دروشمی بێ‌ كردەوە

ئاوارە كرماشانی

مێژووی جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلی كورد لە كۆن تا ئێستا بە دەست نەبوونی ستراتیژی و هەڵوێستی روون گیرۆدە بووە.نەبوونی ستراتیژی روون زیاتر بە هۆی حەزو ویستی تاكە كەسی و مانەوەی تاك و دەستەیەكی دیاری كراو لەئەهرومی بەرپرسایەتی لە حیزب وتەشكیلاتداو هەروەها پەیرەو كردنی سیاسەت و هەڵوێست لە سەر بنەمای دروشمی زریقەو بریقەداری ئەوتۆ كە نەك كاریان پێ‌ ناكرێ‌، بەڵكو بۆ هەلومەرجی جوڵانەوەی گەلی كورد نامومكین و زیانباریشەو تەنیا بە مەبەستی بازارگەرمی و هەڵقوڵاو لەشێوەی بەراوردو حەزی تاك سەر هەڵدەدا. ئەو شێوە روانگە تاكە كەسیانە جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلی كوردی لە كوردستانی ئێران تووشی لێكترازان و هێندێك كات داڕمان كردوە.

سازمانی خەبات هەمیشە پێی‌ وایە كە جوڵانەوەی گەلی كورد دەبێ‌ خاوەن بەرنامەو رێ‌ و شوێن و ئیستراتیژی دیار بێ و دروست نیە هەر رۆژە بە جۆرێك و هەر كاتە بە شێوەێك كاربكاو هەڵوێستی ناتەبایی لەگەڵ ڕاستیەكانی گۆڕەپانەكە هەبێ‌. پێویستە سیاسەتی ئوسوڵی و خاوەن بنەماو ریشەداری هەبێ‌. سنوورەكان لە گەڵ دوژمن دیار بێ‌ و كەس سەری لێ‌ نەشێوێ‌ كە جوڵانەوەی كورد چی دەوێ‌ و بە دوای چیەوەیە. سازمانی خەبات پێی‌ وایە خوێنی ڕۆڵەی كورد بە كار نەهێندرێ‌ بە مەبەستی قازانجی تاكەكەس و بەكار نەهێندرێ‌ بۆدروشمی كاتی و دور لە كردەوە. بێگومان كاتێك سنوورەكانی جوڵانەوە لە گەڵ دوژمن دیاربێ‌ و بەرنامەو هەڵوێستی بنەڕەتی و ئیستراتیژی ڕوون بێ‌، هەم جوڵانەوە بەرەو لوتكە دەچێ‌ و هەمیش گەل لە ئامانجەكانی نزیك دەبێتەوەو نیشتمان لە دەست چاوچنۆك دەپارێزرێ‌.

ئاشكرایە دروشمی گەورەو زریقەو بریقەدار و بێ‌ بنەما زیان دەگەێنێ‌ بە تێكرای جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلی كورد،كاتێك لایەنێكی سیاسی دروشمی گەورە دەداو بە دروشمەكانی خەڵك بە خۆیەوە سەرقاڵ دەكاو لە دوای ماوەیەك لەو دروشمانەی پەشیمان دەبێتەوە بێگومان زیانەكانی ئەو شێوەیە لە بنەماكان، خۆ تەنیا زیانی بۆ خودی ئەو لایەن یا حیزبە سیاسیە، نابێ‌ بەڵكو كۆی جوڵانەوەی كورد و تەنانەت جوڵانەوەی حەقخوازانە بەرانبەر دەسەڵاتی ناوەندی زیانی لێ‌ دەبینن.

لە كاتی پێكهاتنی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێراندا كە سازمانی خەبات دەوری تێدا هەبوو، دروشم و بەرنامە سەرەتاییەكانی هەر پێنج لایەن كە لە سەری رێكەوتبووین گەلێك پەسەند و هەمە ڕەهەند بوو. فرەرەهەند  بەو مەعنایەی كە هەر لایەنێكی سیاسی كوردستانی دەیتوانی خۆی لەو ناوەندەدا ببینێتەوە تەنانەت ئەگەر نەشی ویستایە ببێتە ئەندامی ئەو ناوەندە, سێ‌ خاڵی پەسەندكراوی بنەڕەتی كە پێكهاتبووین لە سەری، بریتی بوون لە ڕوخانی رژیمی ئاخوندی، كە دروشمی روخان بە واتای ڕەد كردنەوەی ووت وێژیش دێ‌ لە گەڵ دەسەلاتێك كە بڕیاردراوە بڕوخێندرێ‌، هەروەها دابین كردنی مافە نەتەوەیی و سیاسیەكانی دانیشتوانی كوردستان لە ئێرانێكی ئازادو دیموكراتیك و سكۆلار هەروەها پەیڕەو كردنی بنەمای تەوافوق كە ئەوەش بەندێكی باش و  پێوست بوو بۆ ئەوەی چەند لایەن بۆ خۆیان ڕێ‌ نەكەون لە سەر خاڵێك یا ئامانجێكی تایبەت بە خۆیان كە ببێتە هۆی هەڵوەشانەوەی ناوەند. بەڵام بە داخەوە لە دوای چەند مانگ، هەوڵ بۆ ئەوە درا كە بەشی زۆری ئەو بنەما سەرەتاییانە كە پەسەند كرابوون وەلانرێن و هەژموون و بەرنامەی حیزب و تەنانەت ڕاسپاردەی لایەنی دیكە بەسەر ناوەندی هاوكاری بكرێتە جێگرەوەی خاڵە پەسەندكراوەكان كە بە داخەوە پێشێلكاری بنەما پەسەندكراوەكان بووە هۆی هەڵوەشانەوەی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران.

بەو سەرەتایە مەبەستمە بێمە سەرئاكامی مەبەستەكەم كە ئەویش بریتیە لەوەی كە روانگە جیاوازەكان لە جێگەی خۆیدا دەبێ‌ رێزیان لێ‌ بگیرێ‌ و كەس مافی ئەوەی نیە كە رێ‌ لە بوونی بیروبۆچوونی جیاواز بگرێ‌ جا ئەوە چ لە لایەن تەشكیلاتێكی سیاسیەوە یا تاكێكی كۆمەڵگاوە بێت. بەڵام حەق نیە كۆی جوڵانەوەی كورد و خەڵكی داماوی كوردستان كە دەیان ساڵە بە دەست ستەم و بێدادی حكومەتە دیكتاتۆرەكانەوە دەناڵێنێ‌ زیاتر لەوە ببنە قوربانی شیعارو دروشم و روانگەو بۆچوونە ئیحساسیەكان.

گەلی كورد لە كوردستانی ئێران خاوەن جوغرافیای دیاری خۆیەتی لە چوارچێوەی ئێرانداو پێویستە بە مافە سیاسی و نەتەوەییەكانی بگات، ئەو مافانە چۆن و بە چ شێوەیەك دەچەسپێن دیارە. پێش هەر شتێك دەركەوتوە كە دەسەڵاتی ئێران بێجگە لە سەركوت وكوشتنی تێكۆشەرانی خەڵكی كوردو خەڵكی ئێران و پێشێلكردنی سەرەتایی ترین مافی هاونیشتمانیان و بە تاڵان بردنی داهات و سەرمایەی خەڵكی ئێران و خەرج كردنی لە تاقم و دەستە ترۆریستیەكان و لە لاێكی دیكەوە بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە لە ناوچەكەداو ......هتد كارێكی بە قازانجی خەڵكی ئێران نەكردوە. بەو پێ‌ یە زۆر لە مێژە ئەوە ڕوون بۆتەوە كە ئەو بۆچوونانەی پێیان وایە دەكرێ‌ لە چوارچێوەی حاكمیەتی دیكتاتۆری ئاخوندی بە ماف و ئازادی بگەین، بێ‌ بنەماو دوورن لە عەقڵانی بوون و بیركردنەوەی دروست. لە كاتێكدا ئەو راستیە حاشا هەڵنەگرە خۆ دەنوێنی كە رژیمی ئاخوندی خەتی سوورە، پێویستە بیر لە ئاڵترناتیوی دروست و مەشروع بكەینەوە كە هەم ماف وئازادیەكان بۆ گەلی كوردو گەلانی ئێران دابین و دیموكراسی و ئازادی لە ئێراندا پەیڕەو بكات.

 

سازمانی خەبات بە بەراوردی دروست لە بنەماكان لە سەر عەرزی واقع و بە دوور كەوتنەوە لە دروشم و لەروانگەی بە غەمەوە بوونی بۆ دۆزی رەوای كورد و كۆتایی هێنانی بەشێك لە مەینەتیەكانی خەڵكی كوردستان لەگەڵ ئاڵترناتیوی مەشروع و خاوەن پڕۆژە بۆ داهاتووی ئێران و خاوەن پڕۆژە بۆ گەلی چەوساوەی كورد لە كوردستانی ئێران رێكەوتنی هەیەو باوەڕی وایە كە شورای میللی مقاومەتی ئێران بەو  بەرنامانەی كە هەیەتی دەتوانێ‌ جێگرەوەیەكی كاتی شیاو لە دوای روخانی رژیمی ئاخوندی بێت تا هەلومەرجێكی  شیاو لە كورت ماوەدا بڕەخسێندرێ‌ بۆ ئەوەی بە بونی مەیدانی ئازاد  هەڵبژاردنی ئازادانە بۆ پارڵمان و حكومەتی دیموكراتیك ئەنجام بدرێ‌ و بە یەكجاری سیستم و دەسەڵاتێك لە ئێراندا حاكم بێ كە هیچ كات بیر لە چەوسانەوی خەڵكی كورد و هیچ كەس نەكاتەوەو ئیتر كۆتایی بە بەفیڕۆدانی سەرمایەی خەڵكی ئێران بێ‌.
ڕێکه‌وت: 2018-12-30 20:17:31
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی