یادی 28ی گەلاوێژ، فتوای نارەوای خومەینی دژ بە خەڵكی كوردستان!

عەلی بەهرامی

خومەینی، لە دوای سەركەوتنی راپەرینی گەلانی ئێران دژ بە رژێمی شا، بە پێچەوانەی هەموو وەعدو بەڵێنەكانی رژێمێكی دواكەوتوو و كۆنەپەرەستی لە نەوعی ئاخوندی و نادیموكراتتر لە رژێمی پێشووی دامەزراند و دەستی دایە خۆسەپاندن و بەرفراوان كردنی دەسەڵاتی رژێمەكەی. خەڵكی كوردستانیش كە بە هومێدی كۆتایی هێنان بە زوڵم و ستەم و هاتنەدیی مافە نەتەوەییەكان بەشداری شۆرش و راپەرینی دژ بە رژێمی شای كرد، و لە دوای روخانی ئەو رژێمەش دەستی بە سەر ناوچە كوردستانیەكاندا گرت و كاری لە سەر خەونەكانی چەندین ساڵەی دەكرد و جۆرە ئازادیەكی نیسبی و رێژەیی كردبووە بنەمای ئەو كۆمەڵگە نوێ یە. 

بە دامەزرانی حكومەتی نوێ لە ناوەند، گەلی كورد هەر زۆر زوو كەوتە خۆ بۆ ئەوەی داوا نەتەوەییەكانی خۆی بە دەسەڵاتداران بگەیێنێ‌ و چارەسەری پرسی نەتەوەیی خۆی لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتیانەوە بكا.

بەڵام ئەوەی كورد بیری لێ دەكردەوە و كاری بۆ دەكرد لەلایەن سەرانی ئەو دەسەڵاتەوە بە مەترسی بۆ سەر بیر و ئەندێشەی كۆنەپەرستانە و دواكەوتوویان حیساب دەكرا، بۆیە هەر زوو كەوتنە خۆ و دەستیان كرد بە بیانوو گرتن بە كوردو لە ژێر ناوی جۆراوجۆر لە كوردستاندا كێشە و ئاژاوەیان دەخولقاند.

ئەگەر چی لەو ماوەدا بە رواڵەت خۆیان وانیشان دەدا كە دەیانەوێ لە كورد حاڵی بن و پەیتا پەیتا وەفد و هەیئەت و نوێنەریان بۆ كوردستان دەنارد، بەڵام زۆر زوو ئەو راستیە دەركەوت كە خومەینی و هاوباوەڕانی تەنیا حوكمەتی ئیسلامی لە نەوعی ئاخوندیان (ویلایەتی فەقیە) قەبووڵەو لەوەش زیاتر رێگە بە بیروباوەری دیكە نادەن. هەر لەو كاتەدا بوو كە مونتەزیری جێگری خومەینی لۆمەی مامۆستا شێخ عزەدینی دەكرد و دەیگووت: شێخ عزەدین لە كوردستان قەڵەمی ئازاد كردوە! ئازادی قەڵەم و رادەربڕین لە كوردستان لای ئاخوندان بە تاوان حیساب دەكرا.

ئاخوند خومەینی لەگەڵ كوردا دوو كێشەی گەورەی هەبوو ئەویش ئەوە بوو كە باوەڕی بە مەسەلەی نەتەوەیی نەبوو هاوكات ئازادیەكان بەلای خومەینیەوە بە بەڵا و مەترسیدار دەبیندرا. وە ئەو ئاخوندە بەهیچ شێوەیەك سەری سازانی لەگەڵ ئەو دوو مەسەلەدا نەبوو.

بۆ گرتنی كوردستان و كۆتایی هێنان بە مەترسیەكانی سەریان خومەینی لە 28ی گەلاوێژدا لە فتوایەكی دوور لە ئوسوول و ناشەرعی فەرمانی بە هێزەكانی ژێر دەستی كرد كە هێرش بكەنە سەر كوردستان و بە قەولی ئەو، كۆتایی بە غائیلەی كوردستان بێنن. بەو فەرمانەی خومەینی هەرچیی پاسدار و چەقۆ كێش و مێشكرزیوی ناوچەكانی دیكەی ئێران بوو هێنرانە سەر كوردستان و شەلم و كوێرم ناپارێزم پەلاماری شار و ناوچە جیاجیاكانیان داو ئەوەی خوا پێی خۆش نەبوو لەگەڵ خەڵكی موسڵماندا ئەنجامیان دا. لە زۆر ناوچەی وەك قارنا و قەڵاتان و سارۆقامیش و وسووكەند و... كوشتاری بەكۆمەڵیان كرد و رەحیان بە منداڵی سەر بێشكەش نەكرد. لە زۆربەی ناوچەكانی دیكەی وەك پاوەو جوانرۆ، سنە، سەقز، بۆكان و... بە پۆل لاوان و ژن و منداڵ و پیریان بە فەرمانی قازیەكانی شەرع! بردە مەیدانەكانی تیرباران و بەشێوەیەكی زۆر جینایەتكارانە بە پلەی شەهادەتیان گەیاندن.

ئەوەی خومەینی كردی فەرمانێك بوو كە پێچەوانەی دەستووراتی ئیسلامی و ئینسانی بوو، فەرمانێك بوو كە لەلایەن كەسێكی خوێنرێژ و بە بیرۆكەیەكی نا مرۆڤانەوە دەرا، چوونكە بە پێی دەستووراتی ئیسلامی فەتوای جیهاد بۆ هیچ نەتەوەیەكی موسڵمان نادری و رێگە پێدراو نیە، لەلایەكی دیكەوە چ لە یاسا ئاسمانیەكان و چ لە قانوونە زەوینیەكاندا مرۆڤ ئەوندە بەرز و پیرۆز نرخێندراوە كە ناكرێ بە هیچ بیانوویەك تاوانی ئاوا قێزەون و بێ بەزەییانەی بەرامبەر ئەنجام بدرێ.

لە بەرامبەر زێدەخوازیەكانی خومەینی و حكومەتەكەی خەڵكی كوردستان بریاری بەرگریان لە خاك و نیشتمانی خۆیان داو لێبراوانەو بۆ وەدەر نانی داگیركەری نوێ ئامادەی هەموو قوربانیەك بوون، ماوەی شەڕی سێ مانگەدا ئەگەر چی رێكخستن و هەماهەنگی و نەزم و نیزامێكی ئەوتۆ نەبوو، بەڵام بەسەر ئەوەشدا چەندین داستانی قارەمانانە تۆمار كران كە دەكرێ یەك لەو داستانانەی كە كاردانەوەی سیاسی و سەربازی هەبوو بیر بێنینەوە ئەویش حەماسەی بەرگری و قارەمانەتی هێزەكانی پێشمەرگەی دەفتەری مامۆستا شێخ عزەدین (سازمانی خەبات) بە سەركردایەتی مامۆستا سەید جەلالدینی حوسینی لە 10ی خەزەڵوەردا بوو كە هێزێكی پۆشتەی 700 كەسی رژێمی لە پێچەكانی كەوپێچ تا دەروازەی شاری بانە تەفرو تونا كرد و بەوەش رژێمی خومەینی ناچار كرد كە پاشەكشە بكاو ئاگر بڕ لەگەڵ كورد رابگەێنێ.

 

فەرمانی جیهادی خومەینی خوێنرێژ لە 28ی گەلاوێژداو ئەو تاوان و ناحەقیانەی هێزە سەركوتگەر و چەقۆ كێشەكانی رژێم وەك پەڵەیەكی رەش لە مێژووی دەسەڵاتی نگریسی ئاخونداندا تۆمار كراوەو نەوە دوای نەوەو جیل لە دوای جیلی نەتەوەی كورد و نەفرین دەنێرن بۆ بڕیاردەر و بكەرانی ئەو تاوانە. كاری بەجێ و دروست ئەوەیە كە بدواداچوونی جیددی بۆ خەسارەتە هەمە لایەنەكانی فتوای جیهاد دژ بە نەتەوەی كورد و داسەپانی شەڕی ماڵوێرانكەری 3 مانگە بە سەر كوردستاندا بكرێ و ئەو كردەوە قێزەوانەی هێزەكانی رژێم لە كوردستان و كوشتاری خەڵكی سڤیل و بێ تاوان بە جینۆسایدی نەتەوەیەكی ژێردەستە و ماف پێشێلكراو بناسرێ.
ڕێکه‌و 2018-08-18 20:24:21
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی