دۆخی رژیم لە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێكەوتنی ناوكەیی!

كەمال هادی

رۆژی سێ شەممە 18ی بانەمەڕی 1397، دۆناڵد ترامپ سەرۆك كۆماری ئەمریكا لە پەیامێكدا لە كۆشكی سپی رایگەیاند كە وەلاتەكەی لە رێكەوتنی ناوكەیی لەگەڵ رژیمی ئێران (بەرجام) دەكشێتەوەو گەمارۆكانی سەر رژیمی ئێران دەگەرێنەوەو ئابڵوقەی زیاتر و توندتر بەسەر ئەو رژیمەدا دەسەپێنن. 

بریارەكەی دۆناڵد ترامپ لەبارەی بەرجام، كاردنەوەو كاریگەری زۆر بەربڵاو و قوڵی لە نێو رژیم و ناوەندەكانی دروست كرد، هەر زوو حەسەن رۆحانی سەرؤك كۆمار دەركەوت و پێداگری لەسەر مانەوە لەبەرجام لەگەڵ پێنج لایەنەكەی دیكە كە رێكەوتنەكەیان ئیمزا كردووە، كردەوە و هێرشی توندیشی كردە سەر دۆناڵد ترامپ. هەروەها كاریگەری قورسی بریارەكەی سەرۆك كۆماری ئەمریكا لە وتارەكەی خامنەیی وەلی فەقیه و ئەندامانی مەجلیسی رژیم بە روونی دەبیندراو ترس و دڵەراوكێيان پێوە دیار بوو.

دوای ئەوەی ئەمریكا لە بەرجام كشایەوە، رژیمی ئێران هەوڵی دا بە مانەوەی یەكیەتی ئوروپا و لایەنەكانی دیكە لەو رێكەوتنە بریارەكەی ئەمریكا بەبێ مایە و بێ كاریگەر نیشان بداو خەڵكی ئێران لەوە دڵنیا بكەنەوە كە بە كشانەوەی ئەمریكا هیچ روو نادا و دۆخەكە هەر وا دەمێنێ.

بەڵام هەر زوو چاودێرانی سیاسی و ئابووری جیهان و خودی رژیمیش رایانگەیاند كە گەمارۆكانی ئەمریكا فشاری كەمەرشكێن دەخەنە سەر رژیم. ئەویش بە چەند هۆ:

سەپاندنی دووبارەی گەمارۆ نەوتیەكان لە هەنگاوی یەكەم 400 بۆ 500 هەزار بۆشكە هەناردەكردنی نەوت دادەبەزێ و لە دوای ئەوەش وەڵاتان هەر شەش مانگ جارێك 20لەسەد هاوردەكردنی نەوتی رژیم كەم دەكەنەوە بەو پێیە لە 18 مانگدا هەناردەكردنی نەوتی رژیم بۆ زیاتر لە یەك ملوێن بۆشكە دابەزێ. ئەوە لە كاتێكدایە رژیم هەر چەندە نەوت هەناردە بكات بەهۆی گەمارۆكانی سەر بانكی ناوەندی و گەمارۆ بانكیەكانی دیكە ناتوانێ‌ پووڵی نەوتە فرۆشراوەكانی وەرگرێتەوە. هاوكات شیركەتەكانی بیمە و نەوتكێشەكانیش دەكەونە بەر گەمارۆكان و ناتوانن نەوتی ئێران بگوازنەوە. 

رژیمی ئێران هەرچەند هەوڵ دەدا دڵ بەوە خۆش كات كە مانەوەی وەلاتانی ئوروپایی لە رێكەوتنەكە كاریگەری گەمارۆكان كەم دەكەنەوە بەڵام شیركەتە ئوروپاییەكان لە ترسی سزاكانی ئەمریكا خۆ لەو سەرئێشانە نادەن چوونكە ئەزموونی پێشتریان لەو بارەوە هەیە. لەلایەكی دیكەوە ئوروپا لەبەر رژیمی ئێران خۆ ناكاتە تەرەفی ئەمریكا كە خۆیشیان چەندین پرس و ئاریشەی دیكەی وەك بەرنامەی مووشەكی، دەستێوەردانی رژیم لە ناوچەكە و پشتیوانی لە تیرۆریزم و .... لەگەڵ رژیمی ئێران هەیە.

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتەپێشەوە كە زیانباری سەرەكی لە گەرانەوەی گەمارۆكانی ئەمریكا كێیە؟ خەڵك یان رژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران؟ 

لە دوای ئەوەی ساڵی 95 (2015) رێكەوتنی ناوكەیی سەری گرت، ئەمریكا ملیارێك و 700 ملوێن دولاری بەشێوەی كاش (نەقد) بە فرۆكە بۆ تاران گواستەوەو گەمارۆكانی سەر رژیم راگیران. لەگەڵ ئەوەی خەڵكی ئێران ئومێدەوار بوون بەو رێكەوتنە دۆخی ژیان و گوزەرانیان گۆرانی بەسەردا بێ و باری ئابووری سەقامگیری بەخۆوە ببینێ، بەپێچەوانەی چاوەروانی خەڵك باری ئابووری و گوزەران نەك باشبوونی بە خۆوە نەبینی بەڵكوو رۆژ لە دوای رۆژ هەژاری و بێكاری زیاتر پەرەدەسێنێ و دۆخی خەڵك هەتا دێ خراپ و خراپتر دەبێ. باشە لەو ماوەدا چی لەو هەموو پووڵە كرا و بۆچی ئاوڕێك لە دۆخی خەڵك نەدایەوە. 

هەر وەك ئەمریكاییەكان ئاماژەی پێ دەدەن لە دوای رێكەوتنی بەرجام رژیمی ئێران بەو پووڵانەی بە دەستی گەیشتووە بەشی زۆری بۆ سەركوتی خەڵكی هەژار و برسی ئێران و شەری سوریە، یەمەن، عێراق و پشتیوانی لە تیرۆریزم لە ناوچەكە و جیهان، وە بەشێكی دیاریشی بۆ تەخشان و پەخشانی خامنەیی و دەورووبەرەكەی تەرخان كراوە. دەبێ ئەو راستیە بوترێ كە چ گەمارۆكان هەبن و چ نەبن دۆخی خەڵكی ئێران بەبوونی ئەو رژیمە رۆژ بە رۆژ و ساڵ بە ساڵ بەو خراپی زیاتر دەروات، بۆیە بە كشانەوەی ئەمریكا لەو رێكەوتنەو سەپاندنەوەی گەمارۆكان بەشێوەیەكی سەرەكی سەران و دەسەڵاتدارانی رژیم زەربەی قورسیان وێدەكەوێ. 

 

بەو پێیە بە پێچەوانەی ویستی رژیم بە كشانەوەی ئەمریكا لەبەرجام ئوروپا نابێتە فریادرەسی بۆیان و گەرانەوەی گەمارۆكان كاریگەری زۆری لەسەر رژیمی ئێران دەبێ، و گەمارۆیانە دەبنە هۆیەكی دیكە بۆ ئەوەی دەسەڵات بەتەواوی لاواز بێ و خەڵكی ئێران هەل و دەرفەتی زیاتریان بۆ كۆتایی هێنان بەو دەسەڵاتە دیكتاتۆر و گەندەڵە بۆ هەڵكەوێ.
ڕێکه‌و 2018-05-13 10:13:21
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی