هێرش بۆ سەر سازمانی خەبات و كاك بابەشێخ حوسێنی و چەند سەرنجێك!

 

عەلی بەهرامی

لە دوای بەشداری هەیئەتی سازمانی خەبات لە كۆبوونەوەی ساڵانەی سازمانی موجاهیدین و شورای میللی مقاومەتی ئێران لە پاریس هێرش و پڕوپاگەندەی ناڕەوا بۆ سەر سازمانی خەبات و كاك بابەشێخ حوسێنی لە لایەن كەسانێك لە ناوخۆی كوردستان و ئێران و ژمارەیەك ئەندامی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بە شێوەی دور لە ئوسوڵ دەستی پێ‌ كردوە.

بێگومان ئەو هێرشانە نەك خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلی كورد ناكات، بەڵكو دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە پێگەی ئەو هێزو لایەنانەی كە خاوەنی ئەو جۆرە كەسانەن و هەروەها زیان بە هاوكاری نێوان لایەنەكانی گۆرەپانی خەباتی مافخوازانەی كوردستان و ڕەوتی شۆڕشگێری دژ بە دەسەڵاتی ئاخوندی لە ئێران.

ئاشكرایە كە سازمانی خەبات و كاك بابەشێخ هیچ كات ناتوانن دۆستی دژمنانی كورد و دۆستی قاتڵانی پێشەوا قازی محەممەد و قاتڵانی شەریفزادە بن و هەروەها هیچ كات نوێنەری خۆفرۆشان و هیچ لەدەست نەهاتوان و خائینان بە گەڵ و نیشتمان نین.

بەڵێ‌ سازمانی خەبات نوێنەری ئەو كەسانە نیە كە بیری خۆبەدەستەوەدان بە رژیمی ئاخوندی لە مێشكیاندایەو لە بەر دیوەخانی پاسدارەكانی قاسم سلێمانی و ئیسكۆرتەكانی سەحرارودی، قاتڵی شەهید دوكتور قاسملوو كز داماون تا بەڵكوو لە سایەی ئەواندا داهاتوی رەشی سیاسیان بپارێزن.

بێگومان كاك بابەشێخ حوسێنی پێشمەرگەو فەرماندەی مەیدانی نەبەردیی و خاوەن هەڵوێستی لێبراوانەو خۆڕاگریە كە تەواوی لەشی زامی گوللەو بۆمب و راكتی دوژمن لە مەیدانی جەنگەو تەواوی ژیانیشی چالاكی سیاسی و سەركردەیەكی خاوەن ئەزموون و سادق و دوور لە خۆبەدەستەوەدان لە پێناو گەل و نیشتمان بووە.

هەر بە بوونی ئەو روانگە شۆڕشگێڕانەیە هەموو كات سازمانی خەبات دۆستایەتی و هاوكاری لەنێوان هێزە شۆرشگێرەكانی كوردستان و ئێرانی پێ‌ ئەركێكی پێویست و بنەڕەتی بووەو هەر ئەو ڕوانگە دروستەش بۆتە هۆی هاوپەیمانی لەگەڵ سازمانی موجاهیدین، خاوەن پشتیوانی جەماوەری ئێران و نەیارترین دژمنی دەسەڵاتی ئاخوندی لە ئێران كە باوەریان بە مافی كورد و مافی گەلانی دیكەی ئێران هەیە.

جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەو ڕاستیە بكەین كە سازمانی خەبات پاكترین تەشكیلاتی مەیدانی خەباتی ئازادیخوازی كوردستانەو هاوكاریە كەم وێنەكانی سازمانی خەبات بۆ خەڵكی كوردستانی عێراق و رزگار كردنی دەیان لاوی ئەو بەشەی كوردستان لە ئیعدام و پشتیوانی لە راپەرینی خەڵكی كوردستانی عێراق لە ساڵی 1991بەرامبەر رژیمی سەددام، گرتنی بەرپرسانی سازمانی خەبات لە لایەن حكومەتی بەعس كە یەك لەوان كاك بابەشێخ بۆ ماوەی 15 مانگ زیندانی عێراق بوو. هەروەها بەشداری چالاكانەی پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات لە جەنگ دژی ترۆریستانی داعش و دەیان نمونەو بەڵگەی دیكە لە سەر كوردایەتی پاك و بەكردەوەی سازمانی خەبات دەرخەری ئەو ڕاستیەن كە فرەبێژە زمان و دەم شڕەكان هەر ئەوەندەیان لە دەست دێ‌ بە زمانی شڕیان كوردایەتی و خەباتی ئازادیخوازی بشێوێنن.

ئەگەر ئێمە لە بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەواو بازاڕیانە بێ‌ دەنگین تەنیا لە بەر ئەوەیە ئەركمان خەبات لە پێناو ئازادی و گەیشتنی گەل بە مافەكانیەتی و نامانهەوێ‌ كاتی خۆمان و ئەركی پیرۆزمان بە قسەزل و فرەبێژ و هاوهەڵوێستی دژمنانی كورد تەرخان بكەین.

 

 
ڕێکه‌و 2018-07-17 10:48:38
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی