینَدرێ‌. 

بێگومان وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە روون و ئاشكرایە.....

ناوی ئەمساڵ لە كاتیكدا بە پشتیوانی لە كەل و پەلی ناوخۆیی دیاری كراوە كە لە لایەن خودی بەرپرسانی دەسەڵاتەوە دان بە دەست تیدابوونی سیستماتیكی بەرپرسانی بالای رژیم لە قاچاخی كەل و پەل دا دەكرێ‌ و  دادستانی گشتی رژیم لە تاران بە ئاشكرا ووتی: هێندێك لە بەرێوەبەرانی دەوڵەتی نایانهەوێ‌ بەربەرەكانێ بە جیددی لەگەڵ قاچاخ بكرێ‌ و دامەزراوەی خەبات لەگەڵ قاچاخی كەل و پەل و پووڵی دەرەوە، داخراوە. تەنانەت خودی خامەنەیش ئەو دیاردەیەی  بە ناوی قاچاخی سازماندراو و قاچاخی رێكخراە گەورەكانی ناوبردووە. گەندەڵی و قاچاخ لە وەلاتی ئێران بەجۆرێك ریشاژۆی كردووە بە رەسمی بەشێكی بەرچاوی ئابووری وەلاتی خستۆتە ژێر رەكێفی خۆی و بە هۆیەوە كارخانەكانی ئێرانی وەرشكست و بەرهەمی ناوخۆیی لەناو چووە  و زیاتر لە 2 میلۆن نەفەر بێكار بوونە. قاچاخی كەل و پەل لە لایەن دامەزراوەكانی رەسمی بە تایبەت سپای پاسداران و لێپرسراوانی رژیم لەكاتێدایە كە رۆژانە كۆڵبەرانی كوردستان  بە هۆی كۆلبەری گوللەیان پێوە دەندرێ‌ و شەهید دەكرێن. سزای كۆلێك باری چایی یان هەر كەل و پەلێكی تر گوللە و كوشتنە بەڵام قاچاخە سەدان میلیارد دۆلارییەكەی رژیم دێزە بەدرخونە و رێگە پێدراون. 

ئەوەی دەتواندرێ‌ شێمانەی بكرێ‌ تەنیا و تەنیا سالێكی پڕ كارەساتتر بۆ كۆڵبەرانی سنوورەكانی كوردستانە و روون و ئاشكرایە كە سیاسەتی قاچاخی سیستماتیكی سپای پاسداران بەردەوام دەبێ و هیچ رێگریەك لەو بارەوە ناكرێ‌.
ڕێکه‌و 2018-04-10 18:09:49
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی