ئایا رژیمی ئێران توانای خۆراگرتنی لەبەرامبەر فشارەكاندا ماوە؟!

عەلی بارامی 

لە دوای ئاشكرا بوونی بەرنامەی ناوكەیی رژیمی ئێران لەلایەن شۆرای ملی مقاومەتی ئێران لە ساڵی 2002، كۆمەڵێك فشاری سیاسی و ئابووری لەلایەن كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی رژیمی ئێرانی تووشی هەراسانی و شەكەتی كرد و ناچاری كرد بچێتە سەر مێزی وتووێژ و بەخۆبەدەستەوەدان و وازهێنان لە بەرنامەی ناوكەیی لەبەرامبەردا وەرگرتنی كۆمەڵێك ئیمتیاز و بەرتیل لەلایەن دەوڵەتی ئوباما، رێكەوتنی ناوكەیی لەنێوان 6 وەڵاتی زلهێزی دونیا ناسراو بە وەڵاتانی (5+1) لەگەڵ رژیمی ئێران سەری گرت. بە واژۆ كردنی ئەو رێكەوتنە و وەرگرتنی پووڵ و پارەیەكی زۆر (ملیارێك و 700 ملوێن دولار) و هەڵگرتنی ئابڵوقەكان، رژیمی ئێران پشوویەكی هاتەوەبەر، بەڵام ئەو رژیمە بەجێی چاكسازی لە سیستەمی ئابووری و پێداچوونەوەو چارەسەری قەیرانە دارایی و ئابوورییەكانی خەڵك، ئەو داهاتوو و پووڵانەشی لەلایەن ئەمریكاوە پێی گەیشت خەرجی خراپكاری لە وەڵاتان و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەكی خۆی كرد، و لەو داهاتانەی وەدەستی دێنا هیچ خێر و بێرێكی بۆ خەڵكی ئێران نەبوو و دۆخی خەڵك رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپتر دەچوو.

بەهاتنەسەركاری دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ، سیاسەتی ئەمریكا لەبارەی رژیمی ئێرانەوە گۆرانی بنچینەیی بەسەردا هات، دۆناڵد ترامپ وێرای رەخنەی زۆری لە رێكەوتنی ناوكەیی لەگەڵ رژیم، تاقی كردنەوەی مووشەكی، دەستێوەردانی رژیمی ئێران لە كاروباری وەڵاتان و بشێویی و كردنەوەی خراپكارانەی رژیم و دەستوپێوەندەكانی بەتایبەت لە لوبنان، سوریە، عێراق و یەمەن، هەروەها مەترسیەكانی رژیم بۆ قازانجەكانی ئەمریكا و دۆستەكانی لەناوچەكە بوونە مژار و باسی سەرەكی دەوڵەتی نوێ و بە چری لەسەر ئەو بابەتانە پێداگریان دەكردەوەو پەرەسەندنی چالاكیە خراپەكانی رژیمیان بە هۆی رێكەوتنی ناوكەییەوە دەزانی، بۆیە دۆناڵد ترامپ لە دوای ئەوەی دووجار كاتی دیاری كرد بۆ چارەسەری كەموكوریەكانی رێكەوتنی ناوكەیی و بەستنەوەی بابەتەكانی دیكە بەو رێكەوتنە، و لەدوای بێ ئاكام بوونی چاوەروانیەكان، دۆناڵد ترامپ 18ی بانەمەر بە پێداگری لەسەر ئەوەی كە بەرجام "نە ئارامی هێنا و نە ئاشتی" و رژیمی ئێران لە دوای بەرجام پەرەی بە بەرنامەی مووشەكی بالستیكی داوە و بەردەوام بووە لە پشتیوانی كردن لە تیرۆریزم، كشانەوەی ئەمریكای لە رێكەوتنی ناوكەیی لەگەڵ ئەو رژیمە راگەیاند.

بێ گوومان لە دوای پەیامەكەی دۆناڵد ترامپ و گەرانەوەی گەمارۆكانی سەر رژیم و سەپاندنی گەمارۆی زیاتر و كاریگەرتر لەلایەن دەوڵەتی ئەمریكاوە رژیمی ئێران بەرەو دۆخێكی زۆر خراپتر لە ساڵی 2015 دەباتەوە كە رژیم لەژێر فشاری ئەو گەمارۆیاندا ملی دا بە رێكەوتنی ناوكەیی.

بەڵام بۆ رژیمی ئێران لە ئێستادا كێشە تەنیا كشانەوەی ئەمریكا لە رێكەوتنەكە و بەجۆرێك كۆتایی ئەو رێكەوتنە نیە، بەڵكوو لەگەڵ ئەوانەدا كێشەی سەرەكی رژیم لەناوخۆی ئێرانە، ئێرانێك خەڵكەكەی ماندوو بوون بەدەست دەسەڵاتی گەندەڵ و دیكتاتۆری ئاخوندانەوە، خەڵكی ئێران لە مانگی بەفرانبارەوە شەپۆلێك راپەرین و نارەزایەتی بەرینیان دەست پێكردووە كە لە قۆناغی یەكەمدا زیاتر لە 120 شاری گرتەوە و تا ئێستاش ئەو راپەرین و نارەزایەتیانە بەشێوەیەكی بەربڵاو لە شار و ناوچەكانی ئێران و لەوانە كوردستان درێژەی هەیە و خەڵكی ئێران لە هەر هەڵ و دەرفەتێك دەگەرێن و بۆ راپەرین و كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتداریی ئاخوندان. 

خەڵكی وەزاڵەهاتووی ئێران بەو نەتیجەو ئاكامە گەیشتوون كە چ رێكەوتن بكرێ و چ گەمارۆكان دژ بە رژیم كارا بكرێن دۆخی ئەوان هەر ئەوەیە كە هەیە و ئەگەر خراپتر نەبێ چاكتر نابێ، چوونكە دەسەڵاتی ئێستای ئێران لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا ناوەرۆكی گەندەڵی بەتەواوی بۆ خەڵك ئاشكرا بووە، رژیمێك بە تێكرای باڵەكانیەوە خەریكی دزی و راو رووتی داهات و سەرمایەی خەڵكن و لەبەر دزی و گیرفان پر كردنی خۆیان و پێشبركێ كردنیان لەو بارە، لە چارەسەر كردنی قەیرانە ئابووری و دراراییەكانی خەڵك بێ توانان و ئەو راستیە بۆ جەماوەری هەژار و بێ دەرەتانی ئێران روونە كە ئەگەر لە ئاسمانیش زێر ببارێ هیچی وەبەر خەڵك ناكەوێ و دەسەڵاتداران لە نێوان خۆیاندا دابەشی دەكەن. بۆیە دروشم و شیعاری خەڵكی نارازی و راپەریوی ئێران رووخانی رژیمی ئێران بە تێكرای رەوت، باڵ و باندەكانیەوەیەتی. 

 

بەم پێ یە رژیمی ئێران درچوونی لەم دۆخە زۆر حەستەم و مەحاڵە، چوونكە گەر مل بە رێكەوتنێكی گشتی بەو جۆرەی دۆناڵد ترامپ دەیهەوێ، یانی رژیمی ئێران بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە خەونی بە ئەتۆمی بوون بكات، واز لە بەرنامەی مووشەكی بالستیكی خۆی بێنێ، واز بێنێ لە دەستێوەردان لە وەڵاتان و پشتیوانی تیرۆریزم، دیسان بابەتی ناوخۆی ئێران شتێكە كە بۆ رژیم چارەسەر ناكرێ و لە ئەگەر خۆبەدەستەوەدانی یەكجاری رژیم بە ئەمریكا، ئەوكاتیش خەڵك متمانەی ئەوەی پێناكەن بتوانێ‌ چارەسەری ئەو هەموو قەیرانە بكات كە داوێنی جەماوەری گرتووە، چوونكە پێكهاتەی ئەو رژیمە فاسد و گەندەڵە و دیاردەی گەندەڵی لە هەموو ئورگان و ناوەند و دامەزراوەیەكی دا ریشاژۆ بووەو بۆیە لە تاوانای دا نیە چارەسەری دەیان قەیرانی جۆراوجۆری خەڵكی ئێران بكات. هەر بۆیە ئەوەی چاوەروان دەكرێ ئەوەیە كە راپەرینەكان لە شارەكانی ئێران درێژە بكێشێ و لەگەڵ فشارە نێونەتەوەییەكان دەست بداتە دەستی یەك و پایەو دیواری كۆشكی ئیستبدادی دینی لە ئێران داروخێنێ.
ڕێکه‌و 2018-05-18 16:17:36
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی