هومێدی دڵی ئاوارە

مامۆستا سەید جەلالی حوسێنی (پەژار)

ئەی نیشتمانی ڕەنگینم 

بچکۆلەی لە دڵان شیرینم

لانکەی ڕازاوە و نەخشینم

شاری بەڕۆژەی دێرینم

جێگەی دامەزرانی ژینم

خۆزگە نامرم تا دەتبینم

شاری نەبەز بێشەی شێران

دڵی بە هەستی نیشتمان

چاوی بێداری کوردستان

شاری خەباتی بێ وچان

شاری بەرز و پلە لە بان

بانە! تۆی ڕوگەی ئەوینم

شاری سەربەرزو و بەرچاو ڕون

فریاد ڕەسی ڕۆژی چەتون

پشت و پەنای ڕووت وزەبون

توری سینای موساو هاڕون

شانازیت پێ دەکا گەردون

پێت دەنازم بە ئایینم

بانە ئەی قەڵای کوردستان

جێگەی ڕاپەڕین و هەستان

جێی شۆڕە لاو و چاو مەستان

گوڵزاری و من هەزار دەستان

پێت هەڵ دەڵێم بێ ڕاوەستان

خوێن دەگریم لەگەڵ ئەسرینم

ئێستا سەرگەرمی خەباتم

دڵ بە وورە  پڕ ئاواتم

چاوەڕوانی ڕۆژی هاتم 

دووریش بم وابزانە لاتم 

هاکا بە سەربەستیش هاتم

بە خۆڵ ساڕێژ کەی برینم

شێبانە هاوینی ۱۳۷۰ ک.خ
ڕێکه‌وت: 2018-05-04 19:42:43
به‌شی ( ئه‌ده‌ب و هونه‌ر )







سیاسی