به‌یاننامه‌ی کومیته‌ی ناوه‌ندی سازمانی خه‌بات له‌ په‌یوه‌ند بە ناوه‌ندی هاوکاری

هاونیشتمانیانی تێکۆشه‌ر!



هێزو لایه‌نه‌ سیاسیە کوردستانیه‌کان!



هه‌روه‌ک ئاگادارن پاش هەوڵ و تێكۆشانی بێووچان لە پێناو لێك نزیكبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسیەكان بە مەبەستی پێكهێنانی هاوئاهەنگی و كاری هاوبەش، كە ئاواتی لە مێژینەی گەلەكەمانە، سه‌ره‌نجام ئەو ئاواتە لە شكڵ و چوارچێوەی ناوەندێك بە ناوی "ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران" وەدی هات. ئەو هەنگاوە بوو بە هۆیەك، بۆ لێك نزیك بوونەوە و هاوكاری لە نێوان حیزب و سازمانەكانی كوردستانی ئێران. ناوەندی هاوكاری بە بەشداری پێنج هێزی كوردستانی دامەزرێندرا و چەند ئامانجی بۆ دیاری كراو لە ماوەی ١١ مانگ كاری هاوبەشدا توانرا دەسكەوتی باش و لە قازانجی گەلەكەمان تۆمار بکات. بەڵام بەداخەوە بەهۆی پێبەندنەمانی چەند لایەن بە ئه‌سڵه‌ گرینگه‌کانی كاری هاوبەش، دوای ماوەیەك و لە كۆبوونەوەكانی كۆتایی دا، رۆحی تەبایی و هاوكاریی و یەكتر خوێندنەوەی تێدا نەماو، رێكەوتنی گشتی، وەك بنەرەتێكی ئوسولی و پەسەندكراو، پێ شێلكراو هەمەچەشنی پشت گوێ خرا. سه‌پاندنی سیاسه‌تی تایبه‌تی و كۆمەلێك دروشمی دیاریكراوی حیزبی، كە لەگەڵ ناوەرۆكی كاری هاوبەش و دەستەجەمعی ناتەبابوون، بونه‌ هۆی له‌باربردنی ناوه‌ندی هاوکاری حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران. سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران لە گەڵ دەربرینی نیگەرانی خۆی لە پێشێلكرانی بنەماكانی رێكەوتن و تەوافق و كارو كردەوەی ئەو لایەنانە، به‌ پشت به‌ستن به‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێ که‌ ده‌رفه‌تی ‌چالاكی ناوەندی هاوكاری لە سەر بنەما پەسەندكراوەكانی كۆبوونەوەكانی سەرتادا كۆتایی پێ‌ هاتوە.



١ـ پێشێل كردنی خاڵی پەسەندكراوی پەیرەوەیی نێوخۆیی ناوەند لەپێوەند بە بەرێوەبردنی ناوەند لەسەر بنەمای تەوافقی گشتی.



٢ـ سەپاندنی دروشم و سیاسەتی تایبەتی بەسەر بەرنامە و هێلی گشتی ناوەند.



٣ـ گۆرینی ئەركی ناوەند لە مەرجەعێكی كاتی وەك جێگرەوەی بەرەی كوردستانی.



٤ـ دروست كردنی ناتەبایی لە سیاسەتی ناوەندا، لەكاتێكدا كە ناوەند ویستی روخانی رژیمە هاوكات باس لە وتووێژ لەگەڵ دەسەڵاتی ئاخوندیش بكرێ.



٥. هێژمۆنگەرایی و نەخوێندنەوەی لایەنەكان وەك هاوبەشێكی خاوەن ئەرك و مافی بەرامبەر.



بە لەبەر چاو گرتنی ئەو خالانە بە كردەوە دەرفەت و مەجالێك بۆ کاری هاوبەش و ده‌سته‌جه‌معی نابینین و دەبێ رایبگەێنین كە لە داهاتووشدا ئەو کرده‌وانه‌ زیانی بۆ بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی خه‌ڵکی کوردستان ده‌بێ و دەبێتە بەربەستێكی گەورە لەبەردەم یەكیەتی و یەكگووتاری لایەنە سیاسیەكان دا‌.



کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
ڕێکه‌و 2018-12-17 19:36:35
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی