دوایین ترووسكایی، بەرەو نەمان

كامیل نورانی فەرد

ساڵیانێكە بەرنامە ناوكەییەكانی رژیمی ئێران بۆتە چەقی كێشەكانی دەسەلاتی ئاخوندی لەگەڵ وەڵاتانی رۆژئاوایی و بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لەو كاتەوەی بەرنامەكان لە حاڵەتی شاراوە دەرچوون، بوو بە باسێكی هەمیشەیی تا هەنووكە گەلێك قۆناغی پڕ هەوراز و نشێوی بریوە. 

لەپاش ماوەێكی زۆر تەسككردنەوەی بازنەی فشارەكان لەسەر رژیمی، تاران دەوڵەتی ئۆباما بە رێكەوتننامەی بەرجام هەناسەێكی هێنایەوە بەر و دەسەڵات بە خەیاڵی خۆیان لە فریودانی رۆژئاوا و بەرەوپێش بردنی بەرنامە ناوكەییەكان بە شێوەی شاراوە و لە ژێر زەوی دا سەركەوتوو بوون تا ئەوەی كە دۆناڵد ترامپ هاتە سەركار و ریسی ئاخوندانی كردەوە خوری و هەموو هیواكانیانی كردە بلقی سەر ئاو. 

هاتنە دەەرەوەی ئەمریكا لەبەرجام، سەرەتایێكی نوێ لە فشارێكی تاقەتپرۆكێن بۆ سەر ئاخوندان بوو كە كاریگەرییە راستەقینەكانی تا چەند مانگی تر دەردەكەون. 

بەڵام دەسەلات بەو حالەشەوە بە تەواوی هیوای لەدەست نەدا وپالپشتی ئورووپا بۆ بەرجام و هەوڵەكانیان بۆ گەرانەوەی ئەمریكا بۆ ناو بەرجام، یاخود بەردەوام هێشتنەوەی بەرجام بە شێوەی تاك لایەنە سیاسەتی فەرمی یەكێتی ئورووپا بوو، دەسەڵاتی ئێران ئەوەندە رووهەڵمالراو بوون كە تەنانەت منەتیان سەر ئورووپاش دەخست و عەلی خامنەیی كۆمەلێك مەرجی بۆ ئووروپا دانابوو  تا لەگەڵیان لە ناو بەرجام دا بمێنێتەوە و بە پێچەوانەی مەرجەكانیش هەڕەشەی هاتنە دەرەوەی لە بەرجام دەكرد. 

زۆر روون بوو كە بەرجامیك بە بێ ئەمریكا بە مانای هیچ دێ‌ و وەڵاتانی ئورووپایی ناتوانن بۆ ماوەێكی زۆر خو لەبەرانبەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رابگرن، و بە تایبەتیش كە دۆنالد ترامپ كەسێكی پێش بینی نەكراوە، زیاتر لە حاڵەتی ئاسایی خۆی  وڵاتانی یەكێتی ئورووپایی تووشی ترس و خۆپارێزی كردووە. 

لەدوایین هێماكانی شكستی هەوڵەكانی یەكێتی ئورووپا، راگرتنی چالاكیەكانی بانكی سەرمایەدانانی ئورووپا لە وەلاتی ئێران بوو. سەرۆكی بانكی سەرمایەدانانی یەكێتی ئورووپا لە لیداونێكدا دەڵێ، لەگەڵ  ئەوەی كە پشتیوانی لە هەوڵەكانی ئورووپا بۆ زیندووراگرتنی بەرجام دەكەین، بەڵام بە كردەوە ئیمكانی كاركردن لە ئیران بۆ بانكەكانی ئورووپایی بوونی نییە.

 روون و ئاشكرایە بانكەكانی ئورووپایی ئامادە نابن تێچووی چالاكی  لەناو خۆی ئێران بە كەوتنە بەر سزای ئەمریكا بدەن و مەترسی هاوكاری ماڵی لەگەڵ ئێران قبووڵ بكەن. 

راستی پر مەترسیدار بوونی ئێران بۆ موعامەلە و تیجارەتی دەرەوە لە راپورتی كوفۆس، كۆمپانی بیمەی تیجارەتی دەرەوەی فەرانسەش ئاماژەی پێكرا و ئەو رێكخراوە ئێرانی لە رێزی پڕ مەترسیدارترین وەڵاتان بۆ بازرگانی و سەرمایەدانان لە جیهاندا داناوە. 

لە لایێكی ترەوە داوای هاوبەشی ئینگلیس و فەرانسە و ئاڵمان بۆ مەعاف كردنی شیركەت و كۆمپانیاكانیان لە تەحریمەكانی ئەمریكا لەگەڵ وڵامی نەرێنی رووبەروو بوو و ئەمریكا ئامادە نەبووە هیچ كۆمپانیایەك دەست ئاوەڵە بكات بۆ بەردەوام بوون لە موعامەلە لەگەڵ رژیمی ئێران . 

ئەو فشارانە بە كردەوە دەستی یەكێـتی ئورووپای بۆ هەر هەولێك كە بیهەوێ‌ لە چوارچێوەی پاراستنی بەرجام هەلیگرێ‌ بەربەست دەكاتەوە. بەڵام لەگەل ئەو راستیەش ئەوەی جێگەی تێرامانە بە پێی دوایین داوای یەكێـتی ئورووپا، وادەردەكەوێ‌ كە ترسەكانی خامنەیی لە وەڵاتانی ئوروپای لە جێی خویدابێ لەسەر ئەوەی كە یەكێتی ئورووپا جێگەی بروا نییە. هەواڵەكان باس لەوە دەكەن كە گەلاڵەی هاوكاری بانكی ناوەندی ئێران لەلایەن بانكەكانی یەكێتی ئورووپایی لێكۆلینەوەیی لەسەر دەكرێ‌، بەڵام ئاكامی كۆتاییەكەی بەستراوەتەوە بە پێمل بوونی رژیمی ئێران بە بەرێوەبردنی یاساكانی FATF  كە تێدا بەربەرەكانێی شۆردنەوەی پووڵ و پشتیوانی لەترۆریسم دەكرێ‌ و ئەو یاسایە دوای موناقەشەێكی زۆر لە پەرلەمانی ئێران لە لایەن عەلی خامنەییەوە فەتوای جێبەجێ نەكردن و پێمل نەبوونی بۆ دەركرا، واتە ئەگەر ئەو فەتوایە هەڵوەشێتەوە یانی كارێكی ناشەرعی رێگەی پێدەدرێ‌. 

 

لە لایێكی ترەوە  ئەوەی جێگەی سەرەنجە و وەك دوایین هەولێكی رژیمی ئێران دێتـە ئەژمار، راسپاردنی وەڵاتی روسیا بو نێوبژیوانی كردن لەگەڵ ئەمریكایە كە خۆی لە كۆبوونەوەی هیلسینكی دا دەبینێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش ویلادیمێر پۆتین و دۆنالد ترامپ كۆبوونەوە و لە پشتی دەرگا داخراوەكان لەسەر مان و نەمانی دسەڵاتی تاران كەوتنە دانووستان. ئەوەی كە لەو كۆبوونەوەیە باسی چی كراوە و مەرج و خواستەكانی لایەنەكان چی بووە لەوانەیە لە ئێستا دا زەحمەت بێ زانینی، بەڵام بە پێی قسەكانی دوای دانووستانەكە لە لایەن ترامپ دەكرێ‌ مەزندەی بێ هیوا كردنی دەسەڵاتی ئاخوندان بكرێت. 

دۆناڵد ترامپ سەرۆك كۆماری ئەمریكا شەوی چوارشەممە  27ی پووشپەری 1397 لە قسەگەلێكدا لە كۆشكی سپی ئاماژەی بە دانووستان لەگەڵ ویلادیمێر پۆتین كرد و ووتی: ئێمە سەبارەت بە ئێران كە دەبێ بەرزە فرییە ناوكەییەكانی كۆتایی پێ بێنێ،‌ قسەمان كرد و هەوڵە تێكدەرانەكانی رژیمی ئێرانمان هێنایە بەرباس، اوبراو  ووتی: هەروەك  دەزانن ئێمە كۆتاییمان بە رێكەوتنی ناوكەیی لەگەڵ ئێران هێنا كە یەكێك لە خەراپترین رێكەوتنەكان بوو كە دەكرێ‌ بیری لێ بكرێتەوە. ئەوە رژیمی ئێرانی یەكجار لاواز كرد و بوو بە هۆی ئەوەی لە زۆربەی شارەكانی ئێران خۆپیشاندان رێك بخرێ‌ و رژیم بەرەو لەناوچوون بچێ. ترامپ بە سەراحەت پالپشتی خۆی لە راپەرین و خرۆشانی ناوخۆیی خەلكَی ئێران دووپات كردەوە و باسی لە ناوچوون و كۆتایی دەسەڵاتی تاران كرد. 

ئەو قسانە نیشانەی ئەوەن كە ئەمریكا نەك رازی نابێ بە رشوە و داواكانی تاران بۆ كەمكردنەوەی فشار و لابردنی سزاكان لەسەر خۆی بەڵكو هەروا قورس و قایم لەسەر داوای فەلەج كردنی رژیم و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی كردن لە چەكی ناوكەیی سوور ماوەتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئامادەكارییەكی پێویست كراوە. 

رژیمی ئێران دژوارترین قۆناغەكانی حكومەتدارییەكەی تێپەر دەكات و بە جۆرێك دوایین ترووسكایی هیوا لەبەرچاوی دەسەڵاتداران بەرەو كزی و نەمان دەچن . دەسەڵات لە هەل و مەرجێكدایە كە هیچ بژاردەیەك بە بێ تیچووی قورس نابێ و هەر بریارێك بدات دەبێ زنجیرەیەك دەركەوتە و ئاكامی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆی و پێچەوانەی حەز و پێخوشبوونی قبووڵ بكات و چارەسەرێكی یەكجاریی بوونی نییە و تەنیا سووككردنەوەی كیشەكان بۆ ماوەییە. 

 
ڕێکه‌و 2018-07-20 10:23:15
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی