دۆخی بەرجام و ئاكامی نارەزایەتیەكان لە ئێران!

 

عەلی بارامی

لە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێكەوتنی ناوكەیی لەگەڵ رژیمی ئێران، رژیم هەوڵی تەواوی دا كە لانی كەم ئوروپا پێبەندی رێكەوتنەكە بێ و تەزمینی ئەوە بكات كە رێكەوتنەكە لەجێی خۆیدا دەەمێنێ و رێگە بەوە نادرێ فشارەكانی ئەمریكا بۆ سەر رژیم كاریگەری دروست بكات، بەڵام هەر زوو ئەو خەیاڵەی رژیم بووە بڵقی سەر ئاو و كۆمپانیا و شیركەتە ئوروپاییەكان یەك لە دوای یەك كشانەوەو وازهێنانی خۆیان لە كاركردن لە ئێران راگەیاند. هاوكات روسیەش زۆر بە حەزەرەوە لەو بارەوە هەڵسوكەوتی كردووە و جوێ لەوەی رەخنە لە كشانەوەی ئەمریكا لە بەرجام، هیچ میكانیزمێكی نەخستەروو كە بەدڵی رژیمی ئێران بێ. 

لە كۆربەندی سان پیترزبۆرگیش ماكرۆن رایگەیاند شیركەتە فەرانسەویەكان لەسەر خۆیانە كە چ رێگەیەك هەڵبژێرن. پۆتینیش رازیە بەوەی كە قسە لەسەر شەرتەكانی ئەمریكا یانی چالاكیە ناوچەیی و بەرنامەی مووشەكی بالستیكی ئەو رژیمە تا ساڵی 2025 بكرێ.

ئەمە لە كاتێكدایە زۆربەی سەركردەكانی ئوروپا پێشتر باسیان لە راگرتنی بەرجام كردووە، بەڵام نەیاتوانیوە هیچ زەمانەتێك بە شیركەت و كومپانیاكانیان بۆ كاركردن لە ئێران بدەن.

ئەوەی دیارە ئوروپا و روسیە پشتی رژیمی ئێران ناگرن و هەوڵدەدەن رژیم بچێتە ژێر باری فشارەكان و مل بە ویستەكانی ئەمریكا بدات. لە راستیدا رژیمیش ناتوانێ‌ هەتا ساڵی 2025 خۆی لە بەرامبەر ئەو فشارە ئابووریانەی ئەمریكا راگرێ و بە ئەگەری زۆر لە ترسی راپەرینی جەماوەری لە ئێران زووتر لەو كاتە مل بە داواكانی ئەمریكا بدات، بەڵام ئەوەی لە رژیمی ئێران بەدیی دەكرێ ئەوەیە لە ئەگەری هەر رێكەوتنێكیش خەڵكی ئێران شتێكی ئەوتۆیان پێ ناگاو دۆخی ئابووری و كۆمەلایەتی پێشبینی باشبوونی لێ ناكرێ. ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ پێكهاتە و ساختاری ئەو رژیمە كە سیستەمێكی تەواو گەندەڵە و رقابەتێكی زۆر لە نێوان باڵەكانی رژیمدا هەیە بۆ وەدەستهێنانی دەستكەوتی تایبەتی زیاتر. ئەوەش وادەكات خەڵكی ئێران لە داهاتووشدا بێ بەش بن لە خێر و بێری وەڵاتەكەی خۆیان و هەتا ئەو رژیمە لە ئێراندا دەسەڵاتی هەبێ ئەوەش رەوشی خەڵكەكەی دەبێ.

لەلایەكی دیكەوە رژیم ترسێكی زۆری لەوە هەیە لە ئەگەری هەر پاشەكشەیەك نارەزایەتی و راپەرینە جەماوەریەكان كە لە ئێستادا بەشێوەیەكی كەم وێنە لە ئارادایە زیاتر پەرە بستێنێ‌ و كونترۆڵی دۆخەكەی زیاتر لە دەست بچێ و ئەو جار جەماوەری ئێران كە داوای روخانی ئەو رژیمە داوای سەرەكیانە هەتا دوا قۆناخ درێژە بە راپەرین بدەن و جارێكی دیكە سیستەمی سیاسی لە ئێران بەدەستی خەڵكی ئەو وەڵاتە گۆرانی بەسەردا بێ، كە ئەوە لە ئێستادا تاكە بژاردەیە دەكرێ لە هەر بژاردەیەكی دیكە بەهێزتر بێ.

 

 
ڕێکه‌و 2018-05-26 17:13:41
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی