كێن ئەوانەی فرەحیزبی بە بەڵا دەبینن بۆ كوردستانی رۆژهەڵات!

 

 

عەلی بەهرامی

بە حوكمی پێكهاتە و جیاوازیەكانی كۆمەڵگەی كوردستان حیزبی جیاجیایش لە چەندین دەیە لەوەپێشەوە بوونیان هەیە و چالاكی دەكەن و هەر لایەنە بە پێی توانا و هێزی خۆی دەوری هەیە لە خزمەت بە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی هێزە داگیركەرەكانی كوردستان. بەڵام لێرەو لەوێ ئەو فرەحیزبیە بە بەڵا بۆ بزوتنەوەی كورد لە كوردستانی ئێران پێناسە دەكرێ، بەتایبەت بۆ قۆناغی رزگاری!.

ئەگەر سەیرێكی رابردووی خاوەن ئەو بۆچوونە بكەین بە دوو راستی دەگەین، كە ئەوانەی وا بیر دەكەنەوە خوێندكارەكانی بلوكی شەرق و دەسەڵاتە كۆمۆنیستەكانن، چوونكە لە بلوكی شەرق و وەڵاتانی كۆمۆنیستی دا جوێ لە حیزبی كۆمۆنیستی دەسەڵاتدار هیچ حیزبێكی دیكە رێگەی چالاكی پێ نەدەدراو لەو وەڵاتانەدا سیستەمی تاك حیزبی كاری پێكراوە. یان ئەوەی كە ئەو بەرێزانە تووشی نەخۆشی خۆبینی بوون، نەخۆشیەك كە چەندین ساڵ لەپێناو سڕینەوەی ئەحزابی دیكە شەری كوردكوژیان هەڵگیرساند و بۆ سرینەوەیان شەری سەرتاسەریان رادەگەیاند و بە سەدان رۆڵەی تێكۆشەری كوردیان كردە قوربانی، تەنیا بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كە هەر ئەوان بوونیان هەیە و جوێ لەوان كەسی دیكە بۆی نیە لە رووداوەكانی كوردستانی ئێراندا قسەی هەبێ.

هەر دوو روانینگەكە هەڵەیە و كاتیان بەسەر چووە، لە هەر شوێنێك شنەبایەكی ئازادی هەڵی كردبێ ئەحزابی كۆمۆنیستی داڕماون و تازە دەروێشەكانیان ناتوانن لە كوردستان ئەو دوكان و بازارە وەرێخەنەوە. 

هەروەها خۆسەپێنی و تاكرەوی و قەبووڵ نەكردنی جیاوازیەكان هۆیەكی دیكەبوون بۆ ئەوەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستان نەتوانن متمانە بە تەنیا یەك یان دوو حیزب بكەن، هەر بۆیە ئەحزابی دیكەش پێكهاتوون و دەوری خۆیان گێڕاوە لە بزوتنەوەی كورد لە ئێراندا. 

ئەوانەی ئەو فرە حیزبیە بە بەڵا سەیر دەكەن ئەوانەن كە تا ئێستاش ناتوانن هەزمی ئەحزابی جوێ لە خۆیان بكەن و هەستی تاكرەوانە بەری نەداون، هاوكات هۆی پاشەكشە و دێژبوونەوەی ماوەی شۆرش و ناسەركەوتووییان لە رێبەریی كردن و پرشوبڵاوی و لێكترازانەكان كە خۆیان هۆی سەرەكی بوون بچەسپێنن بە مەسەلەی فرەحیزبی و فرەرەنگی لە كوردستان.

پرسیار ئەوەیە كە بەبوونی ئەم فرەییە چۆن دەكرێ هێز و تواناكان سەر یەك خەینەوەو خزمەتی پرسی نەتەوەیی پێ بكەین؟ چارەسەری ئەوان و تێكرای پێكهاتەی بزوتنەوەی كورد لە كوردستانی ئێران بەخۆداچوونەوەو قەبووڵی جیاوازیەكان و خۆ ئامادەكردنە بۆ كاركردن لەگەڵ لایەنە جیاجیاكان.

ئەوەی لە ناوەندی هاوكاری بینرا و هۆی شكستی كاری ئەو ناوەندە بوو، درێژەدان بەو هەستە زیانبارانە بوو، سازمانی خەبات پێی وابوو كاری دروست و بەجێ ئەوەیە كە تێكڕای هێزە شۆرشگێڕەكانی كوردستانی ئێران لەو ناوەندەدا بەشدار بن و ناوەندی هاوكاری كۆكەرەوەی تێكڕای هێز و تواناكان بێ بۆ دژایەتی رژیمی ئێران و یەكدەست كردنی خواست و داواكانی كورد و دروست كردنی ئادرەسێكی بەهێز رووبە كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و لەسەر ئەساسی رێكەوتن و تەوافوق درێژە بە كاری هاوبەش بدەن. سازمانی خەبات پێی وایە قۆناغی رزگاری تەنیا بەشێكە لە كاری حیزبی و لە دوای قۆناغی رزگاریش حیزب كۆتایی بە كارەكانی نایەت و ئەركی دیكەی دەكەوێتە سەر شان و دەتوانێ‌ دەوری گرینگ لە پێشخستنی كۆمەڵگەی كوردستاندا بگێڕێ. كە وایە بە هەندێ تەوازوع و دابەزین لە لووتبەرزی دەكرێ كەڵكی تەواو لەو فرەییەی ئێستا وەرگیرێ.

 

ئەوەی تا ئێستا بووە بە بەڵا بۆ بزوتنەوەی كورد لە كوردستانی ئێران، هەستی خۆبینی و خۆسەپاندن و تاكرەوی و قەبوڵ نەكردنی جیاوازیەكانە نەك فرەحیزبی و فرەرەنگی.
ڕێکه‌وت: 2018-12-30 19:40:30
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی