پێشمەرگە لەهەموو زەمەنێکدا هێما وڕەمزی هەرمانی نەتەوەی کورد بووە !

 

پێشمەرگایەتی لوتکەی هەڵوێستە و پێشمەرگەش ئەو مرۆڤە پێشەنگ ونەترسەیە کە ئامادەیە پشت بکا لەژیان وماڵی لەپێناو خاک ونیشتمان وئازادی وبەرابەری وژیانێکی ئینسانی بۆ گەلەکەی. پێشمەرگە  بەواتای فیداکاری وگیان بازی ونیشانە لە خۆبەخت گەرێک کە وەک پاڵەوان لە بیرو هزری هەرتاکێکی ئازادیخوازدا جێکەوتووە. ئەو مرۆڤەیە کە بەبێ هیچ پاداشێک سەری دەکاتە بەردەبازی ڕزگاری و ئەو بەورەیە کە بە هێزی بیرو باوەڕ بەگژ ئەهریمەنی پڕچەکی دژمندا دەچێتەوە و ڕووبەڕووی هەر زۆرە ملی وچەوسانەوەێک دەبێتەوە .

 تایبەتمەندی پێشمەرگە لە ژمارنەهاتوون ولەم پێوەندیەدا پێویستە ئەم مرۆڤە  ئەفسوناویە ماناکەی لەدەست نەدا ودەستەمۆی هیچ ڕۆژگارێک نەبێت کە دەبێتە هۆی مل کەچ بوونێکی ڕەزیلانەی دوور لە هەڵس وکەوتی خۆبەختگەر وپێویستە لەهەموو قۆناغ ودەمێکدا هەر بە پێشمەرگەیی بمێننەوە. قۆناغی جۆراوجۆر هاتوونە پێش وگەلێک سەختی وهەورازو نشێو گوزەریان کردووە و ویستراوە بە گرێ وگۆڵی جۆراوجۆر وپڕوپاگەندەی دژمنانی ناوخۆ ودەرەوە ، هەیبەت بۆ پێشمەرگە نەهێڵن وبەفشاری چەند لایەنە ، باڵای بەرزی لەعەرد بدەن ، بەڵام ئامانج وپێکهاتەی فکری ئەم مرۆڤە ڕێگەی نەداوە وپەیامە پیرۆزەکەی ڕمێکی بەهێز بووە بۆ بەرپەرچدانەوەی نەیاران . سەردەمێک کە هەموو هەوڵی دژمنان لەقەفەس خستنی ئەم هێزە بوو، بارودۆخ وای خواست لەگۆشەییک بۆماوەی کاتی لەنگەر بگرێت، بەڵام ئەم ڕاوەستاوی ولەنگەرەی قۆستەوە بە ئارمانجی خۆتەیار کردن بە پەروەردە وڕاهێنان وچەکی زانست ،لەڕەهەندێکی دیکەوە ڕوو بە دژمن وەستایە وچاوەڕوانی ئەو دەرفەتە بوو کە ڕۆژێک بە تەوژمێکی دیکەی نێزامی ڕوو بەدژمن بوەستێتەوە. بارودۆخی ناووچە وفشارەکان بۆسەر ڕژیمی ئێران وهاووکات دڕندەتر بوونی دەسەڵات وهێرشی هەموو لایەنەی بۆسەر نەتەوەی کوردی تێکۆشەر ، ئەو دەرفەت وقۆناغەی بۆ هێزی خۆبەختگەر وخۆبەخشی پێشمەرگە ڕەخساندۆتەوە کە دەورێکی دیکە ونوێ بوونەوە لەخەباتی پێشمەرگانە لە ناوخۆی کوردستانی ئێران دەست پێبکاتەوە وکۆتایی بەو شەوە زەنگە بهێنرێت کەساڵیانێکە سەپیوە وبەهۆی هێندێک دۆخەوە دەنگی دلێری ئەم هێزە مڕۆڤ پارێزە خنکێندراوە. ڕەسا کردنی دەنگی پێشمەرگەو سانسۆڕ نەکردنی چالاکی چەند لایەنە ،وەک ئاوی حەیات بۆ هەستانەوەی جووڵانەوەی حەقخوازانە پێویستە و بڕیاری لەم شێوە ،بەخشینەوەی گیانێکە بەبەر ڕەوڕەوی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلەکەماندا کەهەزاران کەس لەپێناویدا شەهید بوون .

ئێستا دیفاع وخۆڕاگری نەتەوەیی ونیشتمانی لە کوردستانی ئێران ، ئەوەدەخوازێت کە لەهەرچەکێک کەڵک وەربگیردرێ ومێژوو و قوربانی نەتەوەی بەدیفاعی کورد ئەوەمان پێدەڵێت کە پێشمەرگە وەک بازوو ، کوردی لەفەوتان پاراستووە ولەگەل سەدان پلانی ناوخۆیی وناوچەیی ودەرەکی بۆ پاکتاو ونەهێستنی خاک ونەتەوە ،پێشمەرگە وەک فریادڕەسێکی ئەفسانەیی بەرپەرچی داوونەوە و زۆرجار وایکردووە پلانەکانی دژمن بەگژ خۆیاندا بچێتەوە.

ئەرکەو پێویستە هێزە ئازادیخوازو هاووچارەنووسەکان لەهیچ هاووکارێیک لەپێناو بەهێزکردنەوەی پێشمەرگە درێغی نەکەن ولەجیاتی ئەوەی ڕێگریان لێبکرێ ، زەروورە هاووکاری بکرێن.  ئێران شۆڕش بەخۆوە دەبینێ و لەم حاڵەتەدا کوردستان ڕووبەڕووی چەند مەترسی دەبێتەوە کەلەوانەیە مێژوو بەشێوەییکی دیکە دووبارە ببێتەوە وتووشی ئەو چارەنووسە بین کە هێندێک شوێنی گرتۆتەوە. هەر پێشمەرگە دەتوانێ ئارامی وئۆقرەیی دابین بکا وڕێگری بکات لەبەفیڕۆ نەچوونی قوربانی سەدساڵەی نەتەوەکەمان.
ڕێکه‌و 2018-06-11 15:33:43
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی