پلینۆمی سێهەمی كومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات بەرێوەچوو

 رۆژانی یەك شەممە و دووشەممە، ٢ و ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ بە ئامادەبوونی سكرتێری گشتی كاك بابەشێخ، پلینۆمی سێهەمی كومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بەرێوەچوو. 

 رۆژی یەكەمی كاری پلینۆم، ژمارەیەك  له‌ كادر و بەرپرسانی سازمانی خەبات لە ناوخۆ و دەرەوە بە مەبەستی راوێژكردن بەشدارییان پێكرا. سەرەتای كاری پلینۆمیش بە دەقیقەیێك وێستان و بێده‌نگی بۆ رێزگرتن لە روحی پاكی شەهیدانی سازمانی خەبات و رۆحی مامۆستا سەید جەلال حوسەینی دامەزرێنەری سازمان دەستی پێكرد.

  بەرێز سكرتیری گشتی سازمانی خەبات راپۆرتی سیاسی و تەشكیلاتی خۆی بۆ پلینۆمی سێهەم پێشكەش كرد. له‌و ڕاپۆرته‌دا کاک باباشێخ، شیكردنەوە و باسێكی تێر و تەسەلی لەسەر دوایین ئاڵوگۆر و پێشهات و رووداوەكانی جیهانی و ناوچەیی کردو شیکاری به‌پێزی بۆ کوردستان و ئێران و و بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی كورد  و سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران کرد، و لەسەر هەر كام لەو تەوەرانە دید و بۆچوون و خوێندنەوەی خۆی پێشكەش بە پلینۆمی سێهەم كرد.

کاک بابه‌شێخ حسێنی لە سەرەتای قسەكانی بە ئاوردانەوەیێك لە سەر بارودۆخ و نەخشەی سیاسی جیهان، تیشكی خستە سەر سیاسەتی هەنووكەیی جیهانی و باسی لە سەر بلۆكبەندییە جیهانیەكان، كێشەی نێوان ووڵاتانی خاوەن هێزی جیهان بە تایبەت ناكۆكی لە نێوان ئەمریكا و روسیە لە لایەك و كێشەی ئەمریكا لە گەل چین و هەروەها ناكۆكی نێوان ئەمریكاو ئوروپاو .....هتد كردو ووتی ئەو هەلومەرجە دەرخەری ئاڵۆزی قوڵی سیاسی و ناتەبایی لە پێوەندیەكانی حكومەتە خاوەن هێزەكانی جیهانە كە ئەو ئاڵۆزیانە خۆیان لە كێشە سیاسی و ئابووری و ناوچەییەكان و خاوەنداری جیهاندا دەبینێتەوە. 

لەناو كێشەكان بە تایبەتی تیشكی خستەسەر:

 ١. ناكۆكی ئەمریكاو روسیە لە پێوەند بە رێكەوتنی مووشەكی و ئەگەری پاشەكشەی ئەمریكا لەو ریكەوتنەو سەرلەنوێ‌ سەرهەڵدانەوەی پێشبركێ و پەرەپێدانی چەكی مووشەكی و ئەتۆمی. بێگومان ئەو ناكۆكیە سیاسیانە مێژوویێكی دووریان هەیە بەڵام پەرەگرتنیان لە دوای ماوەیەك لە ئاسایی بوونەوەو پێوەندیەكان و كەمبوونەوەی گرژییەكان ئەو ڕاستیە دەردەخا كە هەلومەرجی سیاسی جیهانی بۆ سەردەمی جەنگی سارد دەگەرێتەوە بەو جیاوازیەی كە لە ئێستادا ناكۆكی لە نێوان ووڵاتانی بلۆكی رۆژئاوایی(غەربی) لە ئارادایە.

 ٢. جیابوونەوەی ئینگلستان لە یەكێتی ئوروپا لە مانگی نوامبر.

 ٣. نەبوونی هاودەنگی ئەمریكاو ئوروپا هەروەها بوونی كێشەی سیاسی و ئابووری لە نێوانیاندا بە ڕادەیەك پەرەی سەندوە كە توانای سازمانی دیفاعی ناتۆی پێ‌ لاواز بووەو ئەگەر پێوەندیەكانی ووڵاتانی رۆژئاوایی هەر بەو شێوەی ئێستا ساردو ئاڵۆز بێ‌ مەترسی لە سەرداهاتوی رێكخراوی ناتۆ زیاتر دەبێ‌.

 ٤. بەردەوامی لە دانەمەزراوی ئابووری.

 ٥. دەور و پێگەی ووڵاتی چین و پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا

 ٦. حكومەتی ئەمریكاو سیاسەتەكانی.

بەرێزیان لەو بەشەدا ئاماژەی بە سیاسەتی دروستی سازمانی خەبات ی كوردستان و پێداگری لەسەر بەرەوام بوون لەسەر ئەو سیاسەتە كرد و جارێكی تر پێداگری لەسەر ئەوە كرایەوە كە سەرمایەدانان لەسەر سیاسەتی بەرژوەندیخوازانەی نێونەتەوەیی هەڵەیە و لەچاوەروانی مانەوە بۆ هاوتەریب بوونی بەرژوەندییەكانیش بەفیرۆ دانی كات و شوێن كەوتنی خەیاڵ و ناراستیە، جیاواز لەوەی كە لەهاتنە ئارای هەر دەرفەتێكی نێونەتەوەیی پێویستە زۆرترین سوود بە قازانجی نەتەوەكەمان وەدەست بێنین و رەدكردنەوەی هەر جۆرە دەرفەتێكی لەم شێوەیە لەژێر هەیمەنەی فكری دژی ئیمپریالیستی بەهەمان رێژەی سیاسەتی چاوەروانی هەڵە و ناتەبا لەگەڵ سیاسەتی ژیرانەیە. 

كاك بابەشێخ حسێنی لەبەشێكی تری قسەكانی دا بە ئاماژە دان بە بەهاری عەرەبی و ئاكامە باش و خراپەكانی و كاریگەرییەكانی، تیشكی خستەسەر هەلو مەرجی ناوچەكە و لەو پێوەندییەدا ئەو تەوەرانەی خستە روو:

 ١. كێشەی عەرەب و ئیسرائیل

 ٢. كێشەی عەرەب و عەرەب

 ٣. كێشەی كورد و ستەمی حكومەتە زاڵمەكانی داگیركەری كوردستان

 ٤. كێشەی سیاسی و هەوڵی خاوەنداریەتی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە لایەن سعودیە و رژیمی ئاخوندی.....هتد 

٥. بوونی بیروبۆچوون و دین و مەزهەبە جیاجیاكان لە ناوچە و دیاردەی توندڕەوی فكری و مەزهەبی لە ناوچەكەدا

 ٦. كێشەی نەتەوەكانی ژێردەستە و مافخوراو و یەك لەوان كورد

 ٧. بەهاری عەرەبی لە پێوەند بە ناوچەكە 

 بەرێز كاك بابەشێخ حسێنی باسی لەسەر هەوڵە شەرئەنگێزەكانی رژیمی ئاخوندیی كردو ووتی: دەوری رژیمی ئێران لە ناوچەكەدا دەورێكی تێكدەرانەیه‌ و بە پێچەوانەی قازانجی گەلانی ناوچەكەیە و هەموو هەوڵێكی دەسەڵاتدارانی ئێران ئەوەیە كە جیهان سەرقاڵ بكەن و  له‌ هه‌مان کاتیش دا درێژه‌ به‌ دەست تێوەردانەكانیان له‌  ناوچەكە پەرە پێبدەن و ترۆریزم و ئاژاوە بەربلاوتر بكەنەوە. هەر چەند جێگەی خۆشحالیە كە بە وریابوونەوەی گەلانی ناوچەكە ئەو سیاسەتە شاراوەو ئاشكرایانەی دەسەلاتی ئێران رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر لە قاو دەدرێن، هەر بۆیە شاهیدی هەوڵەكانین بۆ بڕینەوەی دەستی تێكدەرانەی ئاخوندان لە ناوچەكەو روبەڕووبوونەوەی تاقمە ترۆریستیەكانی پیوندیدار بە رژیمی ئێران و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەریی لەدژی ڕژیمی ئێران لە عێراق، لوبنان و یەمەن‌.

 لەدرێژەی راپۆرتی سیاسی و تەشكیلاتی سكرتێری گشتی سازمانی خەبات، باسی كورد بە گشتی و بارودۆخی سیاسی هەر كام لە پارچەكانی كوردستانی كردو دۆخی هەنووكەی كوردستانی عیراق و كوردستانی سوریا و كوردستانی توركیا لە پاش شیكردنەوە و هەلسەنگاندنێكی ورد بە دەرفەت و هەرەشە لێك درایەوە و پرسی یەكبوون و یەكریزی نێوخۆیی بە پارادایمی یەكلایكردنەوەی خوڵقانی  هەرەشە یان دەرفەت زاندرا. 

 سكرتێری گشتی سازمانی خەبات لە بەشێكی تری راپۆرتەكەی ئاماژەی بە دوایین گۆرانكارییەكانی وەڵاتی ئێران كرد و لەو باسەدا ئەو تەوەرانەی بە تێروتەسەلی شیكردەوە:

١. دەسەڵات و گەندەڵكاریەكانی.

٢. ستەم و بێدادیەكان.

٣. كشانەوەی ئەمریكا لە بەرجام و ئابڵوقەی ئابووری.

 ٤. كێشە و خەسارە كۆمەڵایەتیەكان.

٥. گرانی و بێكاری.

٦. رژیم یەكێك لە سەرچاوە سەرەكیەكانی ترۆریزمی نێودەوڵەتی.

٧. ئیعدامی تێكۆشەرانی كوردو ئێرانی.

٨. كوشتنی كۆڵبەرانی دەردو رەنج دیتوو.

٩. سەركوتی نارازیان و گرتن و زیندانی كردن و دادگایی كردنیان، سەركوتی كرێكارانی نەی شەكری حەوت تەپپە، سەركوتی كرێكارانی شیركەتی پۆڵا لە ئەهواز و دەیان كردەوەی دڕندانەی دیكە.

 لە ڕاپۆرتی سكرتێی گشتی پێداگری لەسەر ئەو بۆچوونە كردەوە و وەبیری هینایەوە كە سیاسەتی نەرم و نیانی و باس لە ووتوێژ لەگەڵ رژیمی ئێران سیاسەتێكی شكست خواردووە و تەنیا رێگە چارە رووخانی ئەو دەسەڵاتەیه‌ لە لایەن خەڵكی ئێرانەوه‌. بەڕێزیان یەكگرتوویی و یەكریزی هێزە دژبەرەكانی رژیمی بە خاڵێكی گرینگ وەسف كردو هاوپەیمانەتی سازمانی خەبات و سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و شورای میللی مقاومەتی ئێرانی بە گرینگ زانی و بەردەوامی و پەرەدان بەو جۆرە هاوكارییانە بە زامنی زاڵ بوون بە سەر دیكتاتۆری ئاخوندان لێكدرایەوە.

 بەرێز سكرتێری گشتی لە باسی كوردستانی ئێران و دۆخی سیاسی و ئالوگۆر و پێشهاتەكانی دا ئاماژەی بەوەدا كە ستەمی نەتەوایەتی لە سەرجەم رەهەندەكانیەوە نەك تەنیا وەك خۆی ماوەتەوە بەڵكو زیاتر پەرەی پێدراوە و روانگەی ئەمنیەتی بەسەر كوردستاندا زاڵە. لەبواری سیاسی رێگە بە بچووكترین نارەزایەتی نادرێ‌ و هەر جووڵەیێكیش سەپاندنی تاوانی زۆر قورس و لە ئەنجام دا ئیعدام و كوشتنی لێدەكەوێتەوە و هەر لەو پێوەندییەشدا ئیعدامە سیاسیەكان لە كوردستانی ئێران گەیشتۆتە بەرزترین ئاست. دوایین ئیعدامە سیاسیەكانیش لەسێدارەدانی رامین حسێن پەناهی و لوقمان و زانیار مورادی بوون كە شاهیدی حەرەكەتێكی نارەزایەتی گشتی لە لایەن خەلكی كوردستان بووین. بەبەردەوامی چالاكانی مەدەنی و كرێكاریی و خوێندكاریی و ژینگە پارێز و هتد.... بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات دەكرێن و دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە و خەسارە كۆمەڵایەتیەكانی وەك مادەی هۆشبەر و فەحشا بێداد دەكات و بە نیسبەت بواری ئابووریش سیاسەتی دەسەڵات لەراست خەڵكی كوردستان ئەوەندەی تر ژیانی خەڵكی تووشی قەیران كردووە و ئەگەر خەڵكانێكیش بە ناچاری روو لە كۆڵبەری لە سنوورەكان بكەن ئەوە لەگەڵ گووللە و دەست بەسەرداگرتنی كەل و پەلەكانیان رووبەروو دەبنەوە. كوردستان لە بواری بێكاری خاوەنی زۆرترین رێژەیە و دەرئەنجامی ئەو بێكاریەش پەرەسەندنی خەسارە كۆمەڵایەتیەكان لە كوردستانە. هەر لەو پێوەندییەدا سكرتێری گشتی ئاماژەی بە ڕادەی بێزاری خەڵكی كوردستان لە دەسەڵات كردو ووتی كە كوردستان نمونەی خۆراگری لەبەرانبەر دیكتاتۆری ئاخوندییە و بێگومان بە هاتنی هەر دەرفەتێك كوردستانیان لە ریزی یەكەمی خرۆشان و راپەرینەكان دا دەبن.

 كاك بابەشێخ لە پێوەند بە باسەكانی : جوڵانەوەی سەرانسەریی و ئەركی ئۆپوزسیۆن ــ جولانەوەی كورد لە ئێران ـ

ـ ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران و هەڵوێستی سازمانی خەبات

 ــ سازمانی خەبات و ئەركی رێبەرایەتی و كادرو ئەندامانی، قسە و باسێكی تێروتەسەلی باس كرد.

لە باسی جوڵانەوەی رزگاریخوازانە بە ئاماژەدان بە هەلوێستی ٤ حیزبی ناوەندی هاوكاریی و لە ئاكامی پێشێلكارییەكان كە بە هەڵوه‌شانەوەی ناوەندی هاوكاریی كۆتایی پێهات، سكرتێری گشتی نیگەرانی خۆی دەربری و ئەو جۆرە هەڵوێست و سیاسەتەی بە خالێكی مەترسیدار و بیرهێنەرەوەی سەردەمانی یەكتر نەخوێندنەوەی حیزبەكان لە كوردستان شوبهاند. سكرتێری گشتی هیوای خواست كە لە داهاتوویێكی نزیك دا لایەنەكان بە شێوەیێكی گشتگیر تر و بەرفراوانتر و بە روحیەتێكی نەتەوەیی و دیموكراتیك لەدەوری یەك كۆببنەوە و بە بێ سیاسەتی خۆفەرزكردن و خۆسەپاندن شاهیدی بەرەیێكی گشتگیرتری كوردستانی بین لە پێناو دەستەبەركرانی مافە نەتەوەیی و سیاسیەكانی خەڵكی كوردستان و ڕوخانی رژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی. دواهەمین بڕگەی راپۆرتی بەرێز سكرتێری گشتی باسی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بوو كە لەم بەشەدا بە تێروتەسەلی راپۆرتی كار و چالاكی و هەڵسوورانی سازمانی خەبات لە ماوەی نێوان دوو پلینۆم دا پێشكەش كرا و بە پشت بەستن بەو راپۆرتە گۆرانكاریی و پڕكردنەوەی كەموكوورییەكان خرایە دەستووری كاری پلینۆمی سێهەمی كومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێرانەوە.

لەدوای كۆتایی هاتن بە راپۆرتی سیاسی و تەشكیلاتی سكرتێری گشتی قسە و باسێكی گەرم لەسەر ناوەرۆكی راپۆرتەكە لە لایەن بەشدارانی پلینۆم كرا و راپۆرتی سكرتێری گشتی بە كۆی دەنگ پەسەند كرا. هەروەها برگەی دواتر گوێگرتن بۆ راو سەرەنجی كادر و بەرپرسانی دەرەوەی سەركردایەتی سازمان بوو و هەر كام پیشنیار و بۆچوونی خۆی لە بەش و ئورگانی تایبەت بە خۆیان و هەروەها بە گشتی سازمانی خەبات دەربڕی.

 لە رۆژی دووهەمی كاری پلینۆم بەرپرسی هەر كام لە كومیسیۆنەكانی سازمان راپۆرتی كاری خۆیان لەماوەی نێوان دوو پلینۆم پێشكەش كرد و سەبارەت بە هەركام لە بەشەكان قسە و باسێكی گەرم و تێر و تەسەل كرا و خاڵە ئەرێنیەكان و رەخنەكان لە كاری كۆمیسیۆن و بەشەكانی سازمان و كەند و كۆسپ و رێگەچارەكان لەراست باشتر كردنی كاروباری ئۆرگانەكانی پێشكەش كرا و چەندین ئالوگۆر و رێوشوێنی پێویست بە نیسبەت هەر كام لە ئورگانەكان پەسەند كرا. لەژێر رۆشنایی راپۆرتی سیاسی و تەشكیلاتی  كاك بابەشێخ حسێنی سكرتێری گشتی بەرنامە و كاری داهاتووی سازمانی خەبات بۆ بردنە پێشەوەی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەكەمان دیاری كرا و بە بەلێنی بەردەوام بوون لەسەر ئەرك و كارە تەشكیلاتیەكان كاری پلینۆم لە دوای 2  رۆژ كۆتایی پێهات.
 


 
 

 


 

 

 

 




 




 
ڕێکه‌وت: 2018-12-27 07:01:36
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی