له‌سه‌رهێل 26
سێ‌شه‌مه 21 گه‌لاوێژ 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
شەهید عەلی مەلایی

سەروەری گەل شەهید عەلی مەلایی- به‌خامه‌ی ڕه‌نگینی مامۆستا په‌ژارڕۆڵەی شیرین و كۆرپەی نەخشین لە ئامێزی دایك و باب دا چ جوانە و چ لەبەر دڵانە. نابینی چۆن بە دەست دەیپارێزن و بە چاكی ئاگاداری لێدەكەن. دەی لاوێننەوەو بە هەموو كرانێك دەی وێننەوە. چەندەیان لەبەر دڵانەو چەندەیان پێ جوانە، كاكۆڵی بە شانە دادێنن و بە كەلانكەی شین لە چاوی بەدی بەدوور دەكەن حەتا پشمی ئەڵاخێری بۆ دەكەن و لەگەڵ هەر قرپەیەك كە دەیداتەوە نۆشی پێ دەڵێن. هەر ڕۆژێ كە قسەیەك فێردەبێ، شادییەك دەخاتە دڵی خێزانەوەو كە كارێك دەكا پرسەی پێكەنین دەخاتە ماڵەوە. دانیشتنی لەبەر چاوان جوانەو ڕۆیشتنی جوانتر. كە دەڵێ دایی گومبەزەیی سینەی دایك بە دایك قوربانت بێ دەنگ دەداتەوە كە دەڵێ بابە بەگیانی بابە وەڵام دەدرێتەوە، ئاوا بەخێو دەكرێ و بەناز بەڕێوە دەبرێ. نازی دەبوورێ و گڕوی چارەسەر دەكرێ. ئەو كۆرپە شیرین و جوانە هەڵ دەدا و تووڵی ڕادەكێشێ و قاشی بەڕۆیی دەكشێ و بەخۆ دادێ وباردێ. هیوای دایك و بابانە و فریادڕەسی داگەین و دامانە. هیوایی ڕۆژی تەنگانەیەو مەترسی داگیركەرو بێگانەیە. ئەو كۆرپە نازدارەی دایك وبابان، هیوای ڕۆژی تەنگانەی دایك و بابانە. خۆ تەنگانەی دایك و باوكان هەر ئەو تەنگانەیە كە لەگەلی كوردی چارەڕەشە. تەنگانەی كورد یەكەو هەموو تەنگانەی گەلەكەمان لەو تەنگانەوەیە، ئەویش دەردی بێگانەیە، ئەو بێگانەی كە هەر جارەو لە پێستێك دا خۆی دەردەخاو كردەوەو دڵی ناگۆڕێ و ڕەشەو ڕەش هەر ڕەشە و چاوچنوك و بەرچاو تەنگە. چاوی تێر نابێ بە بەشی خۆی و پەلاماری ئەموو ئەو دەدا كێ بێ دەستی درێژی كۆتا كا. كۆڵە مستی پڕ لە سینگی خوێن و ژان بدا. جوێ لەو ڕۆڵە نازدارانە كێ هەیە ئەركی پڕ لە شانازی شۆڕش و خەباتی پێ بسپێردرێ جوێ لەو خۆشەویستانە؟ كێیە كە سوور خەڵاتی شەهادەتی لێ دەوەشێتەوە جوێ لەو ڕۆڵە شیرینەی كە سەرگۆنای وەك و هەڵاڵەی سەر گۆڕی شەهیدانە. بەڵێ بەرخی نێر بۆ سەر بڕینەو بێچوە شێر بۆ ڕۆژی تەنگانەیە. كێیە كە بە ورەی گیانی و بە سینەی فراوانی كوردستان بپارێزێ. كێیە كە خۆ بكا قۆچی قوربانی گەل و سەری بەرزی وەهێلێ بەبەرزی. جوێ لەو ڕۆڵە نازدارانەی لای دایك و بابان. ئەو نازدارانەی شایانی شانازین. دایك وباوكان كۆرپەی شیرینیان بۆ ڕۆژی تەنگانەی گەل دەوێ بۆیە بە دوو دەست كۆرپەكانی باوەشیان كە ئێستا بوونە شۆڕەلاو، پێشكەش بە سەنگەری خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی كورد دەكەن. كاتێك كە بۆ ناسیاوانی شەهید عەلی مەلایی قسە لە نازداری و خۆشەویستی دەكرێ لە لای دایك و باوكان بەر لە هەموو خۆشەویستان شەهید عەلی مەلاییان بە بەرچاو دادێ. شەهید عەلی مەلایی كە لە بنەماڵەیەكی كرێكار لە ساڵی (1347) دا لە شاری بانە لە دایك بوو. لە تەمەنی شەش ساڵیدا نێردرایە قوتابخانە و تاسێی ڕاهنمایی دەرسی خوێند. كاكە عەلی مەلایی هەر لە منداڵییەوە كوڕێكی ورد بوو. لە چۆنیەتی گەلی كورد و داگیركەرانی كوردستان، نیشتمانی خۆشەویستی ڕادەما. ئەوە بوو دڵی ڕانەوەستا كە چاوی لە ستەمی داگیركەران و لێقەوماوی چارەڕەشی گەلەكەی بێ. خۆی ڕانەگرت لە بەهاری ساڵی (1363) دا هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەكانی سازمانی خەباتەوە و دوای ڕاهێنان و بارهێنان، ماوەیەك لە بەشی چاپەمەنی دا كاری كرد. لە بەهاری (1364)چووە ناوڕیزی پێشمەرگەكانی هێزی شەهید سەید خەلیلەوە. شەهید عەلی مەلایی كە تەمەنی لە 17ساڵ تێنەپەڕی بوو، زۆر ئازاو بە جەرگ بوو هەموو دەمێك هەوڵی دەدا كە لە پێشمەرگە ناودارەكان نەمێنێتەوە. شەهید عەلی لاوێكی هێواش و ڕازدار بوو جێی متمانەی شۆڕش بوو. بە دڵ شۆڕش و خەباتی لەناو ڕیزی سازمانی خەباتی خوێناویدا خۆشدەویست. خۆ دودانی نەبوو لە ڕیزی پێشمەرگایەتیدا. شەهید عەلی لە كاتێك كە ببوە یەكێك لە جێی هیواو هومێدی سازمانی خەبات، بە داخێكی گرانەوە لە بەیانی23 ی ڕێبەندانی ساڵی 1364دا لە گوندی یاكووباوای دەشتە تاڵی بانە لە كاتی گەمارۆدانی ئاوایی لەلایەن پاسدار و خۆفرۆشەكانی ڕژیم و بەربەرەكانێی پێشمەرگەكان دا، عەلی مەلایی دەرباز نەبوو پێكراو بە پلەی شەهادەت گەیشت و چووە ناو كۆڕی شەهیدانی سوور خەڵاتی كوردستانەوە. ڕۆژی دوایی تەرمی پیرۆزی لە گۆڕستانی هەزار ساڵەی شوێ لە ناو ڕێزو ئیحتڕامی خەڵكی بە شەرەفی ناوچەوو مامۆستایانی خواپەرەست و ئازاو نەترس دا، خرا ناو باوەشی كوردستانی خۆشەویست و بە گیانی پڕ لە ئیمانی ئەو گۆڕستانەی كردە چراخان.

هەزاران سلاو لە گیانی پاكی شەهید عەلی مەلایی و گشت شەهیدانی سوور خەڵاتی كوردستان.

ڕێکه‌وت: 2020-04-01 02:09:22






شه‌هیدانی ڕێگای خه‌باتی کوردایه‌تی

هه‌موو جارێک پۆلێک له‌ شه‌یدانتان پێ‌ده‌ناسێین