بۆچی سەڵتەنەت نا؟!

رۆژی شەممە 9ی پووشپەری 1397 لە پاریسی پێتەختی وەڵاتی فەرانسە كۆبوونەوەی ساڵانەی ئێرانیانی ئازادیخواز كە لایەن شۆرای میللی مقاومەتەوە رێكخرابوو، بەرێوەچوو. لەو كۆبوونەوەدا سەدان كەس لە چالاكانی سیاسی، بەرپرسانی پێشوو، پارڵمانتێر لە  ئەمریكا، ئوروپا و وەڵاتانی عەرەبی بەشدار بوون و لە وتارەكانیاندا پشتیوانی خۆیان بۆ ئوپزسیۆنی ئێران دەربری و پێداگریان لەسەر رووخانی رژیمی ئێران كردەوە. 

كاك بابەشێخی حوسێنی سكرتێری گشتی سازمانی خەبات وەك تاكە لایەنی كوردی بەشداری كۆبوونەوەكەدا كرد و وتارێكیشی پێشكەش كرد. لەدوای وتارەكەی كاك بابەشێخ   كە تیایدا پێداگری لەسەر رەتكردنەوەی سەڵتەنەت و سیستەمی پاشایەتی كردەوە و فەرمووی: خەڵكی كوردستان بە درێژایی مێژوو دژ بە دەسەڵاتە ستەمگەرەكان لە خەباتدا بوون. دژی دەسەڵاتی شا و رژیمی ئاخوندی پێشەنگ و پێشرەوی خەبات بوون و تا گەیشتن بە ئازادی درێژە بەو خەباتە دەدەن. 

كاك بابەشێخ هەروەها گوتی: لە هێندێك دەبیستین كە پاشماوەكانی شا بە ئەلتەرناتیو ناو دەبەن، هیچ كات خەڵكی كوردستان پێشوازی لە هیچ دیكتاتۆرێك ناكەن.

ئەم وتانەی كاك بابەشێخ لەلایەن هەندێ چاودێر و رەخنەگرەوە خرایە بەرباس و هەندێكیش وایان لێكدایەوە كە پێویست نەبوو دژایەتی سەڵتەنەت تەڵەب بكرێ. یان ئەوەی كە باش نیە بزوتنەوەی كوردستان بەسەر لایەنە ئێرانیەكاندا دابەش ببن.

سەرەتا دەبێ بزانین ئێمەی كورد بۆچی دەبێ لاریمان لە سەڵتەنەت بێ و پێمان خۆش نەبێ سەڵتەنەت تەڵەبەكان لە داهاتووی ئێراندا بە دەسەڵات بگەن؟ 

لەدوای بەدەسەڵات گەیشتنی رەزاخان لە ساڵی 1304ی هەتاوی و دامەزرانی دەسەڵاتی پەهلەوی لە ئێران، ناوبراو هەوڵی چەسپاندنی بنەماكانی دەوڵەت نەتەوەی داو هزری نەتەوەگەرایی لەسەر ئەساسی وەڵات جێبەجێ كرد و بەو پێیەش وەڵاتی ئێران خاوەنی یەك نەتەوەیە و ئەویش نەتەوەی ئێرانە. ئەمە وێرای ئەوەی ناوبراو بۆ گەرەنتی دەسەڵاتەكەی رۆژنامەكانی داخست و تێكرای حیزبە سیاسیەكانی ئێرانی هەڵوەشاندەوە و بە تەواوی دەسەڵاتێكی پاشایەتی دیكتاتۆر و تاكرەوی چەسپاند.

لە كاتی دەسەڵاتی رەزاخاندا چەندیش شۆرش لە ئێران و كوردستان سەریان هەڵدا كە لە رێگەی هێز و فرت و فێل توانی شۆرشەكان سەركوت و سەرانی ئەو سەرهەڵدانانە شەهید بكات، یەك لەو شۆرشانەی كورد كە هەتا ئێستاش شانازی پێوە دەكرێ، شۆرشی سمائیل ئاغای شكاكە كە بە فێل لە پادگانی شنۆ لەلایەن رەزاخانەوە لە سەر مێزی وتووێژ تیرۆر كرا. 

لەدوای كۆتایی شەری یەكەمی جیهانی و دوور خستنەوەی رەزاخان لە دەسەڵات لەلایەن موتەفەقینەوە، حەمە رەزای كوریان هێنایە سەر دەسەڵات كە ئەویش یەكەم هەنگاوی بۆ گێرانەوەی هێژموونی دەسەڵاتی پەهلەوی و سەڵتەنەت پەڵاماری كۆماری كوردستانی دا لە مەهاباد و ئەو كۆمارەی هیوا و هومێدی كورد بوو لە لەلایەن حەمە رەزاوە لە بار براو پێشەوا و هاوڕێیانی و ژمارەیەكی بەرچاو لە ئاغا و بەگەكانی لایەنگری كۆماری لەسێدارە دان. 

هەروەها حەمەرەزای پەهلەوی شای ئێران  بزوتنەوەی ساڵەكانی 46ـ47ی كوردستان كە لەلایەن شەهیدان سلێمانی موعینی و مەلا ئاوارە و ... دەستی پێكردبوو سەركوت كرد و بەشێكی زۆر لەو تێكۆشەرانەی كوردی شەهید كرد.

لەگەڵ ئەو رابردووەی سیستەمی پاشایەتی لە كوردستان تۆماریان كردبوو، خەڵكی كوردستان رق و بێزاریەكی زۆریان لەو دەسەڵاتە هەبوو هەر بۆیە وێرای جەماوەری ناوچەكانی دیكەی ئێران لە ساڵی 1357 (1979) بە مەبەستی روخان و لە كۆڵ كردنەوەی ئەو دەسەڵاتە راپەرین و لەو پێناوەشدا ژمارەیەكی زۆر لە رۆڵەكانی كورد لە شارە جیاجیاكان لەلایەن هێزەكانی نیزامی پاشایەتیەوە شەهید كران، بەڵام خەڵكی كوردستان لەگەڵ دانی هەر دڵۆپە خوێنێك شێلگیرتر دەبوون لە دژایەتی كردن و هەنگاونان بۆ روخان و لەناوبردنی ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرە.

ئەو چەند نمونە لە رابردووی دەسەڵاتی دیكتاتۆر و دژە كوردی بنەماڵەی پەهلەوی لە راست نەتەوەی كورد لە ئێران بەسە بۆ ئەوەی ئەو قسە بسەڵمێنین كە نابێ رێگە بە دروست بوونەوەی سیستەمی پاشایەتی لە هەر جۆر و شێوە و قاڵبێكدا بدەینەوە. ناكرێ لە ئێستاوە مەشروعیەت بدەین بە دەسەڵات و كەسانێك كە بە رووبارێك خوێنی رۆڵەكانی كورد و نەتەوەكانی ئێران لە كۆڵ بوونەتەوە.

هەر وەك كاك بابەشێخ ئیشارەی پێدا خەڵكی كوردستان بە درێژایی مێژوو بۆ رزگاری و ئازادی خەباتی كردووە و هیچ كات ئامادە نابێ پێشوازی لە دیكتاتۆرەكانی رابردوو بكەنەوە، هەروەها وەك دەبینین نە كوری شا و نە دارودەستەكەی شتێكی ئەوتۆ نین كە لە بەرامبەر رژیمی ئێراندا دەور و كاریگەریان هەبێ، وە نابێ ئێمە لەو خەڵكە رەگەزپەرەست و هیچ لەباردا نەبووانە ئاڵترناتیوی رژیمی ئێران دروست بكەین چوونكە ئەوان لە ئێستادا كە هیچیان بەسەر هیچەوە نیە حاشا لە بوونی كورد و نەتەوەكانی دیكەی ئێران دەكەن، بێتو بەدەسەڵات بگەن یەكەم قوربانی دەستیان هەر ئەوانە دەبن كە ئێستا دەیانەوێ بە ناوی كوردەوە پشتیوانیان لێ بكەن و دوكەڵی ئەم كارەش بە چاوی خۆماندا دەچێتەوە، بۆیە ئێمە وەك سازمانی خەبات پێداگری لەسەر ئەوە دەكەینەوە نابێ رێگە بدرێ سەڵتەنەت تەلەبەكان هەوای دەسەڵات بیانگرێ، یان لانی كەم ئێمەی كورد كە قوربانی زۆرمان داوە بۆ لەناوچوونیان پشتیوانیان لێ بكەین بۆ ئەوەی بە كورسی و پلەی پاشایەتی بگەنەوە.

لە ئێستادا كە دەسەڵاتی ئاخوندان بەرەو زبڵدانی مێژوو ملی رێیان گرتووە، نابێ رێگە بە گەرانەوەی دەسەڵاتی سەڵتەنەتی و پاشایەتی بدەینەوە، بەڵكوو هەوڵەكانمان بۆ دامەزرانی دەسەڵاتێكی كۆماری لەشێوە پارڵمانیەكەی، كە دەنگی خەڵك تیایدا میلاك و حەكەم بێ و تێكرای نەتەوەكان بەتایبەت نەتەوەی كورد بە مافە بنچینەییەكانی خۆی بگات بخەینە گەڕ.
ڕێکه‌و 2018-07-12 12:14:45
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی