لەسێدارەدرانی 69 هاوڵاتی كورد لەساڵی 2018

 لەماوەی ساڵی ٢٠١٨ی زاییینیدا لانیکەم ٦٩ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو سەدا ٣٨ کەمی کردووە

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەری هەنگاو: لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨ی زایینیدا لانیکەم ٦٩ هاووڵاتیی کورد لە ئێران لەسێدارە دراون کە کەسێکیان لە پێش چاوی خەڵک لەسێدارە دراوە.

 

بە پێی ئەم راپۆرتە، ٦ کەس بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، ٩ کەس بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی، ٤٦ کەس بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست، ٦ کەس بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەكانەوە و دوو کەسیش بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لەسێدارە دراون.

 

زیاترین ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون خەڵکی پارێزگای ئورمیە بوون، و لە ساڵی ٢٠١٨ دا ٣٠ هاووڵاتیی کورد لەو پارێزگایە لەسێدارە دراون. هەروەها لەپارێزگای کرماشان ٢٢ کەس، لوڕستان ٦ کەس، سنە ٥ کەس، ئیلام ٥ کەس و لە خۆراسانیش یەک هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراوە.

 

هەروەها لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨ دا منداڵێک، سێ ژن و دوو هاووڵاتی کە تەمەنیان سەرووی ٥٠ ساڵ بووە (٥٧ و ٦٣) ساڵە لە بەندیخانەکانی کوردستان لەسێدارە دراون.

 

لەسێدارە دانی هاووڵاتیانی کورد بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٧ی زایینی کە لەو ساڵەدا ١١٢ هاووڵاتیی کورد لەسێدارە درابوون، ٣٨٪ کەمی کردووە.

 

 

لەلایەکی دیکەوە و هەر لەماوەی سالی ٢٠١٨ دا، ١٠ چالاکی مەزهەبی، ٣ چالاکی سیاسی و ٣ منداڵی کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.
ڕێکه‌و 2018-12-30 08:00:46
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )







سیاسی