دیموكراسی زۆرینەو كەمینە یان تەوافوقی؟!

عەلی بەهرامی

دیموكراسی وەك سیستەمێك بۆ بەرێوەبەری وەڵات، لە گەلێ وەڵاتی جیهان كاری پێ دەكرێ و لەو دیموكراسیانەشدا جیاوازی زۆر دەبیندرێ. ئەوەی ئێمە تا ئێستا لە دیموكراسی حاڵی بووین ئەوەیە كە كەمینە مل كەچی بریاری زۆرینە بێ، لە راستیدا لەم جۆرەی دیموكراسی دا ئیشكال و كێشەی زۆر دێتە ئاراوە بەتایبەت لەو وەڵات و شوێنانەی یەك دەست نین و خەڵكەكەی پێك دێن لە پێكهاتەی نەتەوەیی و مەزهەبی جۆراوجۆر. فورمولێكی دیكەی دیموكراسی كە تا ئێستا لە زۆربەی وەڵاتان كاری پێكراوە و تا رادەیەكی باش سەركەوتوو بووە دیموكراسی تەوافوقیە. لەو شێوە دیموكراسیەدا ئیتر زۆرینە ناتوانێ‌ حیساب بۆ كەمینە نەكات و پەسەند كردنی بەرنامە و پلانە گرینگەكان پێویست بە رێكەوتن لەگەڵ پێكهاتە جۆراوجۆرەكانە.

لە كۆمەڵگەیەكی فرەپێكهاتە و متەنەوع دا، دیموكراسی تەوافوقی دابەش كردنی دەسەڵاتەكان تەزمین دەكات و رێگە لە خۆسەپێنی و قۆرغكردنی قودرەت و دەسەڵات دەگرێ لەلایەن پێكهاتە، تەیف یان پارتێكی تایبەتەوەو رێگە نادا مافی كەمینەكان پێشێل بكرێ. بەتایبەت ئەم شێوە پرەنسیپ و كاركردنە لە دوای ئاڵوگۆڕی بنەرەتی، خزمەت دەكات بە رێكخستن و پێشخستنی وەڵات.

 ئێمەی كورد لە كوردستانی ئێران بەتایبەت لە ماوەی زیاتر لە 40 ساڵ كاری ئەحزاب، شاهێدی كۆمەڵێك كێشە و بگرەو بەردەی وەك شەڕی براكوژی، هەوڵ بۆ حەزفی ئەحزاب و دروست كردنی تەفرەقە و خزمەت بە لەیەكترازان لە ئەحزابی بەرامبەر، دروست كردنی شایەعات و سەمپاشی لەدژی یەك و... كە ئەمانە جۆرێك لە بێ متمانەیی و بەدبینی بەرامبەر بە یەكتری لا دروست كردوین. لە وەها كاتێكدا باشترین رێكار بۆ رەوینەوەو كەمكردنەوەی بەدبینیەكان و دروست كردنی متمانە لە پێوەندی و كاركردنی هاوبەشی ئەحزاب دا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ رێكەوتنی گشتی و تەوافوق. هەر بۆیە سازمانی خەبات لە دروست بوونی ناوەنددا هەوڵی ئەوە بوو تەوافوقی گشتی لەسەر بابەتەكان ببێتە بنەمای كاری ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران. ئەو پرەنسیپەش رەزامەندی گشتی و رێكەوتنی لەسەر كرا هەتا ئەوەی كە وتووێژەكان (لەدوای پێداگری ئەو لایەنانەی دیكە لەسەر چەند خاڵێك و رازی نەبوون بە پێشنیارەكانی سازمان) بە بن بەست گەیشت. ئەو بەرێزانە لە تەوافوق پەشیمان بوونەوەو پەنایان بۆ بابەتی زۆرینە و كەمینە برد و تەوافوقی گشتیان كە پێشتر لەسەری ساخ ببوونەوە، پێشێل كرد. ژێر پێ نانی تەوافوق و رێكەوتنی گشتی كە لە بنەماكانی كاری ناوەندی هاوكاری بوو، هیچ دەرەتانێكی بۆ سازمانی خەبات نەهێشتەوە جوێ لە كشانەوە لە كاری هاوبەش لەگەڵ ئەو لایەنانە و هەڵوەشانەوەی ناوەندی هاوكاری.

لە لایەكی دیكە ئەو  پێنج لایەنەی كە پێكهێنەری ناوەندی هاوكاری بوون مەبەستیان لە پێكهێنانی ناوەندی هاوكاری بۆ كاری هاوبەش و هاوكاری و تەفاهوم و لێكحاڵی بوون بوو لەسەر بنەما و خاڵە هاوبەشەكان، نەك تەمرین كردنی زۆرینە و كەمینە و سەپاندنی دروشمەكان بەسەر یەكتردا. بێگومان هیچ سازمان و حیزبێكی سیاسی بە بەرنامە و ئوسول ناچێتە نێو یاریەكی لەو شێوەیە كە بەناوی زۆرینەو كەمینەوە ئیبتیكاری عەمەل و ئیرادەی لێ زەوت بكرێ. 

 لە دوای ئەوەش بەپێی رێنوێنی بەرێز كاك بابەشێخی حسێنی سكرتێری گشتی سازمانی خەبات كە لە پلینۆمی سێهەمی سازماندا پێشكەشی كردو پەسەند كرا، سازمانی خەبات ئامادەیە بۆ هەر جۆرە كارێكی هاوبەشی گشتگیری هێزە كوردستانیەكان لە پێناو قازانجە نەتەوەییەكان و بەدوور لە هەر جۆرە خۆسەپاندن و خۆفەرز كردنێك.

 

 سازمانی خەبات تەوافوق بە یەكێك لە بنەماكانی چەسپاندنی دیموكراسی بۆ داهاتووی كوردستان دەزانێ و لە كاتێكدا تێكڕای پێكهاتەو چین و توێژەكان خۆ لە سیستەمی بەرێوەبەریدا بە شەریك و هاوبەش دەزانن كە بە كردەوە بەشداریان پێ بكرێ لە پرس و بابەتەكاندا. هەر بۆیە پرەنسیپی زۆرینە و كەمینە بۆ ئێستا و داهاتووی كاری ئێمە نەك سەركەوتوو نابێ بەڵكوو زیانیشی بۆ كۆی كارەكانمان دەبێ و ئەگەری دووبارە كردنەوەی ئەزموونی شوێنی دیكە لە كوردستانی ئێران زیاد دەكات. ئەو لایەنانەی ئەگەر باوەریان بە دیموكراسی هەبێ هەوڵ دەدەن هەزمی هێز و لایەنە سیاسیەكانی گۆڕەپانی شۆرشی كوردستان بكەن نەك بە زۆرینە و كەمینە دروشمە تایبەتەكانی خۆیان بسەپێنن، كە هەنگاوی لەو شێوە نە لە رابردوودا هیچی لێ شین بووە نە لە داهاتووشدا هیچی لێ شین دەبێ.
ڕێکه‌وت: 2019-01-01 08:55:07
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی