حوكمی سێدارە، باوەر بە ئازادیمان بەهێزتر دەكا

نارین كەریمی

بەپێی ئامارەكان، رژیمی ئێران بەهۆی جێبەجێ كردنی حوكمی سێدارە و ئێعدام لە پلەی یەكەمدا جێگەی گرتووە، رژیمێك کە بە ئاسانی لاوەکانمان لەسێدارە ئەدات .

رژیم پێی وایە كە خەلک ئەبێ بە زۆرەملێ پێ ملی عەقیدەو باوەری ئەوان بێ و كەس و بەتایبەت لاوەکانمان حەقی  ئازادی بەیانیان نەبێت و نارازیش نەبن.

بەڵام هەر لە سەرەتای دەركەوتنی ماهیەت و ناوەرۆكی دیكتاتۆرانەی ئاخوندان لاوانی كورد نایان بەو دەسەڵاتە وت و ڕوڵەی کورد هەمیشە بە دەنگی بەرز نارەزایەتی دەربڕیوە. هەر ئەوەش وای كردووە كە رژیم لاوانی كورد بە مەترسی گەورە بۆ سەر دەسەڵاتەكەیان بزانن بۆیە بە هەر بیانوویەك هەوڵی ئێعدام و لەناوبردنی دەدەن، وەكوو بەهمەن ورمزیار و ڕامین حسین پناهی و دەیان و سەدان لاوی خوێن گەرمی دیكەی كورد کە بەهۆی کورد بوون و نارەزایەتی لەو حکومەتە دیکتاتورە، حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپێندراوە.

رژیمێك كە تەنیا زمانی ئێعدام و سەركوت ئەزانێ‌ و لە ساڵانی رابردوودا بە هەزاران لاوی كوردی لەسێدارە داوە، وە لە ئێستایشدا بە دەیان لاوی كورد لە زیندانەكانی ئەو رژیمەدا چاوەرێی جێبەجێ كردنی حوكمەكانیان دەكەن، نەك نەیتوانیوە دەنگی لاوەكانمان كپ بكات بەڵكوو رۆژ لە دوای رۆژ و لەگەڵ ئێعدامی هەر لاوێكی كوردا دەیان دەنگی نارازی دژ بەو دەسەڵاتە دیكتاتۆر و خوێنمژە بەرز ئەبێتەوە و هەموو بە یەك دەنگ دەڵێن نا بۆ حوكمی سێدارە و كوشتن و بڕین.

ورە و باوەری ژنان و كورانی كوردستان لە ماوەی دەسەڵاتی ئاخوندان بووەتە وزەی هەستان و گەشانەوەی خەباتی نەتەوەیی ئازادیخوازی و شكستدان بە دیكتاتۆری و خوێنرێژی، ئەوانەی بە خوێنی رەوایی و حەقانیەتی خەباتی نەتەوەی كوردیان ئیمزا كردووەو ناو نیشانیان بۆتە چۆڵەچرای رزگاری و كۆتایی ستەم و ناعەداڵەتی. 

 

بەڵێ نە دیكتاتۆریەت و نە حوكمی سێدارە نەیانتوانیەوە دەنگی ئازادیخوازی و ورە و باوەری لاوانی كورد تێكبشكێنن بەڵكوو تا دێ زوڵم زیاتر بێ هەستی ماف ویستی و ئازادیخوازی كورد زیاتر رەنگ دەگرێ. بۆیە هەتا روخانی رژیمی پەت و سێدارەی ئاخوندان رۆَلەكانی كورد سینگیان مەتەرێزی ئازادیە و دوای ئەو رژیمەش مێشكیان مەكۆی بیری ئاشتی و دادپەروەری و یەكسانیە.
ڕێکه‌و 2018-04-20 14:10:11
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی