پێوەندیی كورد و سازمانی موجاهیدینی خەڵَكی ئیران و ترسی رژیم.

 


جوڵانەوەی گەلەكەمان بە حوكمی چۆنیەتی و شكلی خەباتەكەی و گووتاری رووخان كە گووتاری زۆربەی هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی ئێرانە ، كۆمەلێك بابەت سیستماتیك دەخاتە دەستووری كاری لایەنە سیاسیەكان و گەڕان بە دووی دۆست و  بەرفراوان كردنی بازنەی هاوكار و هاوخەبات بۆ وەدیهینانی ئامانجی هاوبەش یەكێك لە ئەركەكانی رێكخراوەكانی كوردستانی ئێرانە. 


پێوەندیی و نزیكایەتی جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی گەلی كورد لەگەڵ هێز و لایەنە سەرانسەرییە ئێرانیەكان یەكێك لەو بابەت و مژارانە بووە كە هەمیشە جێگەی سەرەنج و گرینگ بووە و قسە و باسێكی زۆری هەڵگرتووە. 


بۆ پۆختە بوونی باسەكە ناچمە ناو وردەكاری و مێژووی ئەو پێوەندییانە و هەروەها لە لێكدانەوە و هەلسەنگاندنی باقی هێز ولایەنە سەرانسەرییەكان خۆدەبوێرم و تەنیا ئاماژە بە سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران دەكەم وەك لایەنێكی سەرەكی و دیار وخاوەن پێگە و موعتەبەری وەڵاتی ئێران و ئەو پرسیارە دێنمە گۆڕی كە بۆ  دەسەڵاتی ئاخوندان لەپێوەندیی كورد و سازمانی موجاهیدینی خەڵَكی ئیران دەترسێ؟


 


تاكە ئۆپۆزسیۆنیكی سەرانسەری كە  ساڵیانی ساڵ و زۆر پێش سەرهەلدای ئەو تۆمەتانەی ئێستا لە دژایەتی كورد دەخرێـتە پاڵ موجاهیدین، بە جیاواز لە نەتەوەكانی تر دانی بە مافی كورد ناوە و لە چوارچێوەی پەسەند كراوێكی  شۆرای میللی موقاومەتی ئێران خۆی بە ئەركدار دەزانی لە چوارچیوەی جێبەجێ‌ كردنی ، ئەوە سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێرانە. ئەو راستیە دەسەڵاتی ئاخوندانی تووشی كێشە كردووە. هۆكاری ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ  بایەخ و گرینگی ئەو دوو لایەنە و رژیم زۆر بە جوانی لە توانا و هێزیان ئاگادارە و پێكەوەگرێدان و وەسەریەكخستنی ئەو دوو هێزە هەمیشە مۆتەكەی ئاخوندانی ئێران بووە.


  روون و ئاشكرایە دەسەڵات لە پشتی ئەو تۆمەتانەیە كە باس لەدژایەتی سازمانی موجاهیدین لەگەڵ گەلی كورد دەكات و هەزینەی یەكجار گەورەی بۆ  تەرخان كردووە تا وا دەریخات كە موجاهیدین ناتوانێ‌ دۆستی كورد بێ و بابەتی دروستكراوی كوشتار و بەشداری لە ئەنفالی كوردان و بەشداری لە سەركووتی راپەرینی 91 و ... هتد بۆ دروست دەكات . ئەوە لەكاتیكدایە كە پێچەوانەكەی ئەوە لە لایەن بەرپرسانی هەریم باسی لیوە كراوە و تا ئێستا هیچ دادگاێك لەسەر ئەو تۆمەتانە موجاهیدینی بانگهێشتی دادگا نەكردووە. 


 ئەو هێرشانەی كە لەماوەی رابردوو كرایە سەر بەرێز كاك بابەشیخ حسێنی سكرتیری گشتی و سازمانی خەبات بە گشتی هەر لەو رەهەندوەیە و دەكرێ‌ بلێین تاكە لایەن كە لەو بەرە و رەوتە دا ، رووبەرووی دەسەڵاتـی ئاخوندی و شانتاژ و تەبلیغاتە ژەهراوییەكانی دەبیتەوە ئەوە سازمانی خەباتە و لە سۆنگەی بەرفراوان كردنی بەرەی هیزە كاریگەرە رووخانخوازەكاندا خەباتی خوی بەروپێشەوە دەبات. 


بابەتەكان هێندە روون و ئاشكران كە تەنیا تۆزێك وردبوونەوە بەسە بۆ تێگەشتن لێیان و دەبینین ئەو لایەنانەی كە رژیم ترسی زۆری هەیە لەو بەشانەوە سازمانی موجاهیدین دەكوتێ‌ و شانتاژ و تەبلیغاتیان لە دژ وەریدەخات.


 


باس لە نەبوونی پێگە و نەبوونی ئیعتبار و ناخۆشەویستی موجاهیدین دەكرێ‌ بەڵام دەبینین ئەوەی  كاری مەزن و گەورە لەچوارچێوەی خەبات دژی رژیمی ئێرانە ئەوە دەستی موجاهیدینی لەپشتە.


 


باسی ئەوە دەكرێ‌ كە بە پارە خەڵك كۆدەكاتەوە و ئەو كۆبوونەوانەی ساڵانە لە پاریس بەرێوە دەچن بە پارە بەرێوەیان دەبات.  هەر چەند بەشیك لە ئامادەكارییەكانی كۆبوونەوەیكی لەم چەشنە پێویستی بە پارەیە بەڵام  روون و ئاشكرایە كۆبوونەوەی لەم ئاستە بەربلاو بەرفراوانە و بە بەشداری سەدان سیاسەتمەتدار و مافەوان و كەسایەتی لە سەرانسەری جیهان و لە نەتەوە و وەڵاتـی جۆراوجۆر پێویستی بە ماندوبوون و باوەر و ئیمان و ئیعتبارێكی گەورەریە كە پێموایە زەحمەتە بە خەلكی تر بكرێ. ئەگەرهەموو شتێك پارەیە با كوری شا یان هەر كەسێكی تر بێت و كۆبوونەوەێكی نەك وەك ئەوەی موجاهیدین بەڵكو یەك لەسەر 10ی ئەو كۆبوونەوەیە بەرێوە ببات. 


 


موجاهیدین لە گۆرانكارییەكان دەور و پێگەی خۆیان هەیە و بە هەمان شیوە لە ناوخۆی ئێرانیش خاوەنی دەور و كاریگەری بەرچاون. ئەركی كورد نەك دژمنایەتی و بەربەرەكانیی موجاهیدین بەڵكو پالپشتی و دۆستایەتی ئەو هیزە كاریگەرەیە و پێویستە بۆ وەراست گەرانی بە مانای واقعی ئەو مۆتەكەیەی هەمیشە ئاخوندانی پێوە نیگەران بووە واتە وەسەریەكخستنی هێز و وزەی جولانەوەی گەلی كورد و  سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران وەدی بهێندرێ‌ و كار بۆ خێرایی بەخشین بە پرۆسەی رووخانی ئەو دەسەڵاتـە بكرێ‌ .


 
ڕێکه‌و 2018-07-18 21:04:46
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی